ســـەرۆک بارزانی، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و هیوای سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە دەخوازێت.
ئەمڕۆ هەینی، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: "پێشوازی لە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و (هەسەدە) دەكەین و پیرۆزبایی لە هەردوولایان دەكەین. هیوادارین ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام و سەركەوتوو بیت."
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "ئێمە هەمیشە لەو بڕوایە داین كە دیالۆگ و ئاشتی ڕێگەی دروستە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەکان."
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهاتن بە نەهامەتییەکانی گەلی کورد لەو وڵاتە و ڕایگەیاندووە: "هیوادارین ئیدی كۆتایی بە ئازار و مەینەتیی گەلی كورد لە سووریا بێت و هەموو لایەك بە ئاشتی و ئازادی و سەقامگیری لە سووریا شاد ببن."
