تەحسین تەها؛ چریكەی سۆز و نۆتەكانی نیشتمانپەروەری
تەحسین تەها محەمەد سەلیم كە بە «تەحسین تەها» ناسراوە، لە ٢٥ی ئایاری ١٩٤١ لە گوندی «بیبۆ»ی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی لە خێزانێكی هونەردۆست و كوردپەروەر لەدایك بووە. باوكی شاعیر بووە و بەهۆی فەرمانبەرییەكەیەوە، خێزانەكەیان لە زۆرێك لە شار و شارۆچكەكانی دەڤەری بادینان ژیاون. ئەم گەڕانە وای كردووە تەحسین خوێندنی قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە ناوچەكانی مانگێش، باتووفە و دهۆك تەواو بكات. هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی گوتنی هەبووە و ژینگەی خێزانەكەی هاندەرێكی گەورەی بوون.
دوای تەواوكردنی خوێندنی ناوەندی، تەحسین تەها لە ساڵی ١٩٦٠ ڕوو لە شاری بەغدا كردووە و لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان وەرگیراوە، لەوێ نەك هەر فێری ژەنینی ئامێری عوود بووە، بەڵكو پڕۆڤەی چڕی لەسەر سترانبێژی كردووە. لەو ماوەیەی لە بەغدا بووە، هاتوچۆی ئێزگەی ڕادیۆی كوردیی كردووە و لە ساڵی ١٩٥٨دا یەكەمین گۆرانیی خۆی بە ناوی «ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دڵی» بڵاو كردووەتەوە، كە لە نووسین و ئاوازی خۆی بوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠، نزیكەی ١٢٠ گۆرانی لە ڕادیۆی كوردیی بەغدا تۆمار كردووە، بە گشتی خاوەنی نزیكەی ١٥٠ بەرهەمی هونەرییە.
تێكۆشانی سیاسی و خزمەتی پەروەردەیی كاروانی خوێندنی تەحسین تەها بێ گرفت نەبوو. بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانییەوە چەندین جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر كراوە و لە خوێندن دوور خراوەتەوە، یەكێك لە گرتنەكانی لە ساڵی ١٩٦٣دا بووە لەگەڵ كەسێك بە ناوی (عومەر)، بەڵام دواجار بەر لێبووردنی گشتی كەوتووە و لە هاوینی ساڵی ١٩٦٤دا خوێندنی پەیمانگەی تەواو كردووە. لە پاییزی هەمان ساڵدا وەك مامۆستای پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی دامەزراوە، لەوێ بووە بە هێنەرەری بزووتنەوەی شانۆ، و ماڵەكەی خۆی كردووە بە مەڵبەندێكی هونەری بۆ مۆسیقاژەنان. لە ساڵی ١٩٦٨ گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی «نموونەیی یەكەم» بووە بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، دواتر لە بەشی چالاكیی هونەریی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر بووە بە ڕاهێنەری مۆسیقا و نەوەیەكی فێری هونەر كرد. هەروەها وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی «تیپی هونەریی هەولێر» ڕۆڵێكی مێژوویی لە گەشەپێدانی هونەری كوردی و شانۆدا گێڕا.
ئاوازەكانی تەحسین تەها پتر لە مۆسیقای میللی و كەلەپووری نەتەوایەتییەوە سەرچاوەیان گرتبوو، ژیانی گوند و لادێ و هەستی ئەڤینداری و نیشتمانپەروەری بەسەر بەرهەمەكانیدا زاڵ بوون، زۆربەی ئاوازەكانی لەسەر مەقامی (بەیات) گوتووە، چونكە لەگەڵ دەنگە بەسۆز و خەمگینەكەیدا دەگونجا. لە نێو ئاوازدانەراندا زۆر سەرسامی «دڵشاد محەمەد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی» بوو، لە گۆرانیبێژەكانیشدا محەمەد عارفی جزیری، تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب پێشەنگی بوون. جگە لە گۆرانی، لە بواری ئۆپەرێتیشدا وەك ئەكتەرێكی سەرەكی لە كارە مەزنەكانی وەك «داستانی شۆڕش، ڕووباری ژیان، دەرگاكانی ژیان»دا بەشداریی كردووە، كە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٩ پێشكەش كران. هەروەها بەشێك لە گۆرانییە نیشتمانییەكانی وەك: ڕابە جوتیار، بەهدینان، چوومە زاخۆكێ، لە نووسینی باوكی بوون.
تەحسین تەها هونەرمەندێكی خاوەن هەڵوێست بوو، تەنانەت یەكەمین كۆنسێرتی خۆی لە دوای ڕاپەڕین لە ساڵی ١٩٩١ لە دهۆك ئەنجام دا. لەو سەردەمەی باری كوردستان سەخت بوو، ڕووی لە وڵاتی هۆڵەندا كرد و وەك ئاوارە لەوێ ژیا. بە داخەوە لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٩٩٥ لە نەخۆشخانەیەكی هۆڵەندا بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كرد. لە ڕێكەوتی ٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٥ تەرمەكەی گەڕێندرایەوە كوردستان و لە شاری ئامێدی، لە زێدی باب و باپیرانی، بە خاك سپێردرا، دواجار تەحسین تەها وەك میراتێكی هونەریی نەمر، بۆ گەلی كورد مایەوە.
