چه‌مكى دادپه‌روه‌رى له هزرى سیاسیى كورددا
له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ له ئه‌نجامى پرۆسه‌ى گۆڕانكارییه فیزیۆلۆژیكییه‌كانى ژینگه‌یى گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه بیر بكاته‌وه و بیێـه خاوه‌نى (خاوه‌ندارێتى)، بیرى لاى بابه‌تى دادپه‌روه‌رى (العداله یان justice) بووه و هه‌ولى داوه وه‌ك مافێكى سه‌ره‌تایى و ره‌سه‌نى خۆى له ژیانى واقیعیدا ده‌سته‌به‌رى بكات.
له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ پێناسه‌یه‌كى ئه‌م چه‌مكه بكه‌ین ده‌كرێ دادپه‌روه‌رى به هه‌ستكردنى مرۆڤ بزانرێت به‌وه‌ى كه ئه‌و له ژیانیدا ئه‌وه‌ى كه ده‌یه‌وێ، ده‌ستى بكه‌وێ وه‌ك كه‌سانیترى كه هه‌مان ئه‌و شته‌یان هه‌یه، به‌واتایه‌كیتر مافى خۆى وه‌ربگرێ و سته‌مى لێنه‌كرێت.
و دادپه‌روه‌رى بابه‌تێكى هاوبه‌شى زۆر زانستى مرۆیى و له‌وانه‌شه فه‌لسه‌فه و سایكۆلۆژیایه. به جۆرێك كه له‌م هه‌ر دوو زانسته‌دا به شێوازى جیاواز شرۆڤه‌ى بۆ كراوه كه لێره‌دا هه‌ندێكیان ده‌خه‌ینه‌رو تا خوێنه‌ر بزانێت چۆن لێكده‌درێت. هه‌ندێ فه‌یله‌سۆفى وه‌ك ئه‌فلاتۆن و كارل و ته‌نانه‌ت لایه‌نگرانى سیسته‌مى لیبرالى پێیانوایه له‌سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى كه مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى له رووى جه‌سته‌یى و بایلۆژى و سایكۆلۆژى جیاوازن، بۆیه وه‌ك كارل ئاماژه‌ى پێده‌دات: " زۆڵمێكى مه‌زنه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت یه‌كسانى له نێوان نایه‌كسانییه‌كاندا بكه‌ین". به‌واتایه‌كیتر جیاوازییه‌كانى مرۆڤه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرین و نكۆڵییان لێوه بكه‌ین. به‌ڵام هه‌ن ئه‌و فه‌یله‌سۆفانه‌ى به‌پێچه‌وانه‌وه بیر ده‌كه‌نه‌وه. جۆن لۆك پێیوایه ماده‌م مرۆڤه‌كان وه‌ك یه‌ك ئافرێنراون و له‌یه‌ك جۆرن و هه‌موو تواناییه سروشتییه‌كانى وه‌ك یه‌كیان هه‌یه، بۆیه ده‌بێ هه‌موو مافێكیان پێبدرێت به بێ جیاوازى و بێ ناچاركردنیان. ئه‌م قسانه‌ى جۆن لۆك له‌كاتێكدایه كه خۆى له‌سه‌رده‌مى خیدا به‌شدارى ئه‌و كۆمپانییانه‌ى ده‌كرد كه بازرگانیان به مرۆڤه‌وه ده‌كرد و وه‌ك كوێله ده‌فرۆشران.
و سۆشیالیزمیش داكۆكى له‌سه‌ر دادپه‌روه‌رى ده‌كات و پێیوایه ئه‌و دادپه‌روه‌رییه له یه‌كسانبووندایه، و ئه‌ویش له رێگه‌ى خاوه‌ندارێتى به كۆمه‌ڵ بۆ كه‌ره‌سته‌كانى به‌رهه‌مهێنان، چونكه خاوه‌ندارێتیى تاكى كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م یه‌كسانى و چینایه‌تى دروست ده‌كات و ده‌بێته مایه‌ى چه‌وساندنه‌وه و له كۆتاییشدا نادادپه‌روه‌رى دێنێته‌ئاراوه.
هه‌رچى فه‌یله‌سۆفه‌كانى سروشتین له‌وبڕوایه‌دان كه دادپه‌روه‌رى په‌یوه‌ست و گرێدراوه به یه‌كسانى له‌نێوان مرۆڤه‌كان، چونكه هه‌موویان مرۆڤن. رێنێ دیكارت پێیوایه كه " عه‌قڵ دادپه‌روه‌رترین شتێكه كه له‌نێو مرۆڤه‌كاندا هه‌یه و به‌یه‌كسانى به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه".
ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه به‌شێ: له‌و بیروباوه‌رانه‌بوون كه فه‌یله‌سۆف و سیسته‌مه‌كانى حۆكمڕانى جیاواز پێیانوایه دادپه‌روه‌رى له چ شوێنێكى ژیانى مرۆڤه‌كاندایه، به‌ڵام سایكۆلۆژیسته‌كانیش به‌شێوه‌ى جیاواز ئه‌و بابه‌ته شرۆڤه‌ده‌كه‌ن.
فرۆید له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه داكۆكى له‌سه‌ر پێنج ساڵى یه‌كه‌مى ژیانى مرۆڤ ده‌كات و پێیوایه دادپه‌روه‌رى گرێدراوه به گه‌شه‌ى ویژدانه‌وه، و كه‌سێتیى دایك و باوك كاریگه‌ریى به‌رچاویان له‌و بواره‌دا هه‌یه، و له هه‌مانكاتدا پێیوایه كه هه‌بوونى دادپه‌روه‌رى له پێناو رێگرى یان لانیكه‌م سنوورداركردنى تووندوتیژى و شه‌ڕئه‌نگێزى مرۆڤ گرنگ و پێویسته.
و كارین هۆڕناى له‌گه‌ڵ ئاماژه‌پێدان به كاریگه‌رێتیى ژینگه‌ى مرۆڤ له‌سه‌ر جۆرى ره‌فتاره‌كانى تاك زۆر راشكاوانه پێیوایه كه ژینگه‌یه‌كى نادادپه‌روه‌ر فاكته‌رێكى به‌هێزى كێشه و گیر و گرفت و تێكچوونه ده‌روونییه‌كانیه‌تى، و به‌تایبه‌ت ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ى كه له لایه‌ن دایك و باوك دژى منداڵان په‌یره‌و ده‌كرێت. و ئه‌م روانگه‌یه تاراده‌یه‌ك نزیكه له بۆچوونه‌كانى سكینه‌ر، گه‌وره ده‌روونناسى رێباز و قوتابخانه‌ى ره‌فتارگرایى. و ده‌روونناسانى وه‌ك باندۆرا فێربوونى هه‌ندێ چه‌مكى وه‌ك دادپه‌روه‌رى بۆ لایه‌نى لاساییكردنه‌وه و تێبینیكردنى منداڵ له نموونه‌كانى خۆیان له ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه. ڤیلیه‌م دامۆن پێیوایه كه مرۆڤ وا ده‌ڕوانێته دادپه‌روه‌رى كه ئه‌و چه‌مكه كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و ململانێیه‌كانى نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه.
و له‌م ناوه‌شدا روانگه‌ى ده‌روونناس و توێژه‌رى ئه‌مریكى، لیرنێر (Lerner,1980) بۆ گۆتاره‌كه‌مان گۆنجاوه، كه پێیوایه هه‌ستكردن به دادپه‌روه‌رى لاى تاك پاڵنه‌رێكى به‌هێزه، و ده‌بێته هۆكارى ئه‌وه‌ى كه بڕوابه‌خۆبوون و ئۆمێد به داهاتوو له لاى گه‌شه بكات، و به‌هۆیه‌وه هه‌ست به ئارامى ده‌روونى بكات و بۆ خۆى ئامانج دابنێت، و واتێبگات له جیهانێكدا ده‌ژیت كه دادپه‌روه‌رى تیایدا بوونى هه‌یه و ئه‌و ده‌توانێ ئه‌و شتانه‌ى كه شایه‌نیه‌تى به‌ده‌ستخۆى بهێنێ. و له به‌شێكى ئه‌م تیۆرییه هه‌ندێ له زانایانى پێیانوایه كه ره‌هه‌ندێكى سه‌ره‌كیى بڕواى تاك به دادپه‌روه‌ریى جیهان خۆى له‌و بیرۆكه‌یه‌دا ده‌بینێ كه ده‌زگاكانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و سیاسیى كۆمه‌ڵگه ئه‌و بواره به تاك ده‌ده‌ن كه بتوانن ئه‌وه كه شایه‌نى تاكن به‌ده‌ستخۆى بهێنێ.
و ئه‌وه هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌یه كه تاكى كورد له میانه‌ى ئه‌زموونى زیاتر له سه‌د ساڵى رابردووى خۆى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران سیاسیى داگیركه‌ر هه‌یانه و هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌ى كوردێك، وه‌ك هه‌ر تاكێكى دیكه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیتر شایه‌نى ئه‌ویه كه هه‌یبێ، نییه‌تى و پێینه‌گه‌یشتووه، یان به‌واتایه‌كیتر نه‌یانهێشتووه پێى بگات، و به‌تایبه‌ت ئازادى و سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانى ژیان، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه هه‌موو كه‌سێك له‌م جیهانه و له‌سه‌ر بنه‌ماى بڕگه‌كانى جاڕنامه‌ى گه‌ردوونیى مافى مرۆڤ، هه‌یه‌تى. ئه‌م مافه سه‌ره‌تاییانه نه‌ك هه‌ر لێى زه‌وتكراون به‌ڵكۆ به‌وپه‌ڕى نادادپه‌روه‌رى هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵدا كراوه و به دڕندانه‌ترین شێوه‌ش سه‌ركوتكراوه. ئه‌گه‌رچى بابه‌تى دادپه‌روه‌رى له مێنتالیته‌ى كورد بابه‌تێكى قووڵه و زانینى پێویستى به توێژینه‌وه‌ى زیاترى زانستییه، به‌ڵام ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه له مێنتالیته‌ى سیاسیى به‌شێكى زۆرى كورددا ره‌شبینى و گرێیه‌كى ده‌روونى له‌باره‌ى دادپه‌روه‌ریى نه‌ته‌وه‌كانیترى ناوچه‌كه‌دا دروست بووه. هه‌ستكردنى تاكى كوردى به‌وه‌ى كه دادپه‌روه‌رى له سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى ئه‌م وڵاته بوونى نیه و بووه‌وته هۆكارى ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ى كه به درێژایى ئه‌و هه‌موو ساڵانه دژ به كوردستانیان كراوه، و هه‌میشه پاڵنه‌رى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى شۆڕه‌ش و راپه‌ڕینه‌كانى بووه، كه دواینییان ئه‌نجامدانى رێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانیان بووه كه شۆڕه‌شێكى سه‌رده‌میانه و دیمۆكراسیانه بووه به سه‌رۆكایه‌تى و پێداگریى سه‌رۆك بارزانى بۆ كۆتایهێنان به‌و نادادپه‌روه‌رییه سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه له به‌رامبه‌ر كوردستانیان ده‌كرێت.
و لێره‌دا له جێگه‌ى خۆیه‌تى بگۆترێت كه پێویسته نه‌ته‌وه‌كانى ناوچه‌كه له ئاست به‌رپرسیاره‌تیدا بن، و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها مرۆیى و ئاكارییه‌كان پێداچوون به ره‌فتاره‌كانیاندا بكه‌ن و ئه‌و راستیه‌یان بۆ روون ببێته‌وه كه له‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ى ئه‌وان په‌یره‌وى ده‌كه‌ن و به‌رهه‌مه‌كه‌شى جگه له كوشتن و قڕكردن نه‌بووه، كه‌س براوه نیه، ته‌نها خۆدى نادادپه‌روه‌رى نه‌بێ. ده‌بێ ئه‌وان به‌و په‌ڕى دادپه‌روه‌رییه‌وه هه‌ڵسوكه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه بكه‌ن، كه كورد جگه له چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى، داواى شتى زیاده‌یان نه‌كردووه، و چه‌مكى دادپه‌روه‌رى له ناخ و سایكۆلۆژیاى تاكى كوردیدا جێگه‌یه‌كى تایبه‌ت و قووڵى هه‌یه، و ئه‌زموونى سه‌دان ساڵه‌ى ئه‌و تاكه به‌رده‌وام هانى ئه‌وى داوه شان به شانى هه‌وڵ و كۆشش و خه‌بات له پێناو گه‌یشتن به ئازادى كارێكى وابكات كه بنه‌ماكانى ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ى كه تێكراى جیهان و كۆمه‌ڵگه و وڵاتانى دیمۆكراسى جاڕى بۆ لێده‌ده‌ن به‌شى ئه‌وانیشى تیایدا بێ و ئه‌مه زێده‌خوازى نیه به‌ڵكۆ داواكارییه‌كى ره‌واى میلله‌تێكه كه سایكۆلۆژیا و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و زمان و جۆگرافیایه‌كى تایبه‌تى هه‌یه، و له كۆتاییدا ده‌بێ له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانى ناوچه‌كه‌دا دانیان پێبنرێت.
نابێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێ كاتێك كه چارلز داروین، زاناى به‌ناووبانگى به‌ریتانى، بۆ توێژینه‌وه زانستییه‌كانى خۆى گه‌شتێكى دوورودرێژى به ده‌ورى جیهاندا ده‌ستپێكرد، یه‌كه‌م شتى كه له‌و ژینگه و سروشتدا تێبینى كرد ئه‌وه بوو كه له‌م جیهانه‌دا هیچ دادپه‌روه‌رییه‌ك له ئارادا نیه و نادادپه‌روه‌رى باڵى به‌سه‌ر سروشتدا كێشاوه و به‌تایبه‌ت جیهانى گیانه‌وه‌ران، چونكه ده‌یدیت كه گیانه‌وه‌رانى به‌هێز و مه‌زن ئه‌وانیترى بێهێز و بچووك و لاواز ده‌خۆن و ده‌كوژن و له‌نێوده‌به‌ن. به‌ڵام ئه‌وه واتاى ئه‌وه ناگه‌ینێ كه ده‌بێ تێكراى مرۆڤایه‌تیش له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه هه‌نگاو بنێ، و نه‌ته‌وه‌كانى باڵاده‌ستى ناوچه‌كه، كه له سایه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى ناوچه‌كه و مێژوو ئه‌مڕۆ له دۆخى به‌هێزیدان، بێ به‌زه‌ییانه ئه‌و په‌ڕى نادادپه‌روه‌رى له‌دژى كورد بنوێنن، به‌ڵكۆ ده‌بێ وه‌ك فه‌یله‌سۆفه‌كانى وه‌ك سارته‌ر و سپینۆزا و ... هتد، و سایكۆلۆژیسته‌كانى وه‌ك ڤیكتۆر فرانكل و ... هتد، بڕوایان وایه ده‌بێ مرۆڤ له ئاست به‌رپرسیاره‌تیدا بێ و به جێبه‌جێكردنى بنه‌ماكانى دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى واتا و رامان به ژیانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان و میلله‌تى كورد بده‌ن، چونكه وه‌ك سه‌رۆك بارزانى له وته به‌نرخه‌كانى خۆیدا هه‌میشه ئاماژه‌ى پێداوه و داكۆكیى لێوه‌كردووه كه: " هه‌موومان له مرۆڤایه‌تیدا براى یه‌كترن"، و هیچ دوور نیه وه‌ك فه‌یله‌سۆف و كۆمه‌ڵناسى به‌ناووبانگى عه‌ره‌ب، ئێبن خه‌لدون، له تیۆرییه‌كه‌ى خۆیدا ئاماژه‌ى پێداوه له ئه‌نجامى گۆڕانكارییه‌كانى جیاوازدا دوور نیه سه‌رده‌مى باڵاده‌ستى ئه‌و نه‌ته‌وانه كۆتاییان پێبێت. بۆیه با هه‌موومان دادپه‌روه‌رى بكه‌ین به هه‌وێنى ره‌فتار و بڕیار و په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانمان، وه‌ك هه‌نگاوێك به ئاراسته‌ى سه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ناوچه‌كه.
سوود له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رگیراوه: یوسف حمه صالح مسته‌فا (2018). ملامح الشخصیه الكوردیه.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*