پ.د. كاروان محەمەد حەسەن لە سلێمانی: پێویستیمان بە پلانێكی وشیاریی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە خزمەتی مەعریفەدا بێت و نەبێتە بارگرانی

پ.د. كاروان محەمەد حەسەن  لە سلێمانی:  پێویستیمان بە پلانێكی وشیاریی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا لە خزمەتی مەعریفەدا بێت و نەبێتە بارگرانی

 

 

یەكێك لە دیارترین سیماكانی ئەم سەردەمە ئەوەیە كە تەكنەلۆژیا توانیویەتی دنیایەكی گەورە و پان و بەرین كورت بكاتەوە بۆ گوندێكی بچووك. ئەمڕۆ گواستنەوەی زانیاری لەم پەڕی دونیاوە بۆ ئەوپەڕی دونیا تەنیا چەند چركەیەكی دەوێت. ئێمە لەبەردەم لێشاوێكی گەورەی زانیاریداین، هەم دەتوانین بە ئاسانی زانیاری ببەخشین و هەم بە ئاسانییش زانیاری وەربگرین، بەڵام لە پشت ئەم ئاسانكارییە فیزیكی و تەكنیكییەوە، دیاردەیەكی نەرێنی سەری هەڵداوە كە مایەی نیگەرانییە. ئەویش ئەوەیە كە هەرچەندە پەیوەندییەكان خێرا بوون، بەڵام «پەیوەندییە ڕۆحییەكان» لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا بەرەو كاڵبوونەوە و نەمان چوون. ئێمە ئێستا لە ناو جۆرە پەیوەندییەكی «گریمانەیی»دا دەژین. ڕاستە دەتوانین لە هەموو شوێنێكی ئەم زەوییە هاوڕێ بگرین و ئالوودەی گفتوگۆ ببین، بەڵام ئەم پەیوەندییانە فاقیدن لەو گەرمی و ڕاستگۆییە ڕۆحییەی كە جاران هەبوو. ئەو كۆبوونەوە خێزانی و كۆمەڵایەتییە تەندروستانەی كە بنەمای پتەویی كۆمەڵگە بوون، ئەمڕۆ بە هۆی تەكنەلۆژیاوە وەك خۆیان نەماونەتەوە و جۆرێك لە دابڕانی دەروونی لەناو یەك ماڵدا دروست بووە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا سۆشیال میدیا بووەتە هۆی پاراستن، یان تێكدانی دابونەریتەكان؟ «وەڵامەكە ئەوەیە: ئەمڕۆ ئەو لایەن و كولتوورانەی لە بواری تەكنەلۆژیا و میدیادا باڵادەستن، هەژموونی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەكانی دیكەدا دەسەپێنن. ئەم هەژموونە لە ڕێگەی هونەر، فەرهەنگ و بەتایبەتی دراما تەلەفزیۆنییەكانەوە دەگوازرێتەوە. ئەم بەرهەمانە تەنیا بۆ كات بەسەربردن نین، بەڵكو كاریگەرییەكی قووڵیان لەسەر گۆڕینی دابونەریت و هەڵسوكەوت و شێوازی ژیانی تاكەكانی ئێمە هەبووە. لێرەدا تەكنەلۆژیا وەك چەكێكی دووسەر كار دەكات، هەم دەكرێت بۆ ناساندنی فەرهەنگی ڕەسەن بەكار بێت، بەڵام لە واقیعدا زیاتر بووەتە هۆی زاڵبوونی كولتوورێكی جیهانی كە زۆر جار لەگەڵ بەها ناوخۆییەكانماندا یەك ناگرێتەوە.

ئەم ئامرازانە دەرفەتێكی زێڕینیان بۆ فێركاری ڕەخساندووە، بەڵام كێشەكە لە ئاستی سوودوەرگرتندایە. بەداخەوە لای ئێمە ئاستی سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا بۆ مەبەستی پەروەردەیی و زانستی هێشتا لە ئاستێكی لاوازدایە.

لە كۆتاییدا دەبێت ڕەخنە لە دامودەزگاكانی خۆشمان بگرین بەڕاستی، نە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و نە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نەیانتوانیوە وەك پێویست كار لەسەر بڵاوكردنەوەی وشیاریی تەكنەلۆژی بكەن. تاكەكانی ئێمە پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە، بۆ ئەوەی فێربن چۆن تەكنەلۆژیا بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەكانی خۆیان، نەك ڕێگە بدەن تەكنەلۆژیا كۆنتڕۆڵی ژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بكات. بەبێ بوونی پلانێكی وشیاریی نیشتمانی، ناتوانین ڕێگری لەو كاریگەرییە نەرێنییانە بكەین كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان دەبێتەوە. بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا دەبێت لەسەر بنەمای خواست و داواكارییەكی عاقڵانە بێت، نەك لاساییكردنەوەیەكی كوێرانە كە مرۆڤ لە ڕەسەنایەتی و ڕۆحییەتی خۆی داببڕێت.

 

Top