خاوەندارییەتی قوتابی لە میوانەوە دەکاتە خاوەن ماڵ

خاوەندارییەتی قوتابی لە میوانەوە دەکاتە خاوەن ماڵ

 

(ماریا مونتسیۆری) پەروەردەكار و زانا و پزیشك و مامۆستای ئیتالی دەڵێ"هەرگیز یارمەتی مندالێك مەدە لەكارێكدا كە هەست دەكات خۆی دەتوانێت ئەنجامی بدات".

دەپرسین ئایا قوتابخانە دەتوانێ خاوەنداریەتی بۆ قوتابی دروست بكات" ؟
لە ناوونیشانی وتارەكە تێڕامانێك دروست دەبێت لامان ئایا قوتابی لە ناو پۆلدا وەك میوانێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە تەنها گوێگرە و زانیاری وەردەگرێ؟ یان وەك خاوەنێك دەتوانێ‌ بڕیار بدات و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ.؟
زۆرجاران لێرەو لەوێ لە قوتابخانەكان، یانیش لە پەروەردەكان وا لە قوتابی دەگەیەنرێت كەوا هەموو شتەكانی " پەرتووك، مێز، دیوار،پۆل، وایت بۆرد، كورسی. قوتابخانە بە گشتی بگرە زانیارییەكان كەپێی دەدرێت هی كەسێكی ترە یان هی " حكومەتە، یان مامۆستا، یان بەرێوەبەر، یان هی قوتابخانەكەیە" قوتابی وەكو مێوان تەماشا دەكرێ و ئەو چەند ساڵە دەخوێنێ و ئیتر تەواو، هیچ بەرپرسیاریەتی و خاڵی هاوبەش و یەكتر بەستنەوەیان نییە، لەگەڵ پێداویستییەكانی قوتابخانە. بێگومان ئەو هەستە وا لە قوتابی دەكات كە خەمی پاراستنی قوتابخانە و كەلوپەلی نەبێت. كاتێك هەستی خۆماڵی و خاوەندارییەتی نامینێت، بێباكی و كەمتەرخەمی سەرهەڵدەدات، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە لەلایەن مامۆستایان و كارگێڕیی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە گرنگە وا لە قوتابی بگەینرێ و فێر ببێت، قوتابی لە كەسێكی گوێگر و میوان لە پۆل و قوتابخانە نەمێنێتەوە، بەڵكو خۆی خاوەندارییەتی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنەو خاوەنی ژینگەكەیە و هەر خۆی دەرئەنجامە لە كۆی پڕۆسەكە.
لە بیرمان نەچێت پەروەردەی ڕاستەقینە ئەوە نییە كە مێشكی نەوەكانمان پڕ بكەین لە زانیاری وشك، بەڵكو ئەوەیە كە كلیلی بەرپرسیاریەتیان بدەینە دەستیان و فێریان بكەین كە هەریەكێكیان پارێزەری ئەو نیشتمانەن. سەركەوتنی هەر فوتابییەك سەركەوتنی كوردستانە.
قوتابی فێرببێ و بزانێ كە خۆی خاوەنداریەتی ژینگەكەیە و ڕێگا بە قوتابی بدرێت گۆڵ بچینێ دیوار پاك بكاتەوە، پۆلەكە بە خاوێنی ڕابگرێ و تابلۆیەك هەڵبواسێ. كە ئەو كارانەی ئەنجامدا هەرگیز ناهێلێ كەس پیس و پۆخلی بكات و هەست بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی دەكات و بەهی خۆی دەزانێ، هەروەها وا لە قوتابی بكرێت بە بڕیاردان و پێگوتن نەخوێنێ و بترسێ لە نمرە تا بخوێنێ، بەڵكو فێر ببێ زانیاری و بابەتەكان كەرەستە و بابەتی خۆتە بۆ ئەوەی لە داهاتوو كێشەیەكی كۆمەڵگەی پێ چارەسەر بكەی، پێویستە بیزانێ و ئەنجامی بدەی لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە قوتابی بەشدار بێت لە ڕاوێژكردن و بڕیاردان.هەموو شتێكی بەسەر نەسەپێنرێت. بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی زیاتر بكات متمانەشی بەخۆی زیاتر دەبێت.
بۆیە لێرەدا گرنگە ئەو قوتابییەی ئەوڕۆ لە لە قوتابخانە فێر دەبێت، مێزەكە و كتێبەكە و قوتابخانەكە وەكو موڵكی پیرۆزی خۆی بپارێزێت. سبەی یان دووسبەی كە دەبێت بە پزیشك، ئەندازیار، مامۆستا، بەرێوەبەر، فەرمانبەر،یان هەر پلەیەک ئەوكات بە هەمان هەستی خاوەندارییەتی خزمەتی نیشتمانەكەی دەكات وبەرامبەر ئەرك و بەرپرسیاریەتی "بێخەم و كەمتەرخەم و بێباك" نابێت.
پەروەردە ئەلێرەوە دەست پێدەكات لە گۆڕینی (ئەوان)بۆ(ئێمە) گۆڕینی(موڵكی گشتی) بۆ (موڵكی من و تۆ) تا گۆڕانكاری جوان لە ناو پۆلەكان و قوتابخانەكان هەبێت و قوتابی خاوەندار و خۆماڵ و بەرپرسیار بێت و ئەو كاتە كۆمەڵگەش وشیارتر بە ئاگاتر دەبێت و هەردەم پارێزەری نیشتمان دەبێت.
كۆتایی وتارەكەم بەوتەی فەیلەسوفی گەورەی ئەمریكی "جۆن دیوی" دەهێنم كە دەڵێ" پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، بەڵكو خودی ژیانە"

(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top