خولی هاوینەی قوتابیانی پۆلی 12 لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت

خولی هاوینەی قوتابیانی پۆلی 12  لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت

 

 

 

لە هەلومەرجی ئێستادا دەبینین و دەبیستین كە بەشداریكردنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 11 بۆ 12 لە خولی بەهێزكردنی هاوینە بۆتە ئەمری واقع و زۆرینەی فێرخوازان بە چەند وانەیەك بەشدار دەبن، ئەمە لە كاتێكدایە تەنیا 10 ڕۆژ دوای تەواوكردنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی پۆلی 11 ئەو جۆرە خولانە دەستپێدەكەن.

لێرە و لەوێ دەگوترێ بێ ئاگا لە لایەنە نەرێنییەكانی ئەو بابەتە، قوتابخانە لە ناوەندێكی پەروەردەییەوە كرایە مەیدانی نمایشكردن و بازرگانی، قوتابی هێشتا پشوویەكی بە مێشك و جەستەی نەداوە دووبارە دەچێتەوە بەر خوێندن، بە مەش فشارێكی زیاد لە پێویست دەخرێتە سەر قوتابی، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان شرۆڤەی زیاتری ئەو بابەتە دەكەن. 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

د. پەرێز یاسین حەمەد، ڕاهێنەری پەروەردەیی و سەرۆكی ڕێكخراوی خزمەتكاری پیرۆز، لە سەرەتای ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، نەریتێكی نوێ و ترسناكی ئەكادیمی باو پەیدا بووە. قوتابییان كە تازە تاقیكردنەوە كۆتایی پۆلی 11 تەواو كردووە، دوای دە رۆژ دەنێردرێن بۆ خولی بەهێزكردنی هاوینە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەهێزكردنی قوتابیان نییە بەڵكو شكاندنی قوتابیانە بەبێدەنگی. هەروەها گوتی: «بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئەم سیاسەتە لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە زیانبەخشە، لە ڕوانگەی پەروەردەیی و دەرونناسییەوە، قوتابییان پێویستیان بە ماوەیەك پشوو و چاكبوونەوەیە دوای ساڵێكی قورسی خوێندن و تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ، لە دوای پەستانی ئەكادیمی بەرچاو، ماندوویی دەروونی و جەستەیی. ئەم ماوە كورتەی نێوان كۆتایی تاقیكردنەوەكان و دەستپێكردنی خولی بەهێزكردنەوە، دەرفەتی زۆر كەم بۆ قوتابییان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دەروونی و جەستەیی ئامادەبن. بەڵكو ئەوەی لەو ساتەدا پێویستیان پێیەتی كات و پشوودانە. نە وانە، نە پەرتووك، نە پۆلی خوێندن. مێشك پێویستی بە وەستانی مانادار هەیە دوای ماوەی تاقیكردنەوە چڕەكان بۆ ئەوەی زانیارییە تازە بەدەست هێنراوەكان پرۆسێس بكات، بیچەسپێنێت و ڕێكیبخاتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی كیمیایی دەمارەكان كە فێربوونی داهاتوو ئاسان دەكات. دە ڕۆژ بۆ ئەم پڕۆسەیە بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە. بە ناردنی قوتابییان بۆ خولی هاوینە دوای تەنیا دە ڕۆژ، ئێمە فێربوونیان بەهێز ناكەین. چونكە فێربوون لەژێر فشاری دوای تاقیكردنەوەدا كاریگەری نییە، قوتابییەك كە لە خولی بەهێزكردنی هاوینەدا دانیشتووە، دوای دە ڕۆژ لە تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان، مێشكی لە ڕوانگەی فیزیۆلۆجییەوە بەرگری دەكات لە فێربوونی نوێ، نەك لەبەر ئەوەی تەمبەڵن یان بێهێزن، بەڵكو بەهۆی ئەوەی پەستانی درێژخایەن كاریگەریی لەسەر دەروون و جەستەی مرۆڤ هەیە.

ئەو قوتابییانە بە گشتی تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ١٨ ساڵدایە. كە قۆناغی هەرزەكارییە قۆناغێكە پێویستی بە سەربەخۆیی و ئازادی هەیە بۆ ئەوەی هەست بە بوونی خۆی بكات و كەسایەتی خۆی بسەلمێنێت لە دیاریكردنی ناسنامەی كەسێتیدا، ناسنامەیەك كە لە دەرەوەی پۆلی خوێندن درێژ دەبێتەوە. ئەوان پێویستییان بە بەسەربردنی كات لەگەڵ خێزان، بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشی و كۆمەڵایەتی، پەیوەندی كۆمەڵایەتییەكان، بۆ بیركردنەوەی داهێنەرانە، كە ڕێگەیان پێبدات لە دەرەوەی ڕۆڵی قوتابی بزانن ئەوان كێن.

ئێمە وەك شارەزا لە بواری پەروەردە دەزانین كە نیازی پشت ئەم خولی بەهێزكردنی هاوینە خراپ نییە. پەروەردەكاران، دایك و باوكان، پشتگیری لەم هەنگاوە دەكەن، بەڕاستی دەیانەوێت قوتابییان لە پۆلی ١٢ ئەنجامی باش بەدەست بێنن. ئەو هاندانە جێگای دەست خۆشییە. بەڵام گرنگیدان بە ئەنجامەكانی چۆنیەتی فێربوونی قوتابیان پێویستە وامان لێبكات بە شێوەیەكی تەندروست مامەلە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەین.

ئەوەی قوتابییان دوای تاقیكردنەوە كۆتاییەكانی پۆلی ١١ پێویستیان پێیەتی، ماوەیەكی ڕاستەقینەی چاكبوونەوەیە بەلایەنی كەمەوە چوار بۆ شەش هەفتە كە لە ئەركی ئەكادیمی ئازاد بن، ئازاد بن بۆ خەوی تەواو، بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و خێزاندا، بۆ بەشداریكردن لە چالاكییە جەستەیی و كۆمەڵایەتییەكانی ژیان، دوای ئەم ماوەی چاكبوونەوە، ئەگەر خولی بەهێزكردن بەڕاستی پێویست بوو، دەبێت دیزایین كراو بێت بۆ ئەو بابەتانەی كە قوتابی پێویستی بە پاڵپشتی و بەهێزكردن هەیە، نەك خوێندنی سەرجەم مەنهەجی دیاریكراوی پۆلی 12، ناوەڕۆكەكە بە ئامانجی لاوازییە تاكەكەسییە تایبەتەكان بێت نەك دووبارەكردنەوەی مەنهەجی فراوان.

ئەگەر كوالێتی وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندن لە مانگی ئەیلوول تا حوزەیران بە شێوەیەكی كاریگەر كار بكەن، ئەوا خولی بەهێزكردنی هاوینە زۆر كەمدەبووەوە. بۆیە چارەسەری ڕاستەقینە و بەردەوام لە زیادكردنی فشاری زیاتردا نییە دوای تاقیكردنەوەكان، بەڵكو لە وەبەرهێناندایە لە ڕاهێنانی مامۆستایان، گرنگیدان بە كوالێتی فێركردن لە ناو پۆل بە درێژایی ساڵی خوێندن. هەرچەندە مەبەستی پشت ئەم خولانە یارمەتیدانی قوتابیانە بۆ سەركەوتن لە پۆلی ١٢ بە تەواوی پێویستە ڕێزی لێبگیرێت».

عوبێد خدر گۆمەشینی سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «لەو ساڵانەی دواییدا بەشداری كردن لە خولی هاوینە بۆ قوتابیان بۆتە دیاردەیەك چەند سوودی هەیە، دوو هێندە زیان بە قوتابی دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی قوتابی‌ لە كاتی هاوین و پشووی هاوینەدا كە سێ مانگی بۆ دیاریكراوە، تاوەكو پشوو بە مێشك و جەستەی بدات، بە جۆرە پیشەیەك یان ئارەزوویەك خەریك بێت، نەك بەدرێژایی ساڵ دوای كۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن بەردەوام خەریكی خوێندن و نووسین و وانەكان بێت.

كاتێك لە سیستەمی خوێندن ساڵنامە دیاریكرا، هاوشان پشووی سێ مانگی هاوینەش دانرا، بەڵام چەند ساڵێكە قوتابیانی ئامادەیی دوای تەواوكردنی پۆلی 11 دەبێت خەریكی خولی هاوینەش بن، ئەمەش هەم لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و مێشكەوە كاریگەریی خراپی لەسەر توانا و وەرگرتن دەبێت، قوتابی تووشی دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقاندن دەكات، وەك ئەوەی پۆلی 12 چوونە زیندان بێت، نەك وەك ساڵێكی ئاسایی و پۆلێكی ئاسایی سەیری بكات.

 زۆربەی ئەو خولانەی دەكرێنەوە زیاتر بە مەبەستی بازرگانی و پارە كۆكردنەوەیە لە قوتابی و دایك و باوكی قوتابی، ئەگینا كتێبێكی 200 _ 250 لاپەڕەیی بە دوو وانەی هەفتەیەك و لە ماوەی دوو مانگ و سێ مانگ تەواو نابێت، گەر ڕۆژانە تەنیا لاپەڕەكان هەڵدەنەوە پێویستی بە چەند مانگە، بەداخەوە هەندێك لە سەنتەر و چەند مامۆستایەك بە مەبەستی پڕكردنی گیرفان و بازرگانیكردن، هەڵدەستن بە كردنەوەی خولی هاوینە، هەندێك سەنتەر كوڕ و كچ تێكەڵ دەكەن بە مەبەستی ڕاكێشانی قوتابیانی گەنج بۆ بەشداریكردن لە خولەكان، یان هەندێك بە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ وانەیەك دادەنێن، لە نێوان 200_ 250 هەزارە، گەر قوتابییەك لە چوار وانە بەشداری بكات، ئەوا دەبێت یەك ملیۆن دینار بدات، كە ئەمەش بۆتە هۆی بارگرانییەكی زۆر لەسەر خێزان و دایك و باوكان، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان، ڕێگری لەو خولانە بكەن، ڕێنمایی و ڕێسای تایبەتیان بۆ دابندرێت، چونكە ئەمە لێدانە لە ڕۆڵی ئامادەییەكان و ئەركی پەروەردەیی، لەبەر ئەوەی فەلسەفەی وەزارەتی پەروەردە تەنیا خوێندن و نمرە هێنان و پۆل بڕین نییە، بەڵكو بریتییە لە پەروەردە و فێركردن، هەروەها ئەو بابەتانەی بۆ قۆناغەكانی خوێندن دانراون ساڵانە تێچووی زۆری تێدەچێت، لە داڕشتنی بڕگە و بابەتەكان ڕەچاوی ڕیزبەندی بابەتەكان كراوە، هەر لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تاوەكو 12 ئامادەیی بابەتەكان تەواوكەری یەكترن، بۆ ئەوەی تاكێكی خاوەن زانست و زانیاری و لێهاتوو و پڕ لە مەعریفە بەرهەم بهێنێ، نەوەك تەنیا پۆلەكان ببڕێ و فێری بنەما رەفتاری و هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی نەبێت، بەڵكو بەمەبەستی پێگەیاندن و ئاراستەكردنییەتی بەرەو كەسایەتی بەهێز و دڵسۆز بۆ داهاتوو.

پێویستە قوتابی و دایك و باوك وشیاری هەبێت:

 فێرخواز دەتوانێت بە درێژایی ساڵ بابەتەكان هەزم بكات، نەوەك تەنیا دوو مانگ و سێ مانگ.

 خوێندن تەنیا نمرە هێنان و بڕینی پۆلەكان نییە، بەڵكو تێگەیشتن و فێربوونی بنەما زانستی و مرۆییەكانە.

 چاولێكەری كارێكی باش نییە، هەر كەسێك یان هاوڕێیەك بەشداری كارێكی كرد، تۆش لاسایی بكەیتەوە.

 خوێندن پێویستی‌ بە وەرگرتن و كۆگاكردنی زانیارییەكان هەیە لە مێشك، پێویستە كاتەكانی ژیانمان دابەش بكەین، سوود لە كاتەكانی خوێندن و پشوو و كات بەسەربردنەكان وەربگرین.

 با كتێب و بابەتەكانی خوێندنمان لا خۆشەویست بێت، نەوەك بەهۆی ترسی كەوتن و نمرە نەهێنان ڕقمان لە قوتابخانە و خوێندن نەبێت.

 بارگرانی خستنە سەر خێزان و دایك و باوك بێویژدانییە، چونكە دایك و باوك هەیە توانای دارایی خراپە، زۆرجار لە ناچاری بۆ ناردنی بۆ خولەكان دەبێت قەرز بكات، جگە لەوەی دەبێت كاتیان بۆ تەرخان بكەن بۆ هاتوچۆ و هێنان و بردنیان بۆ خولەكان.

 تۆی فێرخواز نەتوانی بەدرێژایی نۆ مانگ لە بابەتێك تێبگەی و زانیاری لێ فێرببی، هەرگیز بە دوو وانە یان سێ وانە لە هەفتەیەك بۆ ماوەی سێ مانگ لێی تێناگەیت.

 زۆرجار بەشداریكردن دەبێتە هۆی كاتكوشتن و چێژوەرنەگرتن لە پشوو و ئارەزووەكانت بۆ سەیرانكردن و سەردانی كەسانی نزیكت».

بارزان ڕەشید چالاكی مەدەنی و مامۆستای زانكۆ، لەلای خۆیەوە هێما بۆ ئەوە دەكات كە

«كردنەوەی خولەكانی هاوینە بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ لە كوردستان بووەتە نەریتێكی ساڵانە و دیاردەیەكی بەرچاو، ئەم بابەتە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، و هەڵسەنگاندنی بۆچوونی جیاوازی لەسەرە لێرەدا بە كورتی هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەم بابەتە دەخەمە ڕوو.

١. لایەنە ئەرێنییەكان:

 ئامادەكاری پێشوەختەیە قوتابیان دەتوانن پێش دەستپێكردنی ساڵی خوێندن، ئاشنایەتییەكی باشیان لەگەڵ بەشێكی زۆری مەنهەجەكەدا هەبێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێیان كەم دەكاتەوە.

قەرەبووكردنەوەی كەموكوڕی ساڵانی ڕابردوو، بنەمای بەهێز لە هەندێك ماددەدا (وەكو ماتماتیك و زانستەكان) زۆر گرنگە و خولەكان دەرفەتن بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنانە.

كات ڕێكخستن و ڕاهاتن لەسەر سیستەم، قوتابی لە كەشی تەمبەڵی هاوینە دەردێنێت و ڕایدەهێنێت لەسەر سیستمی خوێندن و پابەندبوون.

٢. لایەنە نەرێنییەكان:

 ماندوێتی پێشوەختە، پۆلی ١٢ پێویستی بە وزە و نەفەسی درێژ هەیە. كاتێك قوتابی لە هاوینەوە بەبێ پشوودان دەست پێ دەكات، ئەگەری زۆرە لە ناوەڕاستی ساڵی خوێندندا (كە كاتێكی زۆر هەستیارە) تووشی ماندوێتی و بێزارییەك ببێت كە وزەی پێ نەمێنێت.

بارگرانی دارایی لەسەر خێزانەكان دروستدەكات، زۆربەی ئەم خولانە ئەهلین و تێچوویەكی زۆریان هەیە، ئەمەش بارگرانییەكی گەورە بۆ سەر شانی كەسوكاری قوتابیان دروست دەكات و جۆرێك لە نایەكسانی پەروەردەیی لە نێوان قوتابیاندا دەخولقێنێت.

پشتبەستنی زۆر بە دەرەوەی قوتابخانە، ئەم دیاردەیە هۆكارە بۆ ئەوەی قوتابی لە كاتی دەستپێكردنی دەوامی فەرمیدا، بایەخی پێویست بە مامۆستای قوتابخانەكەی خۆی نەدات، چونكە پێشتر بابەتەكەی خوێندووە، ئەمەش زیان بە پرۆسەی پەروەردەی فەرمی دەگەیەنێت.

خولەكانی هاوینە بە تەواوی خراپ نین، بەڵام پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

پێشنیارم ئەوەیە كە باشترە هاوین بە تەواوی نەكرێتە خوێندن. قوتابی دەتوانێت تەنیا بۆ یەك یان دوو ماددەی سەرەكی یان قورس (كە پێویستی بە كاتی زیاترە) بەشداری خول بكات، و كاتی پێویستیش بۆ پشوودان و بارگاوی كردنەوەی وزەی خۆی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە زستانی پۆلی ١٢دا تووشی دابەزینی ئاست نەبێت».

 

خولی هاوینەی قوتابیانی پۆلی 12  لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
خولی هاوینەی قوتابیانی پۆلی 12  لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
خولی هاوینەی قوتابیانی پۆلی 12  لە ڕووی ئەرێنی و نەرێنییەوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
Top