سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن بەڕێز عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن بەڕێز عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون کردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئامانجی سەردانەکەشیان ڕاگەیاند کە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی ئەمنیی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابینکردنی گەرەنتیی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، بەدەستیان هێناوە و هیوای بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی لەنێوانیاندا خواست، لەپێناو نەهێشتنی بۆشاییی ئەمنی لەو ناوچانەدا کە جموجۆڵی تیرۆریستانی تێدایە؛ هەر لەو ڕووەوە، ستایشی هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەلزەیدی و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەولێر ـ بەغدای کرد.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ئەو هەوڵانە کردەوە و بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات، لە قەڵەمی دان.
دووپاتکردنەوەی پێویستیی پلانی هاوبەش و هاریکاریی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو کە بەڕێز سوپاسالاری پێشمەرگە، ئامادەی بوو.
