ره‌نگ و ئه‌ندێشه‌ى نیشتمان له تابلۆكانى هونه‌رمه‌ندى كورد (ره‌حیمۆ)
حه‌مه هاشم
پەیوەندی نێوان هونەر و پەرەپێدانی ژیان لە تابلۆكانی هونەرمەندی شێوه‌كاری رۆژئاوای كوردستان ڕەحیمۆ كه ئێستا لە بەلجیکا ده‌ژی، ئه‌زموونێكی درێژی چەندین ساڵه‌ی پڕچیرۆكه، ره‌حیمۆ هونەری لە ئەکادیمیاکانی زانکۆی دیمەشق بۆ هونەرە جوانەکان خوێنده و لەوێوە ئه‌زموونه‌كانی ده‌ست پێده‌كات، بە نوێکردنەوە توێژینه‌وه‌ی فۆڕمی تازه، کە هونەرمەند هەستە تایبەت و سۆزه به‌هێزه‌كانی له سرووشتی رازاوه‌ی رۆژاوای كوردستان وەردەگرت، له جوانی دەشت و چیا و دۆڵەکانی، هه‌روه‌ها چیرۆكه خه‌مناكه‌كانی دایكان و كاره‌ساته وێرانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی كاریگه‌ری زۆری داناوه له تابلۆكانییدا.
ئه‌و له عاموودا لەدایک بووە و هه‌رلەوێ گەورە بووە، لە نێوان جیهانێکی گه‌رم و نا دادپه‌روه‌ر، بۆیه یەکەم هه‌نگاوه‌كانی به نیگەرانی ده‌ستپێده‌كات بۆ گەڕان و بەردەوامی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی بایه‌خه‌كانی ژیان، کە تێكڕایان بە گەڕانی ماندووکەر لە سروشت و هۆشیاری یاخیبوون پەیوەسته، ئه‌م هونه‌رمه‌نده بە بەکارهێنانی رووخساری مرۆڤ و ئه‌و دارودره‌ختانه‌ی كه لە نێوانیاندا لەدایک بووە و لەگەڵیان ژیاوە، هەستە ناسکەکانی ڕۆحی دیاریده‌كات و ده‌یكات به فۆڕمی كاره‌كانی، ڕیتمەکانی ڕەنگە گه‌رم و سروشتیەکانی کە لە ناخی ئارامیەوە هەڵدەقوڵێن، گه‌واهی هێزێكی زۆر ده‌ده‌ن له بینینی كاره‌كانییدا.
ئه‌و لە ڕێگای تەکنیکی ڕەنگە ئارام و نەرمەکانیەوە، و له‌لایه‌كی دیكه‌وه ره‌نگه هەڵچوو و گەرمه‌كانی ڕەنگی ڕووناکی و خۆر داده‌گرێت و پیشانمان ده‌دات، لێدانەکانی، له تابلۆ سه‌ره‌تاییه‌كانی ره‌حیمۆدا د‌رك به وێنه‌ی مرۆڤی كورد و جووتیارە سادەكان، هەژارەكان و رووخساری گه‌شی كچی كورد ده‌كه‌ین، لەسەر ماندووبوونی ڕۆژانەی خه‌ڵك و وەرزەکانی دروێنە و چاندن، هه‌روه‌ها دیمه‌نه‌كان درێژ دەکاتەوە بۆ کەشوهەوای تەماوی، بەشێوەیەک له دانانی هێڵه خێراكانییدا له‌سه‌ر تابلۆكانی دیاره.
گرنگیدانی ره‌حیمۆ به مرۆڤ به‌شێكه له پێكهاته زهنی و بیركردنه‌وه مرۆڤدۆستانه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده، به‌شێوه‌یه‌ك كه بینه‌ر هه‌ست به نزیكی زۆر ده‌كات له نێوان خۆی و فیگه‌ره تایبه‌ته‌كانی ناو فۆڕمی تابلۆكانیدا.
هه‌ر به‌م هه‌سته‌ش تایبەتمەندییەکانی تابلۆكانی ده‌رده‌خات له روانین بۆ رووخساری کەسایەتییەکان لە گۆشەی ئایین و قۆناغەکانی گەشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و گەنجیتی خۆی لە عامودا.
جوڵه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی ته‌كنیكه له تابلۆكانی ره‌حیمۆدا، لە ڕێگای وردەکارییەکانی ته‌وژمی با، یان شه‌پۆلی گژووگیاكان، به‌سه‌ر ده‌شت و ده‌ری ناوچه كوردنشینه‌كاندا ده‌ریده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش تایبەتمەندیەکانی ته‌كنیكی به‌هێز نیشان ده‌ده‌ن له هەر ڕووکارێکی هونه‌ری، هه‌ر ئه‌م ته‌كنیكه‌ش لە ئەزموونی ڕەنگی زۆر كۆده‌كرێته‌وه لە ناویدا، كه یارمەتی چاو دەدات بۆ گواستنەوەی هەست، و بەرزکردنەوەی سۆزبۆ دیمه‌ن و نۆستالێژیای پڕ یاده‌وه‌ری لە كاره‌كانیدا، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه تابلۆیەک پیشان بدات کە لە واقیع سەرنجڕاکێشتر بێت، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری دەرئەنجامێكی هونەریی تۆكمه‌یه لە دەستپێکە بەهێزەکانیدا کە واقیعیەتی ئەکادیمی یەکەم سێبەرە ڕووناکەکانی پێکهێنا و بردی به‌ره‌و رواڵه‌تێكی مۆدێرن له فۆڕمه‌كانییدا.
فەلسەفەی هونەر و تام کردنی زانستەکانی جوانیناسی خه‌سڵه‌تی به‌هێزی نێوان فۆڕم و ئایدیان له كاره‌كانییدا، وه‌ك شتێك كه ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی سروشتی مرۆیی له‌گه‌ڵ ته‌كنیكی مۆدێرندا یه‌كانگیر ده‌بێت.
ره‌حیمۆ بە شێوەیەك تابلۆکانی دەكێشێت کە پشتیوانی لە بیرۆکەکەی بکات، هه‌م گرنگی به‌ته‌كنیك هه‌م ئایدیا، خاڵێكی به‌توانای ده‌رخستنی كاره‌كانیه‌تی،کە گه‌شه بە دیاردەکانی سروشتی تابلۆکەی دەدات، و هونەر بە زانست و بیر و تێگەيشتنی دروسته‌وه دەبەستێتەوە.
ره‌حیمۆ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه كه دووركه‌وتنه‌وه له زێد و خاك و نیشتیمان به قوڵی ره‌نگی داوه‌ته‌وه له كاره هونه‌ریه‌كانی،وه‌خول ده‌خواته‌وه له بابه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ست به ژینگه‌ی منداڵی خۆی، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كانی سرووشت و خۆشه‌ویستی، كولتووری كوردی، ژن و جوانی، مۆسیقا و زۆر ئایكۆنی دیكه به دره‌وشاوه‌یی له تابلۆكانیدا ده‌بینرێن، به ره‌نگ و شێوازی مۆدێرن.
