بەشی چوارەمی زنجیرە درامای(lupin)نمایش دەكرێت
دوای سەركەوتنی زنجیرە درامایەكە كە بینەرێكی زۆری هەبوو,لە ئێستادا بەشی چوارەمی زنجیرە درامای(lupin) ڕاگەیەندرا,ئەم بەشە نوێیە لە 8 ئەڵقە پێكدێت و ئەستێرەی فەرەنسی (عومەر سی)پاڵەوانی نێو دراماكەیەو ڕۆڵی (ئاسان دیوپ)دەبینێت, بڕیارە لە 23ی ئۆكتۆبەر لە پێگەی دیجیتاڵی نێتفلیكس نمایش بكرێت.
زنجیرە درامای(lupin) باس لە كاری پۆلیسی و دزییەكی گەورە دەكات لە شاری پاریسی وڵاتی فەرەنسا,لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە درامایەدا (ئاسان دیوپ) دزییەكی گەورە ئەنجام دەدات,لە كەناڵ و ڕۆژنامەكان دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە كە ئاسان بە نیازە مروارییە ڕەشەكەی ناو مۆزەخانەی لۆڤەر لە كات و ساتێكی دیاریكراودا بدزێت,هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە كۆمەڵێك كەس كارەكە بە سەركێشی دەزانن و لە شوێنەكە كۆدەبنەوەو پاڵشتیی دەكەن,هاوكات لەپێناو پارێزگاری كەلوپەلی ناو مۆزەخانەكە پۆلیس و هێزێكی ئەمنی زۆر لە شوێنەكەدا كۆدەبنەوە,بەڵام ئاسان بۆئەوەی نەیناسنەوە جلوبەرگی سەربازی دەپۆشێت و خۆی تێكەڵی هێزێكی ئەمنیی ناو مۆزەخانەكە دەكات كە ئەو هێزە مەشقپێكراون و ئەوانیش دەموچاویان پێچاوە,لە كاتە دیاریكراوەكەدا ئاسان مروارییە ڕەشەكە دەبات و لەگەڵ زەنگی ئاگادركردنەوەكە شوێنەكە جێدەهێڵێت و دەڕوات.
بەڵام لە كۆتایی پلانەكانیدا ئاسان بۆی دەردەكەوێت كە ژیانێكی ئاسوودە و پارێزراو بۆ خێزان و هاوڕێكانی ئەوەیە قوربانی بەخۆی بدات,بۆیە ناچار خۆی ڕادەستی پۆلیس دەكات و ئاسان دەخرێتە بەندیخانەوە,بەم شێوەیە چیرۆكەكانی بەشی سێیەم كۆتایی دێت,هێشتا دیار نییە لە بەشی چوارەمدا ئاسان چەند لە بەندیخانە دەمێنێتەوەو چۆن دەتوانێت لە بەندیخانە ڕابكات.
لەم زنجیرە درامایەدا هەریەك لە عومەر سین بە ڕۆڵی (ئاسان دیوپ) و خانمە ئەكتەری فەرەنسی لودیڤین ساگنێر ڕۆڵی (كلێر لۆران) دەگێڕێت كە دەكاتە هاوژینی پێشووی ئاسان لە زنجیرە دراماكەدا,هەروەها سۆوفیەن گویراب و ئیتان سیمۆن و ماماداو هایدارا و ئەنتوان گۆی و شیرین بۆتێلا و هیرڤێ پێری و كلۆتیلد هەسمی و چەند ئەكتەرێكی دیكەی سینەمایی تێیدا بەشدارن.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
