وتاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا: ئەگەر ئەمریكا نەبوایە ئێستا هەموو ئەوروپا دەبوو بە زمانی ئەڵمانی و كەمێكیش بە ژاپۆنی قسە بكەن
ڕۆژی 21ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ 2026، یەكەمین ساڵیادی دەستبەكاربوونی من بوو لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیمدا، ئەمڕۆ دوای ١٢ مانگ لە گەڕانەوەم بۆ كۆشكی سپی، ئابووریمان دەبووژێتەوە، گەشەكردن دەتەقێتەوە و هەڵاوسان تێكشكێندراوە، كاتێك ئەمریكا گەشە دەكات، هەموو جیهان گەشە دەكات.
ئێمە ئێستا هێزێكی گەورەین، زۆر لەوە گەورەتر كە خەڵك تێیدەگات. من سوپای ئەمریكام دووبارە بنیاد ناوەتەوە. ئێمە كەشتیی جەنگیی نوێ دەهێنینە كایەوە كە ١٠٠ جار لە كەشتییە جەنگییە ناودارەكانی جەنگی دووەمی جیهانی بەهێزترن. چەك و فڕۆكەی وەك F47 مان هەیە كە كەس پێشتر ناوی نەبیستوون و ناتوانرێت لەلایەن ڕاداری دوژمنەكانمانەوە بدۆزرێنەوە. ئەمریكا لە ئێستادا لە پێگەیەكدایە كە هیچ وڵاتێك لە جیهاندا هاوتای نییە.
با باسی گرینلاند بكەین. هیچ نەتەوەیەك توانای پاراستنی ئەو پارچە سەهۆڵە گەورەیەی نییە جگە لە ئەمریكا، من داوای دانوستانی دەستبەجێ دەكەم بۆ كڕینەوەی گرینلاند، چونكە ئەمە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە و جیهان گرنگە. ئێمە دەمانەوێت گەورەترین «قوبەی زێڕین» (سیستمی بەرگری) لەوێ بنیاد بنێین كە تەنانەت پارێزگاری لە كەنەداش بكات، كە ئەوانیش دەبێت سوپاسگوزار بن، چونكە بەبێ ئەمریكا كەنەدا نەدەبوو.
پێویستە مێژوو بە بیر ئەوروپا بهێنینەوە. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ئەمریكا بوو كە ئەوروپای ڕزگار كرد. ئەگەر ئێمە نەبووینایە، ئێستا هەمووتان لێرەدا بە ئەڵمانی یان كەمێكتان بە ژاپۆنی قسەتان دەكرد. ئێمە جەنگمان بۆ پاراستنی ئێوە كرد، كەچی زۆر پێنەزان بوون، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە.
فەنزوێلا لە شەش مانگی داهاتوودا زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو پارە پەیدا دەكات، چونكە ئێستا كۆمپانیا گەورەكانی ئێمە لەوێ كار دەكەن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێمە ئاشتیمان بەدی هێنا. حەماس ڕازی بووە چەكەكانی دابنێت، هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوی سڕییەوە. ئەمریكا گەڕایەوە، گەورەتر، بەهێزتر و باشتر لە هەموو كات.
