ژنی کورد لەنێوان داخرانو کرانەوەدا
وێڕای هەموو هەوڵەکانی تایبەت بە کاراکردنی رۆڵی ژنانو وەدەستهێنانی مافەکانو بەشداری کارا لە کایەکانی ژیان، لەئێستادا ئافرەتانی کوردستان لەژێر نیری داخرانو ئامووری کرانەوەدا گیری خواردووە، بێگومان مانای نەبوونی هێڵی سێیەم نییە، کە دێینە سەری، بەڵام هیچ یەك لەو دوو تێڕوانینەی سەرەوە خزمەتی دۆزی ژن لە کوردستان ناکات.
مەبەستم لە داخران کەسانێکە هەموو دەرگاکانیان بە ڕووی ژنان داخستووە لە خوێندنو کارو هەموو دەرفەتەکانی خۆدیتنەوەی کەسایەتی ئافرەت وەکو ئەندامێکی بە تاسیر لە ژیاندا، ئەمەش هەندێکجار لەژێر پەردەی دینەو پابەندبوون بە ئایین دەکەنە دەرگایەک ڕووی ئاسۆکانی ئافرەتی پێ دادەخەن. هەندێکی دیکە کارەکە لەژێر هەژموونی نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئەنجام دەدەن، ئەمەش وەلاوەنانی ئافرەت وەکو ئامفەرینێکی کۆمەڵایەتیو بەرزی پێگەکەیان دەزانن، لەچوارچێوەی بێبەشکردنی کچ لە کۆمەڵە پرسێکی وەک دوورخستنەوە لە خوێندن، کە کلیلی کارەکانی داهاتووە، هەروەها بەشوودانی پێشوەختەو چەندان مامەڵەی دیکە.
لە بەرامبەر ئەو دووانە، تەوژمێکی دیکە هاتۆتە پێشو بەناوی کرانەوە ژنیان لە کەسایەتی ژنانە داڕنیوە، سەرباری ئەوەی ڕۆحی کوردایەتیان بەبەر نەهێشتووە، خستوویانەتە چواردیواری چاولێکەری بەردەوامو ڕاکردن لە ڕەگەزەکەی، لە جلکوبەرگەوە بگرە تا دەگاتە شێوازی ئاخافتنو ئەوجا نەزانینی کاروباری ژنانە.
ژنی کورد بە دەستگرتنی بە رەسەنایەتی کوردەواری، لەسەر هێڵی ناوەڕاستی نێوان هەردووکیان دەوەستێت، کە لە ڕابردوودا بەشی زۆری ژنی کورد بەشێوەی کردەیی ئەوەی پێڕەو دەکرد، دەکرێ بە شێرەژن ناوی ببەین، (ئێستا لە شارۆچکەی دیانا گەڕەکێك ناونراوە شێرەژن، پاشماوەی ئەنفالەکانن، کە مەردانە خۆیانو منداڵەکانیان ژیاندو سەریان بۆ کەسانی ناپاك نەوی نەکرد)، ژنی کورد، هاوشانو هاوبەشی پیاوان -بەپێی هەلومەرجی خێزانیان- هەموو ڕۆڵی مەزنی دەدیت، لە هەمان کاتدا وەکو ژن خۆی نمایش دەکرد، واتە هێزی خۆی لە ژنبوونەوە دەدیتەوە، نەك لەوەی لە مامەڵەو هەسوکەوتدا خۆی پیاوانە هەڵخات. پیاویش هەمیشە بەو گەورەییەوە تەماشای ژنی دەکرد. ئەو ژنانە حەزیان دەکرد پیاوەکانیشیان پیاوانە هەڵکەون، واتە لە کۆمەڵگای کوردەواری ژنی کورد حەزی دەکرد هاوسەرو کوڕەکانی مێرانە دەرکەونو مامەڵە بکەن، نەک لە دەنگو خۆڕازاندنەوە مامەڵەی ژنانە بکەن. ئەمەش نەك بە کەمزانینی مامەڵەی ژنانە بیت، بەڵکو وەکو تایبەتمەندی رەگەزەکان تەماشادەکراو هیچ یەکێکیش لەوەی دیکە کەمتر نابێت.
لە ئیسلامیشدا، ئەگەر دەقەکان لەژێر کاریگەری هەندێك دابو نەریت ڕزگار بکەین، هەمان ڕۆڵو پێگە دەداتە ژنان، دەکرێ نموونەیەك لە قورئانی پیرۆز بێنینەوە. ئوم سەلەمەی هاوژینی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) سکاڵا دەکات بەوەی بۆچی لە باسی کارو چالاکییە گەورەکانی وەك خەباتی چەکداری (جیهادکردن)و کۆچکردنو قوربانیدان تەنیا باسی پیاوان دەکرێو ڕۆڵی ژن نادیدە دەگیرێت. ئەمەش مانای وایە بەشێوەی کرداری ژنی مسوڵمان لە سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) شانبەشانی پیاوان جیهادی کردووە، کۆچی کردووە، شەڕی کردووە، قوربانی داوە، بۆیە پرسیارەکە دەربارەی بوونی ئەو کارانەو ڕێپێدانیان نییە، بەڵکو بۆچی باسی لێوە ناکرێت. لەسەر ئەوە ئایەتی قورئان دێتە خوارەوە، باسی گرنگترین ئەو کارە مەزنانە دەکات، کە ژنان هاوشانی پیاوان ئەنجامیان داوە، کە نەك ڕێگەیان لێ ناگرێو قەدەغەیان ناکات، بەڵکو باس لە پاداشتی مەزنیان بەرامبەر کارە مەزنەکانیان دەکات، وەك دەفەرمووێت: (فَٱسۡتَجَابَ لَهُمۡ رَبُّهُمۡ أَنِّي لَآ أُضِيعُ عَمَلَ عَٰمِلٖ مِّنكُم مِّن ذَكَرٍ أَوۡ أُنثَىٰۖ بَعۡضُكُم مِّنۢ بَعۡضٖۖ فَٱلَّذِينَ هَاجَرُواْ وَأُخۡرِجُواْ مِن دِيَٰرِهِمۡ وَأُوذُواْ فِي سَبِيلِي وَقَٰتَلُواْ وَقُتِلُواْ لَأُكَفِّرَنَّ عَنۡهُمۡ سَيِّـَٔاتِهِمۡ وَلَأُدۡخِلَنَّهُمۡ جَنَّٰتٖ تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ ثَوَابٗا مِّنۡ عِندِ ٱللَّهِۚ وَٱللَّهُ عِندَهُۥ حُسۡنُ ٱلثَّوَابِ) [آل عمران: 195] . واتە: "پەروەرێنیان ئاوا بە دەنگیانەوە هات، کە: من کردەوەی هیچ کەسێکتان - لە نێر و مێ - بە بێ پاداش ناهێڵمەوە؛ گشتوو لە لای من وەك یەکن. ئەو کەسانەی لە زێدی خۆ دەرکراون و لە ڕای من ئازاریان دیوە و چوونە خەزا و جەنگاون یان بە کوشت چووبن، بێ گومانە گوناهیان دەکوژێنمەوە و لە پاداشی کردەوەیان دەیانخەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا؛ کە ئەمە چاکەی خودایە دەربارەیان؛ کە پاداشی هەرەباشیش وا لای خوایە".
هەموو کارەکانی سەردەمی نووکەمان بەراورد بەو کارانەی قورئانی پیرۆز پاداشتی ژنانو پیاوانی لەسەر دەداتەوە هیچ نین، بەتایبەتی بەشداریکردن لە جەنگ ڕووبەڕوو و بە زەبری ملان بوو، مەترسی گەورە هەبوو بکەونە دەست دوشمنان، هەرچەندە بەشدارییەکە بە قۆناغ بوو، یەکەمجار زیاتر پشتیوانی خواردنو خواردنەوەو تیماری برینداران بوو، بەڵام کە کار لە کار دەترازا، ڕاستەوخۆ شمشێری بەرەو ڕووی دوژمنانیان بەرزدەکردەوە.
ئیبن عاشوور گەورە ڕاڤەکاری قورئان سەرنجێکی وردی لەسەر ئەوە داوەو جەخت لەسەر هەمان مەبەست دەکاتەوە کاتێك دەڵێت: "لەبەرئەوەی جیهادو جەنگان زیاتر دووبارە دەبوویەوە، ترسی ئەوە هەبوو ژنان وا گومان ببەن کە ئەوان هیچ پشکیان نییە لە گەیشتنە ئەو بەڵێنەی خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەران ڕایگەیاندووە، بۆیە ئایەتەکە ئەو گومانە لادەباتو ڕوونی دەکاتەوە ژنانیش بەشی خۆیان هەیەو ئەوانو پیاوان لە باوەڕهێنانو کۆچکردن لەگەڵ پیاوان یەکسانن، هەمان پاداشتی جیهادیشیان هەیە چونکە چارەسەری نەخۆشان دەکەنو تیماری برینداران دەکەنو سەربازان ئاودەدەن، مانەوەی گیانی مسوڵمانان پێویستی پێی هەیە، ئەمە تەنیا وابەستەی شەڕ نییە، کە دوژمنان لەناو دەبات".
ئیمامی ڕازیش سەرنجێکی وردی هەیەو ئێژێ: "ئەمە دەیسەلمێنێت لە گیرابوونو پاداشتدانەوەدا هیچ جیاکارییەك لەنێوان نێرو مێ نییە مادام وەکو یەك پابەندو گوێڕایەڵن، کەواتە جیاوازیکردن لە ئایین پەیوەستە بە کردارەکانەوە، نەك ئاکارو سیفاتی خاوەن کارەکان، چونکە لێرەدا بوونی هەندێکیان بە نێرو هەندێکیان بە مێ، یان لە خانەوادەیەکی دیارە یان بە پێچەوانەوە هیچ کاریگەرییەکی نییە".
بە کورتییەکەی لە دۆخی ئێستادا پێویستە کار لەسەر ڕزگارکردنی ژن بکرێت لەنێوان زیندانی پشت دەرگاکانو حەپسخانەی تەقلیدو چاولێکەری، ئەویش بە گێڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی کوردەواری ئاوێتە بە پەیامی خودا.
*مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ز. سەڵاحەدین- هەولێر.

د. جەعفەر گوانی