د.عیسمەت محەمەد خالید وەزیری پێشووی پەروەردە و دامەزرێنەری زانكۆی دهۆك: دەبێت وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دەستتێوەردانی حزبی دوور بخرێنەوە و بدرێنە دەست كەسانی تەكنۆكراتی خاوەن دیدگا و پسپۆڕ

د.عیسمەت محەمەد خالید  وەزیری پێشووی پەروەردە و دامەزرێنەری زانكۆی دهۆك:  دەبێت وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دەستتێوەردانی حزبی دوور بخرێنەوە و بدرێنە دەست كەسانی تەكنۆكراتی خاوەن دیدگا و پسپۆڕ

 

 

د.عیسمەت محەمەد خالید، لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری پەروەردە بووە، هەروەها دامەزرێنەری زانكۆی دهۆكە لە ساڵی 1992 یەكەمین سەرۆكی زانكۆكەش بووە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی كەڵەكەبووی زیاتر لە 20 ساڵی لە سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا بەمجۆرە كەموكورتییەكانی دەستنیشان كرد و پێشنیارەكانیشی خستەڕوو.

 

دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە ئەم گفتوگۆیەی لەسەر ئەم پرسە گرنگە «خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە» ڕێكخستووە و ئەم پۆلە ئەكادیمیستەی پێكەوە كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕاشكاوانە گفتوگۆ بكەین و گرفتەكان دەستنیشان بكەین و ڕێگە چارەی گونجاویش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بخەینەڕوو.

 بێگومان لە هەموو قۆناغەكانی مێژووی گەلاندا، كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە بڕبڕەی پشتی گەشەسەندن و پێشكەوتنی كۆمەڵگە دادەنرێت. لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەرچی حكومەت و جەماوەر و مامۆستایان و قوتابیان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانە داراییەكانەوە ڕووبەڕووی فشارێكی دەروونی و ماددیی گەورە بوونەوە و بەرگەی سەختییەكانیان گرتووە، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی چاو لەو ڕاستییە تاڵانە بپۆشین كە جەستەی سیستەمی خوێندنیان لە هەرێمەكەماندا داڕزاندووە. ئەمڕۆ كاتێك لە ئاست و ئەدای زانكۆكان و پرۆسەی پەروەردە دەڕوانین، دەبێت بە ئازایەتییەوە ددان بەو ڕاستییەدا بنێین كە ئەو ئامانج و خەونانەی ئێمە بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەمان هەمانبوو، هێشتا نەهاتوونەتە دی و بگرە لە هەندێك جومگەدا بەرەو پاشەكشەی مەترسیدار ڕۆیشتووین.

ئامادەبوونی ئێمە بۆ قسەكردن لەسەر ئەم برینانە، هەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕابردوو نییە بۆ گلەییكردن، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكە. ئێمە زانكۆی زۆرمان هەیە، چ حكوومی و چ ئەهلی، نازناوی گەورە و «نێودەوڵەتی»مان بەسەر دامەزراوەكانمانەوە هەیە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكان ئەمانەن: ئایا ناوەڕۆكەكەش وەك ناوەكان گەورەن؟ ئایا كێشەكە تەنیا لە كەمیی كارمەند و مامۆستادایە، یان سیستمەكە خۆی تووشی ڤایرۆسی وەستان و چەقبەستوویی بووە؟ بۆیە هەوڵ دەدەم بە وردی دەست بخەمە سەر برینەكان و نەخشەڕێگایەك بۆ چاكسازیی ڕیشەیی پێشكەش بكەم.

یەكێك لە گەورەترین هەڵە ستراتیژییەكان كە لە سیستەمی حوكمڕانیی ئێمەدا بەدی دەكرێت، مامەڵەكردنە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك دوو دوورگەی دابڕاو لە یەكتر. مەحاڵە بتوانین زانكۆیەكی پێشكەوتوومان هەبێت ئەگەر بناغەی پەروەردەمان لە قوتابخانەكانەوە وێران بێت. ئەم دوو سێكتەرە، شانبەشانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەبێت وەك یەك پاكێجی تەواوكەر سەیر بكرێن.

لە ئێستادا زانكۆكانی ئێمە تووشی جۆرێك لە «ماندووبوونی بونیادی بوون. كاتێك دەڵێین زانكۆ ماندووە، مەبەستمان تەنیا بینا و دیوارەكان نییە، بەڵكو ڕۆحی زانستی تێیدا كز بووە. نە كاتی پێویست بۆ وانەوتنەوە ماوە، نە تاقیگەكان ڕۆڵی خۆیان دەبینن، نە مامۆستا و توێژەر دەتوانن بەپێی ستانداردە جیهانییەكان كار بكەن. قوتابی لەم پرۆسەیەدا تەنیا قۆناغەكان دەبڕێت، بەبێ ئەوەی ئەو زانست و مەعریفەیە وەربگرێت كە شایستەی بڕوانامەكەی بێت. بۆیە هەر هەوڵێك بۆ چاكسازی دەبێت لە گرێدانەوەی ئەم دامەزراوانەوە دەست پێ بكات. من وەك كەسێك كە ئەزموونی وەزیری پەروەردە و سەرۆكی زانكۆشم هەبووە، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ئەم قۆناغانە لە ئەستۆ دەگرم، بەڵام ئەمڕۆ هاتووم بڵێم: «نابێت چیتر درێژە بەم دۆخە بدەین».

لایەنێكی دیكە ئەگەر سەیری ئامارەكان بكەین، ڕەنگە ژمارەیەكی خەیاڵی لە توێژینەوەی زانستی و نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرا ببینین كە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام دراون. بەڵام پرسیارە كوشندەكە ئەوەیە: چەند لەم توێژینەوانە بوونەتە هۆی چارەسەركردنی كێشەیەكی كۆمەڵگە؟ چەندیان لەلایەن وەزارەتەكانی تەندروستی، كشتوكاڵ، یان پیشەسازییەوە سوودیان لێ وەرگیراوە؟

بەداخەوە، توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان لە ئامرازێكەوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و چارەسەری كێشەكان، گۆڕاوە بۆ ئامرازێكی بیرۆكراسیی ڕووت تەنیا بۆ بەدەستهێنانی «تەرقیە - Promotion»و بەرزكردنەوەی پلەی زانستی. مامۆستای زانكۆ ناچار دەكرێت، یان خۆی هەڵدەبژێرێت كە توێژینەوەكەی لە گۆڤارێكی بازرگانیی ئاست نزمدا بڵاو بكاتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بەڵگەنامەیەك بداتە لێژنەی بەرزكردنەوەی پلە. ئەمە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و كاتی زانایانە.

جارێكیان وەك هەوڵێك بۆ چاكسازی، بەرنامەیەكی تۆكمەمان دانا كە مەرج بوو توێژینەوەكان لە گۆڤارە جیهانییەكاندا بڵاو بكرێنەوە، كە خاوەنی «فاكتەری كاریگەری - Impact Factor» بن. سەرەتا چەند زانكۆیەك دەستیان پێكرد، بەڵام بەداخەوە، لەژێر فشاری زۆر و بەرژەوەندیی تەسكدا، دوای دوو ساڵ پاشەكشە لەو بڕیارە كرا. دەرەنجامەكەشی ئەوەیە كە ئێستا نەوەیەك لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵامان هەیە كە توێژینەوەكانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ بەهایەكی زانستییان نییە و ئەگەر بنێردرێن بۆ گۆڤارێكی ڕەسەن، ڕەت دەكرێنەوە. ئەم كەسانە دەبنە مامۆستا، دواتر پڕۆفیسۆر و نەوەی داهاتوو پەروەردە دەكەن، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی زانست لە كوردستان.

سەبارەت بە ناهاوسەنگیی بازاڕی كار و فەرامۆشكردنی خوێندنی پیشەیی، خاڵێكی دیكەی جەوهەری بریتییە لە نەبوونی پلاندانان بۆ بازاڕی كار. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، ڕێژەی خوێندنی پیشەیی سەرووی ٤٠٪ی قوتابیان پێكدەهێنێت، چونكە بازاڕ پێویستی بە تەكنیككار، وەستا و دەستی كار هەیە. بەڵام لە كوردستان، لەو كاتەی من وەزیر بووم، ئەم ڕێژەیە تەنیا ٣.٦٪ بوو، كە یەكێكە لە نزمترین ئاستەكان لە جیهاندا.

ئەمە وای كردووە ئێمە بۆ سادەترین كارە خزمەتگوزاری و تەكنیكییەكان (وەك دارتاشی، میكانیكی، چێشتلێنان، جوانكاری و.. هتد) پشت بە دەستی كاری بیانی ببەستین و پارە و سەرمایەی وڵات بچێتە دەرەوە. لە بەرانبەردا، هەموو گەنجی كورد خەونی ئەوەیە بچێتە زانكۆ، ماستەر و دكتۆرا وەربگرێت و ببێتە فەرمانبەر، یان مامۆستای زانكۆ. ئەم كەلتوورە هەڵەیە وای كردووە كە «بێكاریی شاراوە» دروست ببێت و خاوەن بڕوانامەكانمان زۆر بن، بەڵام بەرهەمدارییان كەم بێت.

 

دیارترین خاڵە نەرێنی و برینە قووڵەكانی جەستەی خوێندنی باڵا

ئەگەر بخوازین بە زمانی زانستی و وردبینییەوە دەست بخەینە سەر كێشەكان، دەتوانین لەم دە خاڵەدا كۆیان بكەینەوە، كە بە ڕاشكاوی ڕووی ڕاستەقینەی دۆخەكەمان نیشان دەدەن:

١. نەبوونی ستراتیژی و پلاندانانی دوورمەودا: سیاسەتی خوێندنی باڵا لەسەر بنەمای زانستی و پێداویستیی ڕاستەقینە دانەڕێژراوە. زۆربەی بڕیارەكان «ئان و سات»ن و كاردانەوەن بۆ كێشەیەكی كاتی، یان بۆ ڕازیكردنی شەقام و مەرامی سیاسی و ڕاگەیاندنن. فراوانبوونی زانكۆكان زیاتر «ئاسۆیی»یە (زیادبوونی ژمارە) نەك «ستوونی» (بەرزبوونەوەی كوالێتی).

٢. دووبارەبوونەوەی كوشندە: زۆربەی بەش و كۆلێژەكان كۆپیی یەكترن. ساڵانە هەزاران دەرچوو لە بەشە مرۆڤایەتی و تیۆرییەكان دەردەچن كە بازاڕ پێویستی پێیان نییە، لە كاتێكدا پسپۆڕییە دەگمەن و گرنگەكان فەرامۆش كراون.

٣. سیستەمی وەرگرتنی هەرەمەكی و كەلتووری «پشتبەستن»: شێوازی وەرگرتنی قوتابیان و پێدانی ئیمتیازاتی بێ بنەما، نەوەیەكی فێر كردووە كە هەمیشە چاوەڕوانی دەستی حكومەت بێت (الاتكالیة)، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرپرسیارێتی و كەمبوونەوەی ڕێزی پیرۆزی نێوان مامۆستا و قوتابی.

٤. پەتای بڕوانامە پەرستی: كۆمەڵگە تووشی نەخۆشییەك بووە كە بڕوانامە تەنیا بۆ «مەزهەر» و خۆدەرخستن و وەرگرتنی پۆست بەكار دەهێنرێت، بەتایبەت لەلایەن كەسانی دەسەڵاتدار و كەسوكاریانەوە، كە ئەمەش بەهای زانستیی بڕوانامەكەی لەكەدار كردووە.

٥. دەستتێوەردانی دەرەكی: زانكۆكان لەژێر هەژموونی دەستتێوەردانی حزبی و دەرەكیدا دەناڵێنن، كە ڕێگرە لەوەی بڕیاری زانستیی سەربەخۆ بدەن.

٦. فەرامۆشكردنی كادری ناوەندی: هیچ گرنگییەك بە پەیمانگە تەكنیكییەكان و پێگەیاندنی كادری ناوەندی (Technicians) نادرێت، كە بزوێنەری سەرەكیی ئابوورین.

٧. پێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕووی كارگێڕی و داراییەوە، یەكێكە لە لاوازترین ئەڵقەكانی نێو كابینەی حكومەت.

٨. ناوەندێتیی ڕەها (Centralization): زانكۆكان دەسەڵاتی پێویستیان پێ نەدراوە بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان و مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوەكانی دیكە، هەموو شتێك دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناوەندی وەزارەت، ئەمەش ڕۆتینێكی كوشندەی دروست كردووە.

٩. بڕیاری ناپسپۆڕ: دەرچوونی فەرمان و ڕێنمایی لە سەرچاوەی ناپسپۆڕ و ناشارەزاوە بووەتە هۆی دروستبوونی لێكترازان و كێماسی لە ئەدای زانستیدا.

١٠. پڕۆگرامی بەسەرچوو: مەنهەج و سیستەمی خوێندن كۆنن و لەگەڵ پێشكەوتنە خێراكانی تەكنەلۆژیا و زانستی سەردەمدا یەك ناگرنەوە.

نەخشەڕێگای چاكسازی و پێشنیارەكان

بۆ دەرچوون لەم تونێلە تاریكە و بنیادنانەوەی سیستەمێكی تەندروست، تەنیا ڕەخنەگرتن بەس نییە، بەڵكو دەبێت هەنگاوی كرداری بنێین. لێرەدا چوار پێشنیاری سەرەكی دەخەمە ڕوو كە دەكرێت ببنە هەوێنی چاكسازییەكی ڕیشەیی:

 پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵای پسپۆڕ: پێویستە توێژینەوەیەكی گشتگیر و بابەتییانە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا (حكوومی و ئەهلی) ئەنجام بدرێت. ئەم كارە دەبێت بە سپاردن بە لێژنەیەكی باڵای پسپۆڕ بكرێت كە سوود لە ئەزموونی ناوخۆیی و شارەزایانی بیانی وەربگرن، دوور لە موزایەدەی سیاسی، بۆ ئەوەی نەخشەڕێگایەك لەسەر بنەمای «پلاندانانی دروست» دابڕێژن.

 وەبەرهێنان لە چاكسازیدا: تەرخانكردنی بوودجە و پاڵپشتیی دارایی زیادە (زێدەكی) بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی چاكسازی. پارەدان بۆ پەروەردە خەرجی نییە، بەڵكو وەبەرهێنانە لە نەوەی داهاتوودا.

 شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و ئاسانكاریی یاسایی: پێشكەشكردنی ئاسانكاریی كارگێڕی و یاسایی بۆ زانكۆكان و دەستكراوەكردنیان لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی، بۆ ئەوەی لە كۆت و بەندی ڕۆتین ڕزگاریان بێت.

 دوورخستنەوەی دەستی حزب و پشكپشكێنە: ئەمە گرنگترین خاڵە. دەبێت وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە سیستەمی «پشكپشێنە» و دەستتێوەردانی سیاسی پاك بكرێنەوە. دەبێت بەڕێوەبردن بدرێتە دەست كەسانی «تەكنۆكرات»، خاوەن دیدگا و پسپۆڕ، نەك خاوەن پلەی حزبی.

لە كۆتاییدا دەمەوێت بە ڕاشكاوی بە سەرۆكایەتیی حكومەت و بڕیاربەدەستان بڵێم: ئەگەر پردێك بڕووخێت، دەكرێت چاك بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر نەوەیەك بە نەخوێندەواری و بێ مەعریفەیی پێ بگات، میللەتێك بەرەو هەڵدێر دەچێت. مرۆڤی شارەزا و داهێنەر سەرمایەی ڕاستەقینەی نیشتمانن. ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە بە جددی دەست بۆ برینەكان ببەین و چارەسەریان بكەین، پێش ئەوەی كار لە كار بترازێت. هیوادارم ئەم نووسراوە و دۆكیۆمێنتانە ببنە سەرەتایەك بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكە و بنیادنانی داهاتوویەكی گەش بۆ كوردستان.

Top