ئالین بۆ گوڵان:لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئافرەتانی کورد لە بواری هونەردا هەنگاوی گەورەیان ناوە
هونەر لە مێژووی گەلاندا تەنها ئامرازێک نییە بۆ جوانی، بەڵکو ناسنامە و مێژووی نەتەوەیەک لە خۆدەگرێت.
لەم بارەوە خانمە هونەرمەندی ڕۆژئاوای کوردستان ئالین لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان دەڵێ! لەنێو نەتەوەی کورددا، ئافرەتان تەنها وەک ئیلهامبەخشێک بۆ هونەر نەبینراون، بەڵکو خۆیان کارەکتەری سەرەکی، پارێزەر و داهێنەری ڕاستەقینەی ڕەهەندە جیاوازەکانی هونەر بوون.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت لە مێژوودا ئالین دەڵێ: ئافرەتانی کورد لە مێژوودا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی هونەری کوردی وەک لایە لایەی دایکان، حەیران، بەیت و بەستە فۆلکلۆرییەکان لە ڕێگەی دەنگی ئافرەتانەوە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر گواستراونەتەوە. لە سەردەمێکدا کە چاپ و تۆمارکردن نەبوو، ئەمە ئافرەت بوو کە ڕەسەنایەتی زمان و ئاوازی کوردی لە فەوتان پاراست. ناوی گەورە هونەرمەندانی وەک (مریەم خان، عەیشە شان) تەنها وەک گۆرانیبێژ نامێننەوە، بەڵکو وەک شۆڕشگێڕی بواری هونەر دەبینرێن کە لە نێو کۆمەڵگەیەکی داخراودا دەنگی کوردییان گەیاندە جیهان.
ئالین هەروەها دەڵێ: لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئافرەتانی کورد لە بواری دەرهێنان، نووسینی سیناریۆ و نواندندا هەنگاوی گەورەیان ناوە. ئەوان توانیویانە لە ڕێگەی شاشەی سینەماوە
چیرۆکی ژنانی نێو جەنگ، کۆچبەری و تێکۆشان بگێڕنەوە. بوونی دەرهێنەری ئافرەتی کورد لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هونەری کوردی بە دیدگایەکی مێینانە دەوڵەمەندتر بووە.
