لاجان ماهیر: وەرزش بۆ منداڵی ئۆتیزم یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی ترس و مێشك بەهێز بكات
لاجان ماهیر ڕاهێنەری وەرزشی مەشق پێكراو لەلایەن پسپۆڕی پەروەردەی تایبەتی ئوردنی نێودەوڵەتی بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی تایبەت بە ئۆتیزم، شارەزا لە پڕۆگرامە جیهانییەكان «لۆڤاس-تیچ-پێكس-iep-Abllas-ABA «لە دیدارێك لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی خۆی لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم بە تایبەت لە بواری وەرزشدا بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پێویستە خێزانەكان منداڵە ئۆتیزمەكەیان قبوڵ بكەن وەك ئەوەی كە هەیە و خۆشەویستی بێ مەرجی پێشكەش بكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* وەك ڕاهێنەر ڕۆژانە تاچەند ڕووبەڕووی پرسیار و ترس و دڵەڕاوكێی دایك و باوكان دەبنەوە كە ترسیان لە ئۆتیزم هەیە؟
- ئێمە وەك ڕاهینەر كە لە بواری ئۆتیزم كاردەكەین، بەپێی ئەزموونی پیشەیی خۆمان ڕۆژانە لە لایەن دایكان و باوكان پرسیارمان ئاراستە دەكرێت، ئەو ترسان و نیگەرانییەشیان زۆر سروشتییە، بەتایبەتی كە هەوڵدەدەن زانیاری دەربارەی ئۆتیزم زیاتر بزانن. كە ئەمەش لایەنی هۆشیاری دایك و باوكان باشتر دەكات، گرنگ ئەوەیە بزانن كە زۆرێك لەو شتانەی كە وەك نیشانەی ئۆتیزم دەردەكەون بزانن و پێی ئاشنا بن، دەكرێت هۆكاری دیكەیان هەبێت یان چاودێریان باشتر بێت، بە گەشەی ئاسایی منداڵەكانیان پەیوەست بن. ئەگەر دایك و باوكێك نیگەران بن و هەست بە هەر نیشانەیەكی نامۆ بكەن لە منداڵەكەیان، باشترین كار ئەوەیە قسە لەگەڵ پزیشكی منداڵان یان پسپۆڕی گەشەی منداڵ بكەن.
* دەتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشانی ئۆتیزم بكرێت؟
- من بەشبەحاڵ خۆم وەك ڕاهینەری تایبەت بە وەرزشی جەستەیی تەنیا دەتوانم هەڵسەنگاندنی وەرزشی و جەستەیی بۆ منداڵانی ئۆتیزم ئەنجام بدەم، ئەویش لە ڕێگەی ئەبلس كە بەرنامەكی تایبەت بە ئۆتیزمە، دەستنیشانكردنی ئۆتیزم زیاتر لەسەر بنەمای چاودێریكردنی ڕەفتار و گەشەی منداڵ دەكرێت، بەڵام تەنیا پزیشكان و پسپۆڕان سەیری ئەو نیشانانە دەكەن كە پەیوەستن بە پەیوەندی كۆمەڵایەتی، قسەكردن و شێوازی دووبارەبووەوەی ڕەفتار، هەروەها چەندین ئامراز و پرسیارنامەی تایبەت هەیە كە یارمەتی دەستنیشانكردنەكە دەدەن، دواجار بڕیار تەنیا پزیشكی پسپۆڕی دەروونی دەیدات.
* ئایا لە هەلومەرجی ئێستادا ئۆتیزم جگە لە ڕاهێنان چارەسەری دیكەی هەیە؟
- سەبارەت بە چارەسەری ئۆتیزم چارەسەرێكی یەكجارەكی نییە، بەڵام دەكرێ بۆ یارمەتیدانی منداڵەكان و خێزانەكانیان لە پێناو باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە دەتوانن ئەم چارەسەرانە وەربگرن، كە بریتین لە:
• ڕاهێنانی قسەكردن و زمان، كە یارمەتی دەدات منداڵەكە زیاتر لە خەڵكانی دیكە تێكەڵی بكات و بیروڕاكانی دەرببڕێت.
• ڕاهێنانی پیشەیی، یارمەتی دەدات منداڵەكە فێری ئەو كارانە ببێت كە ڕۆژانە پێویستن، وەك خۆشۆردن و خواردن.
• ڕاهێنانی كۆمەڵایەتی، یارمەتی دەدات منداڵەكە فێری چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسانی دیكە و دروستكردنی پەیوەندی بكات.
• چارەسەری ڕەفتاریی (Behavioral therapy): یارمەتی دەدات لەسەر باشتركردنی ئەو ڕەفتارانەی كە كێشەن و فێربوونی ڕەفتاری نوێ.
هەروەها، گرنگە كە خێزانەكە پشتگیری و هاندانی باشی هەبێت، و زانیاری پێویست لەسەر ئۆتیزم وەربگرێت.
* تا چەند وەرزش سوودی هەبووە و یارمەتیدەرە بۆ منداڵی ئۆتیزم؟
- بە دڵنیاییەوە ڕاهێنانی وەرزشی سوودی زۆر هەیە بۆ منداڵانی ئۆتیزم. یارمەتیان دەدات لە باشتركردنی توانای جولە و هەماهەنگی، هەروەها دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی هەڵسوكەوتی دووبارە بووەوە و زیادكردنی تێكەڵاوبوونی كۆمەڵایەتی. وەرزش دەتوانێت یارمەتی كەمكردنەوەی ترس و باشتر بوونی هەستەكان بدات و مێشكیان بەهێز بكات.
* ئایا خێزانی ئۆتیزم چۆن و بە چ ڕێگەیەك دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو بارودۆخە بگونجێنن؟
- خێزانەكان دەتوانن بە چەند ڕێگەیەك خۆیان لەگەڵ ئۆتیزم بگونجێنن وەك ئەزموونی خۆم لەگەل ئەو خیزانانەی ڕاهینانم بە منداڵەكانیان كردووە. بۆ نموونە:
دەستخستنی زانیاریی دروست و ورد دەربارەی ئۆتیزم، وەك هۆكارەكانی، نیشانەكانی، و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵەكە. پشتگیریی خێزان و كۆمەڵگە، پەیوەندی كردن لەگەڵ خێزانەكانی تر كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، یان بەشداریكردن لە گرووپەكانی پشتگیری. ڕاوێژ و یارمەتی پیشەیی، سەردانی پسپۆڕان وەك (دەروونناس، یان ڕاهێنەر و زمانەوان) بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و چارەسەر. دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو ژینگەیەكی هێمن و بێ كێشە بۆ منداڵەكە، كەمكردنەوەی شڵەژان و زیادكردنی گەشبینی. پەرەپێدانی تواناكان و كاركردن لەسەر پەرەپێدانی تواناكانی منداڵەكە، وەك (توانای كۆمەڵایەتی، پەیوەندی، یان توانای فێربوون). داننان و قبوڵكردن، قبوڵكردنی منداڵەكە وەك ئەوەی كە هەیە، خۆشەویستی بێ مەرج پێشكەشی منداڵەكەیان بكەن. گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونی و جەستەییان، چونكە ئەمە یارمەتی دەدات بتوانن باشتر یارمەتی منداڵەكەیان بدەن.
* لایەنی پەیوەندیدار تاچەند هاوكار و یارمەتیدەری ئەو توێژەن؟
- حكومەت تا ڕادەیەك هاوكاری كردوون، بەڵام لەبەر هۆكاری بەردەوام زیاد بوونی ڕێژەی ئۆتیزم ئاماژە بە چەند خاڵێك دەدەم، ئەگەر ئەنجامبدرێت زۆر باشتر هاوكاری منداڵانی ئۆتیزم دەكات، حكومەت دەتوانێت بە چەند ڕێگەیەك هاوكاری منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم بكات، وەك:
• خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی، دابینكردنی دەستڕاگەیشتن بە پشكنینی زوو داواكاری، چارەسەری بەرفراوان (وەك چارەسەری ئاخاوتن، پیشەیی، و ڕەفتاری)، پشتگیریكردنی خێزانەكان.
• دابینكردنی پڕۆگرامی خوێندنی گونجاو لە قوتابخانە ئاسایییەكان یان تایبەتەكان، ڕاهێنانی مامۆستایان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێویستییەكانی منداڵانی ئۆتیزم، و دابینكردنی هاوكارانی پەروەردەیی.
• پشتگیریكردنی خێزان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ڕاوێژكاری، گرووپی پشتگیری و زانیاری بۆ خێزانەكان بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر ئۆتیزم بزانن و چۆن باشترین پشتگیری پێشكەش بكەن.
• هۆشیاركردنەوە ئەنجامدانی بانگەشەی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بۆ زیاتر تێگەیشتن و قبوڵكردنی منداڵانی ئۆتیزم و كەمكردنەوەی جیاكاری.
• پشتگیریكردنی توێژینەوە و وەبەرهێنان لە توێژینەوەی نوێ بۆ تێگەیشتنی باشتر لە ئۆتیزم و گەشەپێدانی چارەسەر و ستراتیژیی نوێ.
بەداخەوە لە هەموو سەنتەرەكانی تایبەت بە ئۆتیزم قەیرانی ڕاهینەر و پسپۆڕی هەرزەكار و گەورانمان هەیە، پێویستە سەنتەری ٢٤ كاتژمێری بۆ گەوران دابین بكرێت، ڕەنگە ڕیژەی ئۆتیزمەكەی مەترسی توندوتیژی بۆ سەر ئەندامانی خیزانەكەی هەبێت.
