دەوڵەت بونیاد نانڕێت بە زاڵ بوونی بەرژەوەندی حزبی

دەوڵەت  بونیاد نانڕێت بە زاڵ بوونی بەرژەوەندی حزبی

 

 

بەرژەوەندی راستەقینەی نەتەوەیی هەموو هێزە سیاسییەکان پابەند دەکات کە بەشداری دیالۆگ و گفتوگۆ بن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دەربازکردنی وڵات لە دۆخە ترسناک و مەترسیدارەکان لەهەر کات و ساتێک، کە هەڕەشە لە بوون و یەکگرتوویی و بواری کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکەی دەکات.

هەر لەو روانگەشەوە سەرۆک بارزانی لە پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆزدا داوای کرد سەرجەم لایانە سیاسیەکانی کوردستان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخی ئیستای کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ رزگار بوون لەم قەیرانە، بێگومان سەرۆک بارزانی هەردەم هەوڵەکانی بۆ یەکریزی نێوماڵی کوردستانیانە، و ئیستاش سەرجەم لایانەکانی هەستیان بەو بۆ چوونانەی سەرۆک بارزانی کردوە، کەوا کوردستان پێویستی بەیەک ریزی و تەباییە.

دەشی بڵێین ئینتمای نەتەوەیی هەستێکە کە ناتوانرێت بچێنرێت و یان بەدەستی بهێنرێت، چونکە لە ساتەوەختی مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی دەکات دەبێ ئەو هەستەی لا دروست بێت کە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەکانە.

ئاساییە ئەندامی هەر حزبێک بەرگری و پاڵپشتی لە حزبەکەی بکات، بەڵام حزبایەتی  کاتێک دور دەبێت لە هەستی و بەرژەوەندی نیشتمانی قێزەونە  لایەنگرانی کوێر دەکات بۆ هەموو شتێک جگە لە بەرژەوەندی حزبەکەی. لەوەش قێزەونترە کاتێک میللەت و نیشتمانپەروەری بەسەر دڵسۆزانی میللەت دا دەفرۆشێتەوە، لە هەمووی قێزەونتر کاتێک ئایین ببێتە ئەو زمانەی کە حزبایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکانی دەقۆزێتەوە، دوا ئەنجامیش قوربانیدانی دین و نەتەوە و نیشتمانپەروەری بێت لە پێناو حزب و حزبایەتیدا.

زاڵبوونی حزبایەتی بەسەر نیشتمانپەروەریدا، ڕاستییەکی ڕوون و حاشا هەڵنەگرە. ئەوانەی لە پێناو میللەتدا یەک دڵۆپ خوێنیان نەبەخشیوە و نەرشتووە، لە هەر کوێیەک بن، حزب بەبەردەوامی لە میللەت بە گرنگتر و باڵاتر و دەزانن. هیچ ناڕەزاییەکیان نییە بەرامبەر بە درۆکردن و ساختەکردن، ناڕەزایییان نییە لە شێواندن و زیانگەیاندن بە ناوبانگی میللەت، ناڕەزایەتیشیان نییە بەرامبەر بە چەواشەکردنی هاووڵاتیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان و هەڵخەڵانتنی هاووڵاتیان.

یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی هاوڵاتیبوون پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییانەیە و لە پێشینەدانیان و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییە خوارەوە وەک بەرژەوەندی کەسی و کوتلەیی و حزبی و تائیفییە لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەت. ئەرکی هەموو تاک و گروپ و مەزهەبێکە کە هاودەنگ بن بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەیییانە، گرنگ نییە لە نێوان خۆیاندا چەندە لە بیروبۆچوون و عەقیدە و ئایینەکاندا جیاواز بن. بە پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە بەرژەوەندی هەمووان بەدی دێت و بە لەدەستدانیان هەموو بەرژەوەندییەک لەدەست دەچێت.

بەرژەوەندی نەتەوەیی بەشێکی دانەبڕاوە لە بوون و هزری هەر هاوڵاتییەکی ڕاستەقینە، بەتایبەتی لە نیشتمانێکی ناوازەی وەک کوردستاندا.

بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئەرکێکی نیشتمانپەروەرانەیە، دەربڕینیشی بە ئاسانی بۆ هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر لە هەر کۆمەڵگایەک و لە هەر پێگەیەکدا دەستدەکەوێت. خێزانێک کە تیایدا هەر ئەندامێک هەوڵ بدات بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی باش بێت لە کۆمەڵگاکەیاندا، بەرجەستەکردنی بەها ئەرێنییەکانی وەک میانڕەوی، ناوەندگەرایی، لێبوردەیی، رەوشی باش، خۆشەویستی وڵات، دڵسۆزی بۆی، و ئازادی بوون لە حزبایەتی و توندڕەوی و پەیوەندییە دەرەکییەکان و پابەندبوون بە ئاسایش و سەقامگیرییەوە، خۆکارانە گوزارشت لە یەکەمایەتیکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دەکات.

یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانی، چوارچێوەی بەهای هەمەلایەنە و ئاماژەی ئەخلاقییە کە دەبێت ژیانی حزبی ڕێنمایی بکات، بەجۆرێک کە جیاوازی لە دیدگاکاندا وەک جیاوازی بەرنامەیی بمێنێتەوە کە کایەی گشتی دەوڵەمەندتر دەکات و ئەزموونی دیموکراسی بەرز دەکاتەوە. فرەیی سیاسی، کاتێک لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و باوەڕبوون بە بەرژەوەندی نەتەوەیی، دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی هزری.

دیالۆگی حزبی دەبێتە ئامرازێک بۆ یەکگرتن و گەشەسەندن، بەو پێیەی هێزە سیاسییەکان درک بەوە دەکەن کە یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرپرسیارێتییەکی پراکتیکییە کە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و توانای بەرزکردنەوەی کاروباری گشتییان لە سەرووی حیساباتی تەسکەوە دەست پێدەکات. کاتێک لایەنەکان لەم چوارچێوە نیشتمانییە گشتگیرەدا بەرەوپێش دەچن، بەشداری دەکەن لە دامەزراندنی کولتووری بەشداریکردن و پێشکەشکردنی لێهاتووییەکان و فراوانکردنی بنەمای هۆشیاری و بەشداری چالاکانە لە بنیاتنانی داهاتوودا، لەسەر بنەمای گفتوگۆ و هەمەچەشنی و یەکگرتن.

Top