نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004ـدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و شەهیدانی ئەو رۆژەی بە "سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی کوردستان" وەسف کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوبات دەکەینەوە، ئەو رۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی و یەکێتییان لە هەولێر کردە ئامانج."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان بریتییە لە "پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان."
 
نێچیرڤان بارزانی داوا دەکات ئەم یادە بکرێتە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو رۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە رق و کینەیەکی رەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد.
 
شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.
 
باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.
 
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/2/1
 

Top