ڕوانگە و هیوایەک بۆ هەمووان

ڕوانگە و هیوایەک بۆ هەمووان


دەزگای ڕوانگە لەئێستادا بۆتە هیوایەک بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی . کارەکانی ڕوانگە خزمەتێکی گەورەی بە کۆمەڵگە کردووە لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا.
لەم ماوەیەدا ڕۆژانە کار و چالاکی جۆراوجۆری ڕوانگە دەبینین هەرجارەو لەبوارێک خزمەتێکی گەورە بەم هەرێمە دەکات. ئەوەی جێی خۆشحاڵیە ڕوانگە بووە بە ڕێکخراوێکی گشتی لە کوردستان و بەبێ جیاوازی دەنگ و ناوچەکان خزمەت بە توێژە جیاوازەکان دەکات . ڕۆژێک لە هەڵەبجەی شەهید و ڕۆژێک لە گەرمیانی ئەنفالکراو و ڕۆژێک لە شێخ وەسانانی کیمیابارانکراو ڕۆژێک لە بواری شعر و هونەر و ڕۆشەنبیری خزمەت بەم هەرێمە دەکات ، ئەم کارانەی ڕوانگە مایەی شانازی گەورەن بۆ داهاتووی کوردستان و نەوەی داهاتوو چونکە دەزگای ڕوانگە وەک یەکەم ڕێکخراوی کوردی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە مەیدانی خزمەت بووە لەکاتی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان توانی دڵی سەدان خێزانی لێقەوماوی ئەنفالکراو لە خەمی لافاو ڕزگار بکات و بەهانایانەوە بچێت ئەمەش هەنگاوێکی گەورەی ڕوانگە بوو بۆ سەلماندنی خزمەتکردن بە کوردستان، لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت ڕوانگە لەوێ بوونی هەیە . لە پرسی ژینگەی کوردستان ڕوانگە وەک ڕێکخراوێکی خۆبەخشی توانی هەزاران نەمام لەدەوروبەری هەولێر بڕوێنێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست لە شار ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گوند و دێهاتی کوردستان لە ڕێگەی ڕوانگە سوودمەند بوون لە وزەی پاکی ڕووناکی ئەمەش هەنگاوێکی باش بوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و بوونی کارەبای بەردەوام لەڕێگەی وزەی خۆر . دەزگای ڕوانگە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆش بەردەوام لە خزمەت کۆمەڵگەی کوردی بووە ، لە ڕێگەی کار و چالاکیەکانی توانیویەتی متمانە و دڵسۆزی خەڵکی سەرجەم شارەکانی کوردستان بە دەست بهێنێت چونکە کارەکانی خزمەتی کۆمەڵگە و داهاتووی کوردستانن ، لەڕێگەی ئەو کارانەی کە دەزگای ڕوانگە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی ئەنجامی دەدات توانراوە دڵی سەدان کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەی بێ سەرپەرشتان خۆش بکات ، لەبەر ئەم هۆکارانە ڕۆژ بە ڕۆژ دەزگای ڕوانگە پێگەی گەورەتر دەبێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا. لە ڕووی نەتەوەییەوە دەزگای ڕوانگە وەک ڕێکخراوێکی کوردی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی توانیویەتی چەندین پڕۆژەی گەورەی هەبێت بەتایبەتی لەڕووی کۆکردنەوەی ڕۆشەنبیران و ناساندنی بەرهەمەکانیان و خزمەتکردنیان لەبواری نەتەوەییەوە. ئەم کار و چالاکیانەی کە ڕوانگە وەک ڕێکخراوێکی کوردی ئەنجامیاندەدات دەنگدانەوەی زۆری هەیە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا .
ڕۆژانە بە پڕۆژەی تازەو بە پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی گەنجی نیشتیمانمان ئیدریس نێچیرڤان بارزانی تازەگەری یەکجار زۆری بەخۆیەوە دەبینێ و بەردەوامیش پڕۆژەو کارەکانی لای خەڵکی و لە سۆشیال میدیا دەستخۆشی لێ دەکرێ. هەر ئەم کارو چالاکیانەی ڕوانگە وایکردووە کە هەموو لایەک بە شانازی و ڕێزێکی گەورە وەسفی بکەن لە گفتوگۆکان، هەروەک بینیمان پارێزگاری هەڵەبجە بە سوپاسەوە باسی خزمەتکردنی هەڵەبجەی شەهیدی کرد لەلایەن دەزگای ڕوانگە و سەرۆکی دەزگای ڕوانگەی بە گەنجی نیشتیمان وەسفکرد لە پایەی ئەو کار و خزمەتانەی پێشکەشی کردوون لە بوارە خزمەتگوزاریەکان و مرۆییەکانی کۆمەڵگەکەمان، لێرە بە پێویستی دەزانم کە بڵێم بوون و وجودی ئەم ڕێکخراوە گشتگیر و کوردستانیە بە پێویست دەزانم بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگەی کوردی ، چونکە ئەم هەرێمە پێویستی بە هەموومانە بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش بچێت و زیاتر گرنگی پێبدرێت. دەزگای ڕوانگەش بە کار و پڕۆژە و چالاکیەکانی توانیویەتی بەشێک بێت لەو خزمەتەی بە کوردستان دەکرێت. هەمیشە جێگای شانازیە گەنجێکی خەمخۆری وڵات بەردەوام لە هەوڵ و نوێگەری بێت لەم هەموو بوارە جیاوازانە .
ئەم نووسینەی منیش وەک ڕۆژنامە نووسێک و چاودێرێکی بەردەوامی دۆخی کوردستان و هاوڵاتیێکی ئەم هەرێمە بە ئەرکم زانی لەڕێگەی ئەم چەند ڕستانە کە هێشتا پڕ بە پێستی ئەم دەزگایە پڕ وزە و چالاکە نیە کە کاری خزمەتکردن بە گەنج و هاوڵاتی و لێقەوماوان دەکات جگە لە بەرەو پێشتر بردنی هونەر و وێژەی کورد. دەکرێت وەک هیوایەک بێت بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان تاکو لە داهاتوودا بەبۆنەی کارەکانی ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست تر و پڕ لە گەنجی دڵسۆز و لێهاتووی خۆماڵی بنیات بنرێت ، دەشێ ئەم هەنگاوانە هۆکارێک بن تاکو هەموومان وەک تاکێکی کورد هاندەر و پاڵپشتی کار و پڕۆژە و چالاکیەکانی دەزگا ڕوانگە بین ، چونکە لە دەرەنجامی کارەکانیان بۆ سوودی گشتیە و هەنگاونانە بەرەو باشتر لەسەر بنەمای دڵسۆزی و خۆبەخشی بۆ خزمەتکردن بە کوردستان.

Top