دیلان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم : لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 ئامێری هێڵكاری بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم دابین كراون

دیلان عەبدوڵڵا  بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم :  لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 ئامێری هێڵكاری بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم دابین كراون

 

 

ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا عومەری بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمە و پێشتریش بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بووە، بێگومان ئەندازەی هاتووچۆ كە كارەكانی لە هێڵكاریی شەقام و ڕێگەوبانەكانی دەرەوەی شارەكان و دانانی هێما و ڕێنمایی هاتووچۆ چڕ دەبنەوە، فاكتەری سەرەكین بۆ سەلامەتیی هاتووچۆ لە شەقام و ڕێگەوبانەكانی دەرەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا «پەرەپێدانی پرۆژەكانی ڕێگەوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتووچۆ» وەك ئەندازیار و تایبەتمەندێك لە بواری ئەندازەی هاتووچۆ، بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.

 

جێگەی دەستخۆشییە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەم گفتوگۆ گرنگ و ڕاشكاوانەیەی بۆ ناونیشانێكی گرنك كە «پەرەپێدانی پرۆژەكانی ڕێگەوبان و چارەسەكردنی گرفتەكانی هاتووچۆ» ڕیك خستووە و تیایدا كۆمەڵێك تایبەتمەند و پسپۆری كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە گرنگە بكەین و گرفتەكان دەسنیشان بكەین و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.

كارەكانی ئەندازەی هاتووچۆ لەدوای تەوابوونی كۆی بڕگەكانی پرۆژەی شەقام و ڕێگەكان دەست پێدەكات، كارەكانی ئێمەش پەیوەندارە بە گرنیدان بە سەلامەتیی شەقام و ڕێگەوبانەكان، ئەو كارانەش چەند لایەنێك دەگرێتەوە كە بریتن لە «هێڵكاریی شەقام و ڕێگەكان، دانانی هێما و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، دانانی ترافیكی سەرشەقامەكان و بۆیاخكردنی شۆینی پەڕینەوەی هاووڵاتیان، دانانی ڕەمپە بۆ كەمكردنەوەی خێرایی ئوتومبیلەكان، دانانی فسفۆر و ڕەنگكردنی یوتێرنەكانی پێچكردنەوەی ئوتوموبیلەكان و.. هتد» ئەمانەش هەمووی لەپێناوی ئەوەدا دەكرێن كە سەلامەتیی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و ڕووداوی هاتووچۆ كەم ببنەوە.

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بایەخێكی زۆر بە ئەندازەی هاتووچۆ دراوە و بایەخێكی زۆریش بە شێوەیەكی گشتی بە كەرتی هاتووچۆ دراوە، ئێمە وەك ئەندازەی هاتووچۆ لەسەر دوو تەوەری سەرەكی كارمان كردووە كە بریتی بوون لە:

یەكەم: كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ.

دووەمیان: كەمكردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لە ناو شەقامی شارەكاندا.

هۆكاری سەرەكیی جەنجاڵی و قەرەبالغی شەقامە ناوخۆییەكانی شارەكان، بە پلەی یەكەم نەبوونی هێڵی گواستنەوەی گشتییە، كە ئەمەش وای كردووە هەر كەسێك ئۆتوموبیلی تایبەتی خۆی بەكار بهێنت، هەروەها پرسی ڕێكخستنەوەی تەكسییەكانی ناوشاریش كە پەیوەندیی بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە هەیە و ئومێدەوارین لە ئایندەدا كاری لەسەر بكرێت.

بابەتی سەلامەتیی ڕێگەوبانەكان كە ئێمە فەرمانگەیەكین سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لەو ساڵانەی ڕابردوودا كاری زۆر باشی لەسەر كراوە و گرنگییەكی زۆر بە سەلامەتیی شەقام و ڕێگەوبانەكان دراوە، بە تایبەتیش لە هەردوو بابەتی هێڵكاریی شەقام و ڕێگەكان و دانانی هێما و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ و هەروەها لە بابەتی دانانی پەرژینی ئاسنینی گاردیەڵ بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەكاتی ڕووداوی هاتووچۆدا.

پێشتر بابەتی هێڵكاری لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكران، كە ڕۆتینێكی زۆری تێدا بوو و كاتێكی زۆری دەویست تا پرۆژەكە دەكەوتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 20 ئامێری هێڵكاری بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاكانی هەرێم دابین كراون، ئامێرەكان هەموویان موێرنن و هاوشێوەی ئەو ئامێرانەن كە لە وڵاتانی دراوسێ بەكار دەهێنرێن، كارەكانیش لەلایەن ستافێكی ئەندازیاری و كارمەندانی هونەری و بە دەستی كاری خۆماڵی ئەنجامی دەدەین، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی خۆمان بڕەخسێنن.

لە قۆناخی یەكەمدا هەوڵمان دا كە هێڵكاریی تەواوی شەقامە ناوخۆییەكانی شارەكان تەواو بكەین، بەڵام بەرنامە و پلانی داهاتوومان ئەوەیە زیاتر بابەتی هێڵكاری تایبەت بكەین بە ڕێگەكانی دەرەوە.

لایەنێكی دیكە كە پێویستە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە، ئەوەیە كە ئەو دەرخستەیەی بۆ پرۆژەیەكی ڕێگەوبان یان شەقامەكان تەرخان دەكرێت، دەبێت بڕی تەرخانكراو بۆ سەلامەتیی ڕێگە و شەقامەكە كە تایبەتە بە هێڵكاری و دانانی ترافیك لایت و هیما و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، بۆ ئەندازەی هاتووچۆ تەرخان بكرێت، بەداخەوە لە هەندێك پرۆژەدا بڕی تەرخانكراو بۆ سەلامەتیی ڕێگە و شەقامەكان هەندێك جار لە بڕگەكانی دیكەی پرۆژەكە خەرجكراوە و ئەندازەی هاتووچۆدا فەرامۆش كراوە، ڕێگە یان شەقامەكە خراوەتە بەردەستی شۆفێران بەبێ ئەوەی حیساب بۆ سەلامەتی و هێماكانی هاتووچۆ كرابێت.

لایەنێكی دیكە كە ئێمە زۆر جەختی لەسەر دەكەینەوە، مواسەفاتی كەرەستەكانی ئەندازەی هاتووچۆیە، كە هەموویان مواسەفاتی عێراقین و كوالێتیان هی 50- 60 ساڵ پێش ئێستایە، لەوانەیە ئەو مواسفاتە بۆ ئەوكات باش بووبێت، بەڵام بۆ ئێستا كە تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە و ئامێری زۆر پێشكەتوو هەیە، ئەوا ئەوەی ئێستا لە كوردستان بەكار دەهێنرێت ناتوانێت وەك پێویست سەلامەتیی ڕێگەكان دابین بكات، هەر بۆ نموونە ئەگەر پەرژینی ئاسانینی گاردیەڵ وەربگرین، دەبیین ئەو پەرژینە گاردێڵەی دایدەنێن تەنیا بەرگەی خێرایەك یان كێشێكی تایبەتی دەگرێت، بۆیە شەقاممان هەیە خێرای 60 كم لە كاتژمێرێكدا بۆ دیاری كراوە، هەمانە 80كم، شەقامیشمان هەیە بارهەڵگری بەسەردا دەڕوات، بەڵام ئەو پەرژینی گاردیەڵەی بەكاری دەهێنن بۆ هەموو ڕێگەكان یەك مواسەفاتی هەیە، كە ئەمەش ناتوانێت سەلامەتی بۆ هەموو ڕێگەكان دابین بكات، ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە ڕووداوەكانی هاتووچۆدا هەندێك جار كارەسات دروست دەبێت.

خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەو پەرژینە ئاسنینەیە كە لەسەر پردەكان دای دەنێن، بەداخەوە لەو ماوەیەی دوواییدا ڕووداوێك لەسەر پردی شۆرش ڕووی دا و ئوتومۆبیلێك لە پەردەكە كەوتە خوارەوە، ئێمە هەموومان لە كەوتنە خوارەوەی ئەو ئوتوموبیلە شۆفێرەكە بە تاوانبار دەزانین، ئەمە لەكاتێكدا ئەو پەرژینە ئاسنینەی ئێمە لەسەر ئەو پردە دامانناوە، هەمان ئەو پەرژینەیە كە ئێمە پیادە لەسەر شەقامەكان بەكاری دەهێنن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پەرژینەی سەر پردەكان بەرگەی ئەوە ناگرێت ئوتومۆبیلێك خۆی لێبدات و سەرنجامیش وەك بینیمان كارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا. بۆیە زۆر گرنگە پێداچوونەوە بە مواسەفاتی كەرەستەكانی سەلامەتیی هاتووچۆ بكرێتەوە،لە ئێستادا بەخۆشحاڵییەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێداچوونەوە بەو بابەتە كراوە و داواكراوە كە كەرەستەكانی سەلامەتیی هاتووچۆ بە مواسەفاتێكی تایبەت بە ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان دیزان بكرێن.

بابەتێكی دیكە، بەداواداچوون و سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكانی ڕێگەوبانە، ئێمە هەموومان جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە ڕێگەوبانەكانمان بە ستاندەری نێودەوڵەتی دروست بكرێن، بەڵام كاتێك ئێمە وەك ئەندازەی هاتووچۆ دەچین هێڵكاری بۆ ئەو ڕێگەیە دەكەین، بەڕاستی مواسەفاتی ستاندەری نێودەوڵەتی نابینین، ڕاستە شۆڵدەری ڕێگەكە دیاری كراوە، بەڵام حیساب بۆ ئەوە نەكراوە شۆفێرێك ئەگەر ئوتوموبیلەكەی كێشەی تێكەوت بچێتە سەر شۆڵدەرەكە و خۆی بپارێزێت، یان تەلەفونێكی بۆ بێت ڕایبگرێت و تەلەفونەكەی بكات، ڕاستە دروستكردنی ڕێگەوبانەكان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و بەشێك لە ستاندەری نێودەوڵەتی پەیرەو دەكەن، بەڵام كە دێنە سەر ئەندازەی هاتووچۆ بەڕاستی ناتوانین ستاندەری نێودەوڵەتی لەسەر جێبەجێ بكەین.

-خاڵێكی دیكە كە دیسان تایبەتە بە هێڵكاریی ڕێگەكان، پرسی دیاریكردنی لاینی شەقامەكانە، كە دەبێت بەپێی تایبەتمەندیی ڕێگەكە هێڵكاریی بۆ بكەیت، بۆ نموونە لایەنی بارهەڵگر دەبێت فراوانتر و جیاواز بێت لە لایەنی ئوتوموبیلی نەفەرهەڵگر، بەڵام كاتێك سەیر دەكەین ناتوانین وەك ستاندەر لاینەكان دابەش بكەین، یان ناتوانین شوێنك لە شەقامەكە وەك پاركینگ بۆ وەستانی پێویستی ئوتوموبیلەكان دیاری بكەین.

- بابەتێكی دیكە كە مەسەلەی ئەو دێزانیە كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بۆ ڕێگەكان دادەنرێت، نابێت بواری ئەوەی نەبێت لایەنە پەیوەندارەكان دەسكاریی دیزانەكە نەكەن، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندارەكان بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆریی خۆیان دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت دەسكاریی بڕگەكانی دیزانەكە بكەن، بەداخەوە لە ئێستا لایەنە پەیوەندارەكان ئەو دەسەڵاتەیان نییە هیچ گۆڕانكارییەك لە دیزانەكەدا بكەن، لەمەش خراپتر كاتێك كە دیزانی پرۆژەیەكی ڕێگەوبان دەگاتە لای ئێمە، دەبیین دەرخستەی تەواوی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە و ناتوانرێت هیچ گۆڕانكارییەك لەو دەرخستەیە بكرێت، بۆیە كاتێك پرۆژەكە جێبەجێ دەكرێت چەندین بڕگەی بە ناتەواوی دەمێنتەوە و سەرەنجام كارەسات دروست دەبێت.

لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە گرنگە هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندارەكانی پرۆژەكانی شەقام و ڕێگەوبانەكاندا زیاتر گرنگیی پێ بدرێت، بڕگەكانی سەلامەتیی هاتووچۆ كە هەموو كارەكانی ئەندازەی هاتووچۆ دەگرێتەو،ە لە پرۆژەكاندا وەك لایەنێكی سەرەكی گرنگیی پێ بدرێت و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت و بەپێی ستاندارە جیهانییەكان مواسەفاتی بۆ دیاری بكرێت، لەبەر ئەوەی، ئەوەی ئێستا بەكردەیی پیادەی دەكەین لە ئاستی مواسەفاتی ستاندەری جیهانیدا نییە.

 

Top