سەرۆک بارزانى و دەستپێشخەرى و پەیامى تەبایی بۆ نێوماڵى کورد
دۆزى کورد و نیشتیمانەکەى لە نێو چەقڵى ململانێی و ئاڵۆزییەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، بەهۆیەوە دەیان ساڵە لەگەڵ هەڵکردنى هەر ڕەشەبا و گەردەلوولى گۆڕانکارى و شەڕى جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا ، پریشکى ئاگرەکە بەر گەلى کوردیش دەکەوێت ، لەگەڵ ئەوەى کورد خاوەن پرسێکى جیاواز و مافێکى رەوایە و زیاتر لەیەک سەدەیە خەبات و قوربانى لە پێناویدا دەبەخشێت بۆ گەڕاندنەوەى مافەزەوتکراو و داگیرکراوەکانى ، بەڵام زۆرجاریش هۆکارى نێوخۆیی و لێکترازان و ناتەبایی هۆکار بوونە کە دەستکەوتەکان و ئامانجەکان بکەونە مەترسىیی و بەلارێدا برۆن
بەتایبەتى لەم بەشەى کوردستان ، گەلى کورد زیاتر لە سێ دەیەیە ، خاوەن قەوارە ،پەرلەمان ، حکوومەت، هێزى پێشمەرگە ، چەندین دامودەزگەى فەرمییە لەڕووى بەڕێوەبردن و یاسایی و دەستوورییەوە ، لەو نێوەدا ئەوەى کێشەى سەرەکییە ، زاڵبوونى حەزى حزبایەتى و کەسییە بەسەر بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان و ئینجا ئەنجامەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنە ،ئەوەش وایکردووە کە لێکترازان و چەقبەستوویی سیاسى و بەسەر کورستاندا زاڵ بێت ، لەگەڵ هەموو ئەو گرژى و ساردییانە ، و لەهەمو قۆناغەکاندا ،سەرۆک مسعود بارزانى ، هەمیشە بەرۆحێکى باوکانە و کوردپەوەرانە و وەک ڕابەرێکى دڵسۆز نەک تەنها بۆ ئەم بەشە بەڵکو بۆ هەموو کوردستان ، بە پەیام و دەستپێشخەرییەکانى هەوڵى داوە ، نەک هەر تەبایی نێوماڵى کورد بەڵکو هەوڵى داوە بەستەڵەک و قەیرانە سیاسییەکانى تێکبشکێنێت و بەهەمووان بڵێت ، بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان ، پارێزگاریکردن لە قەوارەى یاسایی ودەستوورى کوردستان و خزمەتکردنى کوردستانیان لە سەروى هەموو بەرژوەندییەکى دیکەوەیە ، بەتایبەتى کە ئەوە نزیکەى دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تێدەپەرێت و تائێستا پەرلەمانى کوردستان کارا نەکراوە و کابینەى دەیەمى حکوومەتى کوردستانیش پێکنەهێنراوە ، لەکاتێکدا دەبوو لەمێژە دامەزراوە یاساییەکانى کوردستان کارى خۆیان بکردایە
ئەوەى لە قۆناغى ئێستاى گەلى کورد گرنگە و پێوستە زۆر هوشیارانە هێزولایەنە کوردستانییەکان مامەڵە بکەین و لە پەیام و دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک بارزانى تێبگەن و ئەو رەوشە ئاڵۆزەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە ، گرنگە بەلاپەرەکانى مێژوودا بچینەوە و بزانین ، جارێکى تر نەخشەیەکى نوێی لە ناوچەکە لە ئارادایە و گرنگە نێوماڵى کوردستانى تەبا و یەکدەنگ بێت ، بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى هەموو ئەو هەڕەشە و ئاڵنگارییانە ببێتەوە کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى و مافەرەواکانى گەلى کورد ببتەوە و ئەرک و بەرپرسیاریەتییە مێژووییەکانى خۆى جێبەجێ بکات
بۆیە ، ئەم پەیام و دەستپیشخەرییانەى جەنابى سەرۆک بارزانى ، هەمیشە دووپاتى دەکاتەوە ، دەبێتە هۆى هەوێنى ئاشتى و تەبایی نێوماڵى کوردستان ، دوێنێ لە نێوان باکوورى کوردستان و حکوومەتى تورکیا و لە سوووریا و رۆژئاواى کوردستان ، هەروەها ئەو ڕۆڵە سەقامگیرەى کە لە پرۆسەى سیاسیی عێراقدا هەیانە، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى بە بێ بوونى بارزانى وپارتى و سەقامگیرى لە عێراق نایەتەدى . ئێستاش لە هەرێمى کوردستان ، دەرفەتێکى مێژوویی هاتۆتە ئاراوە تاوەکو هێزولایەنە کوردستانییەکان پەلە بکەن بۆ جێبەجێکردنى پەیام و دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک بارزانى ، بۆ ئەوەى پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە و حکوومەتێکى نوێی پێکبهێنرێت و چیتر دامەزراوەکانى کوردستان نەبنە قوربانى ململانێی سیاسى و حزبابەتى بەرتەسک و بەرژوەندى حزبى ، چونکە رەوشى ناوچەکە دەخوازێت بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەین و ڕەچاوى دەرفەت و مەترسییەکانیش بکەین بۆ سەر گەلى کورد و قەوارەى کوردستان
دەستپێشخەرى و پەیامى سەرۆک بارزانى ، پەیامێکى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرییە لە پێناو پارێزگاریکردن لە داوا رەواکانى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان و ڕێزگرتنە لەخەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە و خوێنى شەهیدانە ، چونکە سەرۆک بارزانى وەک خەمخۆر و دڵسۆزى ڕاستەقینەى نەتەوە کورد و بەتایبەتى باش ئاگادارە لە چ شوێن و کاتێکدا دەبێت دەستپێشخەرى و زمانە سیاسییەکەى بەکاربهێنێت . ئەوەى گرنگە و دەمێنێتەوە و زەروورەتریشە گشت هێزولایەنە کوردستانییەکان درنگ بەم قۆناغە مێژووییەى گەلەکەمان بکەن ، هەموو بەرژوەندییە تەسکى حزبییەکان و داواکارە زیادەکانیان کەمبکەنەوە ، کە بەدڵنییاییەوە هۆکارە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان
گرنگە و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى مێژووییە ،گشت چین وتوێژەکان پشتیوانى پەیام و دەستپێشخەرییەکى جەنابى سەرۆک بارزانى بکەن و لە پێناو ئەوەى هەر چى زووترە زەمینە سازى بکرێت بۆ کۆبوونەوەکان و گەڕانەوەى ژینگەیەکى پڕ لەمتمانە و سەقامگیر و کوردستانێکى بەهێزتر و گەشەسەندووتر ، چونکە لایی هەمووان روون و ئاشکرایە ، ئەو دەستکەوتانەى لە هەرێمى کوردستان بەدی هاتوون ، لە ئەنجامى خوێنى دەیان هەزار شەهیدى ئەم نیشتیمانەیە ، پێوەستە ڕێز لە خوێن یان و خەباتى دەیان ساڵەی گەلەمان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ حزب و لایەنێک مەترسى بخاتە سەر قەوارەى یاسایی و دەستووریی کوردستان و لەنێو ئەم دۆخە ناسک و هەستیار و پرگرژییەى ناوچەکەدا ، کوردستان زیاتر بەرەو گەشەسەندن و سەقامگیرى و پێشکەوتنى زیاتر ببرێت .

رێبوار حەمەلاو شوانی