شەرعییەتی دەستووری لە نێوان نەریتی تەواوکەر و نەریتی فاسددا: پۆستی سەرۆک کۆمار وەک نموونە

شەرعییەتی دەستووری لە نێوان نەریتی تەواوکەر و نەریتی فاسددا: پۆستی سەرۆک کۆمار وەک نموونە


لە فقهی یاسای دەستووریدا، نەریت وەک سەرچاوەیەکی نافەرمی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییە یاسایییەکان سەیر دەکرێت، بە مەرجێک نەبێتە هۆی پەکخستنی دەقە نووسراوەکان. لێرەدا دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان "نەریتی دەستووریی تەواوکەر" کە وەک ڕەفتارێکی بەردەوام و قبووڵکراو بۆ ڕێکخستنی پرسێکی بێدەنگ لێی لە دەستووردا دەردەکەوێت، و لە بەرانبەردا "نەریتی دەستووریی فاسد" کە بە ڕاشکاوی دژی بنەما چەسپاوەکانی دەستوور دەوەستێتەوە. دابەشکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا، لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا کێبڕکێ دەکات؛ ئەگەرچی وەک نەریتێکی سیاسی بۆ پاراستنی تەوازنی نیشتمانی دەبینرێت، بەڵام قۆرخکردنی بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ماددەکانی (١٤ و ١٦)ی دەستوور، کە یەکسانی و هەلی وەک یەک بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر دەکەن، بەمەش سیفەتی "نەریتی فاسد" دەگرێتە خۆی چونکە مافی پاڵاوتن لە پێکهاتەکانی دیکە زەوت دەکات.
لە ڕووی واقیعییەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە مافی کوردە؟ لە چوارچێوەی "تەوافوقی سیاسی"دا، ئەمە وەک دەستکەوت و زامنی مافە نەتەوەیییەکان سەیر دەکرێت، بەڵام لە ڕوانگەی یاسایییەوە، دەستوور و یاسای ئەحکامی پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠١٢، هیچ مەرجێکی نەتەوەیییان بۆ پاڵێوراو دانەناوە. کاتێک ڕێککەوتنی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی ماوە دەستوورییەکانی ماددەی (٧٢) بۆ زیاتر لە سێ هەفتە پێشێل بکرێن، لێرەدا "تەوافوق" دەبێتە ئامرازێک بۆ پەکخستنی دەستوور نەک جێبەجێکردنی. تانەدان لەم نەریتە لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵیدا، دەرئەنجامی ڕوونی دەبێت؛ بەپێی ئەو بنەمایانە دادگا جەخت لە "باڵادەستی دەستوور" و "دیاریکردنی دەسەڵاتەکان" دەکاتەوە، دادگا ناتوانێت شەرعییەت بداتە نەریتێک کە دژی دەقی نووسراو بێت. وەڵامی دادگا لەم حاڵەتەدا جەختکردنەوە دەبێت لەسەر ئەوەی کە پۆستە گشتییەکان بۆ هەمووانە و سندوقی دەنگدان و کێبڕکێی دیموکراسی تاکە ڕێگەی شەرعین، نەک پەنابردن بۆ نەریتە نادروستەکان کە وڵات بەرەو چەقبەستوویی دەبەن.

Top