جۆشوا لاندیز تایبەتمەندی کاروبارەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەگەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا ھێرش بکەنە سەر ئیسرائیل رژێمی ئەسەد باجێکی گەورە دەدات
October 8, 2017
دیمانەی تایبەت
جۆشوا لاندیز پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی ئۆکلاھۆما، ھەروەھا سەرۆکی کۆمەڵەی دیراساتی سوورییە، کەسێکی تایبەتمەندە لە کاروبارەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی وڵاتی سووریا. بۆ قسەکردن لەسەر دوایین پەرەسەندن و پێشھاتەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی شەڕ لەو وڵاتەدا و چەند پرس و بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەکی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.• چۆن وەسفی شەڕی ناوخۆی سووریا دەکەیت؟ ئایا پێتوایە بە راستی ئەو شەڕە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، چونکە پێموایە ئەسەد زیاتر و زیاتر دەسەڵاتی خۆی بەدەست دەھێنێتەوە و لە ئێستادا خاکی زیاتر لە ژێر دەستی داعش دەردەھێنێت لە بەشی رۆژھەڵاتی سووریادا، واتە لەم رووەوە پێشبڕکێیەک ھەیە لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکراسیدا، بە چەشنێک لە ئێستادا دەتوانین بڵێین کە چیتر موعارەزەی سووری مایەی مەترسی نییە بۆ ئەسەد. لەلایەکی دیکەوە تورکیا –کە راستە نیگەرانە لە بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی کورد لە سووریادا- ترسی ھەیە لە وەی ئەگەر بێتوو پارێزگای ئیدلیب لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، بە ھاوکاری رووسیا بگیرێتەوە، ئەوا دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسن، ئاوارە بن و رووبکەنە تورکیا، ھەر ئەمەش ھۆکاری ئەوە بوو کە تورکیا ھێزی رەوانەی ئەو پارێزگایە کردووە و ھەوڵی ھێورکردنەوەی ھەل و مەرجەکە دەدات، ئەمە لە کاتێکدا کە رژێمی سووریا کار دەکات بۆ گرتنەوەو و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو پارێزگایە و دەرپەڕاندنی ھێزە یاخیبووەکانی نێو ئیدلیب بۆ نێو خاکی تورکیا.
• کەواتە ئایا دەکرێت بڵێین کە ھێزەکانی موعارەزەی سووری بە تەواوەتی پەرتەوازە بوون و ئێستاش رژێمی سووریا لە پێگەیەکدایە کە بە چەشنێک پێشڕەوی بکات کە بتوانێت دەست بە سەر بست بە بست خاکی سووریادا بگرێتەوە، ھەروەک بەشار ئەسەد بەڵێنی دا؟
- بە شێوەیەکی گشتی ئەمە راستە، بەڵام من چەند تەحەفوزێکی گرنگم ھەیە لەم رووەوە، یەکەمیان ئەوەیە سووریا لە پێگەیەکدا نییە ھێرش بکاتە سەر تورکیا، لە ھەمان کاتدا لە پێگەیەکدا نییە پەلاماری کوردیش بدات، واتە تا وەکو کورد پشتیوانی بکرێت لەلایەن ھێزی ئاسمانی ئەمریکاوە، ئەوا رژێمی سووریا ناتوانێت پەلاماری کورد بدات. پرسیارە راستەقینەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا لە باکووری سووریادا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کورد بکات و بەرگری لەو خاکانە بکات کە لەگەڵ کورددا کۆنتڕۆڵیان کردووە، کە ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارەش نازانین، رەنگە ئەمریکا ھێزێکی بچووک لەو بەشەی سووریادا جێگیر بکات، بەڵام ھەروەک ئاماژەم پێمکرد، ئێمە نازانین نیازەکانی ئەمریکا چین بەرامبەر بە کوردی سووریا. ھەرچەندە بۆ من جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر بێتو ئەمریکا بە تەواوەتی پشت لە کورد بکات. لەلایەکی دیکەوە دەبێت ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە کورد دەستی بەسەر زۆرینەی نەوتی سووریادا گرتووە، ھێزەکانی سووریای دیموکراتی کۆنتڕۆڵی زیاتر لە سەدا ٥٠ی نەوت و گازی سووریایان کردووە، ئەمەش لە ئایندەدا دەبێتە بابەتێک لە نێوان کورد و رژێمی سووریادا، چونکە ئەسەد ناتوانێت بێ دەستبەردارگرتنەوەی بەشێک لەو نەوتە درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات.
• بەڵام یەکێک لە بەرپرسەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردی سووریا پەیوەندییەکی کاتی و تاکتیکییە، ئێوە چی دەڵێن لەم بارەیەوە؟
- لە راستیدا من پێموایە زەحمەتە ئەمریکا تەماشاکار بێت، کاتێک ببینێت ھێزەکانی رژێمی سووریا پێشڕەوی بکات بۆ گرتنەوەی ھەندێ ناوچەی وەک رەققە، کە ئەمریکا و کورد لەو وڵاتەدا ھاوکارییەکی زۆری یەکتریان کرد بۆ رزگارکردنی، واتە باوەڕم وایە ئەمریکا ھەوڵی بەشار ئەسەد بۆ گرتنەوەی شاری رەققە رادەگرێت.
• بەڵام پێتوایە پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی رژێمی سووریا و ھێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتە شتێکی حەتمییە و ھەر روودەدات؟
- من باوەڕم وایە ئەو رووبەڕووبوونەوەیە روودەدات، بەڵام ئایا تا چەند ئەوە رووبەڕووبوونەوەیەکی جددی دەبێت، ئەوا ئەمە وەک نیشانەیەکی پرسیار دەمێنێتەوە. ھەروەک ئاماژەم پێکرد رووبەڕووبوونەوە روودەدات، بەڵام بە راستی ئەمە بەندە بەوەی ئەمریکا چ ھەڵوێستێکی دەبێت و چ کاردانەوەیەک دەگرێتەبەر.
• بەڵام ھەرچۆنێک بێت ناتوانین لە ئێستادا بڵێین کە چیتر پێداگیری لەسەر وازھێنانی ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەکرێت و لە ئێستادا ئەمە ئەگەرێکی دوورە؟
- ئەمە راستە، چونکە لە ئێستادا ھیچ ھێزێک نییە لە سووریادا بتوانێت ناچاری بکات دەست لە دەسەڵات ھەڵبگرێت، یان بتوانێت رژێمی سووریا بگۆڕێت.
• باشە پێتوایە چ ئایندەیەک چاوەڕوانی سووریا دەکات؟ یان با بڵێین ئایا پێشبینی دەکەیت چ جۆرە رێککەوتن، یان چارەسەرێکی سیاسی لەو وڵاتەدا بەدی بێت؟
- من باوەڕم وایە کە بونیادە سیاسییەکە تا راددەیەکی گەورە وەک خۆی دەمێنێتەوە، پێموانییە ئەسەد گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا بێت لە رووی سیاسییەوە، ھەرچەندە لە رووی ئابوورییەوە دەکرێت تا راددەیەکی دیاریکراو گۆڕانکاری ئەنجام بدات، مەبەستم ئەوەیە دەتوانێت دەرفەتی زیاتر بە وەبەرھێنانی دەرەکی و بە موڵکدارێتی تایبەتی بدات، لەو باوەڕەشدام ناچار بێت زۆرێک لە بونیادیە ئیشتراکییەکەی دەوڵەتی سووریا ھەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ھەڵسووڕاندنی کاروبارەکانی دەوڵەت دارایی دەوێت و ئەویش لەو رووەوە پێویستی بە سەرمایەدارەکان دەبێت.
• باشە بۆچوونتان چییە لەبارەی دروستکردنی ناوچەکانی ھێورکردنەوە و ئەنجامدانی رێککەوتنەکانی ئاگربەست لە سووریادا؟ ئایا پێتانوایە ئەمانە لە کۆتاییدا زەمینە بۆ چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن خۆش دەکەن؟
- لە راستیدا پێموایە ئەوەی پەیوەندی بە ناوچە سنوورییەکانی سووریاوە ھەبێت لەگەڵ ئەردەندا، ئەوا ھێزەکانی موعارەزە کە لەو ناوچەیەدا بوونیان ھەیە، ناچار دەبن بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئەسەددا، واتە باوەڕم وایە ئەسەد نزیکەی سەرجەم ئەو ناوچانە دەگرێتەوە. لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین ئەردەن بەرژەوەندی ھەیە لە کردنەوەی رێگاکانی سەر سنوور، چونکە ساڵانە بە بەھای ملیارێک دۆلار بازرگانی لەسەر ئەو سنوورانە دەکرێت، کە ئەم رێگایانەش لەدوای شەڕەکەوە داخراون، کەواتە ھۆکارێکی بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی پاشای ئەردەن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەددا ئاسایی بکاتەوە و ئەو رێگایانە بۆ بازرگانی بکاتەوە. کەواتە من گریمانەی ئەوە دەکەم کە زۆرێک لە میلیشیاکانی نێو ئەو سنوورانە پێیان راگەیاندرابێت، یان لەوە تێگەیشتبێتن کە پێویستە بگەنە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەسەد، یاخود بچنە نێو ئەردەنەوە. کە ئێمە ئەو حاڵەتەشمان بینیوە کە ھەندێ لە ھێزەکانی موعارەزە گەیشتوونەتە ئەو دۆخەی کە واز لە چەکە قورسەکانیان بھێنن و دەست لە شەڕکردن ھەڵبگرن لەبەرامبەر ئەوەی چەکی سووکیان پێ بمێنێتەوە و تا راددەیەک دەسەڵاتێکی مەحەلییان ھەبێت، بەڵام ئەوەش دۆخێکی کاتییە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ بەھێزبوونی رژێمی سووریادا، ئەوا ئەسەد ئەو ئەمیرانەی شەڕ بەلاوە دەنێت.
• ھەروەک دەزانن ئێران رۆڵێکی گەورە و بگرە یەکلاکەرەوەی ھەبووە لە رزگارکردنی رژێمی ئەسەددا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا رۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
- ئاشکرایە ئێران بەردەوام دەبێت لە بینینی رۆڵێکی گرنگ لە سووریادا، چونکە ھەروەک دەزانن ھاوکاریی دارایی و نەوت و ھەروەھا پشتیوانی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سووریا دابین کراوە. بۆیە ئەسەد ناتوانێت پشت لە ئێران بکات، بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکەشی پێویستی بە ئێران دەبێت، ھەروەھا پێویستی بە ھێزی سەربازیی ئێران ھەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا و لە ھەمان کاتدا کوردیش. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئێران بەردەوام رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە سووریادا. بەڵام ئەمە جیاواز دەبێت لەو رۆڵەی کە لە عێراق، یان لە لوبناندا ھەیەتی، چونکە لە سووریادا ژمارەیەکی کەمی شیعە ھەن لەو وڵاتەدا، ئەمە لە کاتێکدا ئێران توانیویەتی میلیشیای شیعە – کە خۆی پشتیوانییان دەکات- لە عێراقدا دروست بکات، کە تا راددەیەکی گەورە سەربەخۆن لە حکومەتی عێراقی، کەواتە ئێران دەتوانێت لە دەرەوەی حکومەتەکەی عەببادیش کار بکات لە عێراقدا. بەڵام ئەمە کارێکی قورسە لە سووریادا، چونکە میلیشاگەلێکی کەمی شیعە ھەن لە سووریادا، لەبەر ئەوەی ژمارەی شیعەکان لە سووریادا کەمە. ھەروەھا عەلەوییەکانی سووریا ھەمان شیعەی ئێران نین، واتە دڵسۆزیی ئەوان زیاتر بۆ ئەسەدە نەک بۆ ئێران، واتە سەرەڕای ئەوەی سووریا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ئێران ناتوانێت بە ئاسانی و بە شێوەیەکی راستەوخۆ کار لەگەڵ میلیشیاکاندا بکات، لەبەر ئەوە پێموایە بە تێپەڕبوونی کات رژێمی ئەسەد دەسەڵاتی خۆی دەچەسپێنێت لە پەیوەندی بە رەنگڕێژکردنی سیاسەتی ئەمنی خۆیەوە و ئێرانیش ناچار دەکات کە بگونجێت لەگەڵیدا لە پەیوەندی بە پاراستنی سەروەریی سووریاوە.
• کەواتە پێتوانییە سووریا بە تەواوەتی ببێتە پاشکۆی ئێران؟
- نەخێر، من پێموانییە.
• باشە زۆر باس لەوە دەکرێت کە میلیشیای شیعە لەسەر سنووری ئیسرائیل جێگیر بکرێت، کە ئەمە بەلای کەمەوە سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروست دەکات، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە راستیدا ئیسرائیل ھەڕەشەی ھەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ سووریا دەکات، ئەگەر بێتو کارێک ئەنجام بدرێت لە دژی ئیسرائیل، ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ ئەسەد، چونکە ئەسەد نایەوێت دوچاری شەڕ بێت لەگەڵ ئیسرائیلدا، واتە نایەوێت ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ھێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی، لەبەر ئەوە رژێمی سووریا بەردەوام دەبێت لە سنووردارکردنی چالاکییەکانی حزبوڵا لە بەرزاییەکانی جۆلان و بە شێوەیەکی گشتی لەسەر سنوورەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل. واتە دەیەوێت چالاکییەکانی تەنیا لە سنووری لوبناندا قەتیس بێت. ھەروەھا من پێموایە لە کۆتاییدا ئێرانیش بەمە رازی دەبێت، چونکە بە پێچەوانەوە ئەگەر سووریا ئەم کارە نەکات، ئەوا ئیسرائیل ناچاری دەکات کە باجێکی قورس و گران بدات.
• بەڵام خۆ دەبینین ئێران بە دەیان ھەزار میلیشای شیعەی لە وڵاتانی دیکەی وەک عێراق و لوبنان و ئەفغانستان و پاکستان کۆکردووەتەوە و لە سووریا و بۆ بەرژەوەندی بەشار ئەسەد شەڕیان پێدەکات، ئەمەیان چۆن لێکدەدەنەوە؟
- بەڵێ، ئەمە راستە و ئەسەدیش زۆر سوپاسگوزارە لەو رووەوە، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش بزانین کە ئەو میلیشایایانە سووریا و سوپای سووریا بەڕێوە نابەن، واتە ئەوانە وەک کەسانی بیانی لە سووریادا دەمێننەوە و سووریاش وەک کەسێکی بیانی لێیان دەڕوانێت، بە چەشنێک کاتێک شەڕەکە تەواو بوو، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. ئەمە لە کاتێکدا بەھۆی بوونی حەشدی شەعبییەوە دۆخەکە لە عێراقدا زۆر جیاوازە، چونکە پێشبینی دەکرێت ھێزەکانی حەشدی شەعبی تێکەڵی سوپای عێراق بکرێن و ببنە بەشێکی رێکخراوی دامەزراوەی ئەمنی لە وڵاتەکە.
• ئەی چۆن لە رۆڵی رووسیا دەڕوانن لە سووریادا، بەتابیەتی دوای ئەوەی دەستێوەردانی سەربازی کرد و بارودۆخەکەی بە بەرژەوەندی ئەسەد گۆڕی؟ مەبەستەکە ئەوەیە ئایا تا چەند رووسیا رۆڵێکی بنەڕەتی دەبێت لە ھێنانەئارای چارەسەرێکی سیاسی لەو وڵاتەدا؟
- من ھاوڕام لەگەڵ ئەوەدا کە رووسیا رۆڵێکی سەرەکی دەبێت، چونکە رووسیا رژێمی ئەسەدی رزگار کرد، کە پێموایە ئەسەد قەرزارباری پوتین و رووسیا بە شێوەیەکی گشتی دەبێت. بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا سووریا بۆتە پانتاییەکی سەرەکی بۆ ھێزی رووسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. کەواتە رووسیا ناتوانێت دەستەبەرداری سووریا بێت. ھەروەھا دەبێت ئەو راستییەمان لەبەرچاو بێت کە رووسیا و سووریا بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیە، وەک تێکشکاندنی جیھادییەکان لە ئیدلیب، وەک فشارخستنەسەر تورکیا بۆ قبووڵکردنی ئەسەد، ھەروەھا بەرژەوەندییان ھەیە لە ھاوکاریکردنی ئێران بۆ پاراستنی ھەژمونی ناوچەیی خۆی، بەو مانایەی کە رۆڵێکی باڵادەستی ھەبێت لە لوبنان و سووریا و عێراقدا. ھەروەھا لەبەر ئەوەی رووسیا چارەنووسی خۆی لە باکووری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ھەڵکشانی شیعەوە گرێداوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت ھاوسەنگییەک لەو رووەوە دروست بکاتەوە بە بنیادنانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کورد، واتە لە رێی پاراستنی پەیوەندییە باشەکانیەوە لەگەڵ کورددا کە لە رووی مێژوییەوە ئەم پەیوەندییە باشەی ھەبووە، ئەویش لە رێی وەبەرھێنانکردن لە کوردستان و لە عێراق و ھەروەھا لە رێی ھەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کوردی سووریادا. کەواتە رووسیا بەرژەوەندی لەوەدایە کە کوردی سووریا و رژێمی ئەسەد بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ یەکتردا لەسەر ھێنانەئارای خۆبەڕێوبەرییەک –ئۆتۆنۆمی لە باکووری سووریا- لە بری ئەوەی لە شەڕ و ناکۆکیدا بن لەگەڵ یەکتردا.
• ئایا پێشبینی ئەوە دەکەیت کە رووسیا و ئەمریکا لێکنزیک ببنەوە، یاخود ھاوکاری لەگەی یەکتردا بکەن لەسەر چارەسەرکردنی دۆخی سووریا؟
- لە راستیدا من پێموایە ئەمریکا دەیەوێت کوردی ئەو وڵاتە بپارێزێت و لەم ئەرکەشدا پێویستی بە ھاوکاری رووسیا دەبێت، چونکە ئەمریکا نایەوێت لە رووی سەربازییەوە لە بارودۆخەکەوە تێوەبگلێت، بەڵام ئەگەر رووسیا و ئەسەد دژی کورد پێشڕەوی بکەن، ئەوا ئەمریکا دەکەوێتە بەردەم دوو بژارەوە، یان ئەوەتا دەستبەرداری کورد دەبێت و پشتیان تێدەکات، کە ئەمە ئیحراجییەکی گەورە بۆ ئەمریکا دروست دەکات، یاخود ناچار دەبێت پتر رۆڵێکی سەربازیی بەرچاو ببینێت، بۆ ئەوەی خۆی لەم دەرئەنجامەش لا بدات، ئەوا ئەمریکا پێویستی بە ھاوکاریی رووسیا دەبێت، کە لەو کاتەدا دەبێت رووسیا فشار لەسەر تورکیا دروست بکات بۆ رازیبوون بە دروستبوونی ھەرێمێکی کوردی خۆبەڕێوەبەر- ئۆتۆنۆمی- لە باکووری سووریا، ھەروەھا پێویستە رووسیا فشار لەسەر ئەسەدیش بکات بۆ قبووڵکردنی. مەبەستم ئەوەیە ئەمریکا نایەوێت بە تەنیا ئەم کارە بکات و نایەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەسەددا بکات، بەڵام خۆ دەتوانێت لە رێی رووسیاوە مامەڵە لەگەڵ دەزگا ھەواڵگرییەکانی رژێمی ئەسەددا بکات، چونکە ئەمریکا پێویستی بە زانیارییەکانی دەزگای ھەواڵگری سووریا دەبێت، لەبەر ئەوەی دەبێت بزانێت کێ ئەندامی ئەلقاعیدە و کێ ئەندامی داعش و کێ جیھادییە لە سووریادا. کە لەم رووەوە رووسیا دەتوانێت ھاوکارییان بکات و ئەو زانیارییانە و فایلی کۆمپیوتەرەکانیان پێ بدات، چونکە ئەمریکا ناتوانێت راستەوخۆ داوای ئەم زانیارییانە لە ئەسەد بکات، لەبەر ئەوەی ئەمە ئیحراجی تێدایە بۆ ئەمریکا. کەواتە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بواری ھاوبەشی زۆر ھەیە لە نێوانیاندا –ئەمریکا و رووسیا-، ھەروەھا لە پەیوەندی بە کوردەوە خاڵی ھاوبەشی زۆر ھەیە لە نێوانیاندا.
• دوایین پرسیارمان ئەوەیە ئایا پێشبینییەکانتان چین بۆ سووریا و باشترین و خراپترین سیناریۆ چین کە چاوەڕێی ئەو وڵاتە دەکەن؟
- خراپترین سیناریۆ ئەوەیە ئەلقاعیدە و داعش و جیھادییەکان بە بەھێزی بمێننەوە، بە چەشنێک کە سووریا نەگەڕێتەوە بۆ باری سەقامگیری و تیرۆریزم باڵ بکێشێتەوە بەسەر بارودۆخەکەدا، واتە سووریا بە دەوڵەتێکی لاواز بمێنێتەوە، بە شێوەیەک کە بوار بۆ راھێنانی رادیکاڵەکان دروست بێت و بتوانن پیلان لە دژی رۆژئاوا دابڕێژن. باشترین سیناریۆش ئەوەیە کە دەست بە بنیاتنانەوەی سووریا بکرێت و رێگاچارە و رێککەوتنێک لەگەڵ کورددا بکرێت بۆ ئەوەی شەڕ بەرپا نەبێتەوە، ئەو کاتەش دەرفەت بڕەخسێت بۆ ئەوەی کوردیش دەست بە پرۆسەی بنیادنانەوە بکەن و قوتابخانە و زانکۆ بنیاد بنێنەوە و کار لەسەر حوکمڕانیی باش بکرێت و وەبەرھێنانی دەرەکی رابکێشنە نێو ھەرێمەکەیانەوە- کوردستانەوە-. ئەمە باشترین سیناریۆ دەبێت، کە ئەو کاتەش تورکیا رازی بێت بە مامەڵەکردن لەگەڵ یەپەگەدا. ھەرچەندە ئەمە زیاتر لە خەونەوە نزیکە و رەنگە ئەگەری ھاتنەئارای دوور بێت، بەڵام بە پشتیوانی خودا بۆی ھەیە رووبدات. لەم سیناریۆیەدا شەڕ روونادات و تورکیا و کوردستان و سووریا دەست دەدەنە بازرگانیکردن لەگەڵ یەکتردا. واتە لەبری ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن، دەست دەدەنە بازرگانی لەگەڵ یەکتردا. ئەو کاتەش بۆ یەکەمجار حکومەتگەلێکت دەبێت لە لوبنان و سووریا و عێراق و ئێراندا کە بگونجێن لەگەڵ یەکدا، واتە لەم حاڵەتەدا دەکرێت بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز لە ئێرانەوە بەرەو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست دروست بکرێت، ھەروەھا رێگەوبانی خێرا دروست دەکرێت کە خەڵکی دەتوانن بە ئاسانی و بە خێرایی ھاتوچۆ بکەن، کە پێشتر و لە رابردوودا خەڵک نەیتوانیوە ئەمە بکات. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر حکومەتەکانی ئەم وڵاتە پەیوەندی دۆستانە ھەبێت لە نێوانیاندا، ئەوا گەشەی ئابووری دێتەئاراوە. خۆ راستە رەنگە رۆژئاوا سزا بەسەر سووریادا بسەپێنێت و ھێنانەئارای ئەم دەرئەنجامە بکاتە کارێکی دژوار، بەڵام خۆ دەشتوانێت چاوپۆشی بکات بۆ ئەوەی عێراق و لوبنان ئەو سزایانە بشکێنن و دەست بدەنە بازرگانی و ئەمەش سەربکێشێت بۆ گەشەی ئابووری، وەک وتم ئەمە باشترین سیناریۆیە.
- سپۆت:
- ئەگەر رووسیا و ئەسەد دژی کورد پێشڕەوی بکەن، ئەوا ئەمریکا دەکەوێتە بەردەم دوو بژارەوە، یان ئەوەتا دەستبەرداری کورد دەبێت و پشتیان تێدەکات، کە ئەمە ئیحراجییەکی گەورە بۆ ئەمریکا دروست دەکات، یاخود ناچار دەبێت پتر رۆڵێکی سەربازیی بەرچاو ببینێت
- رووسیا چارەنووسی خۆی لە باکووری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ھەڵکشانی شیعەوە گرێداوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت ھاوسەنگییەک لەو رووەوە دروست بکاتەوە بە بنیادنانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کورد، واتە لە رێی پاراستنی پەیوەندییە باشەکانیەوە لەگەڵ کورددا کە لە رووی مێژوییەوە ئەم پەیوەندییە باشەی ھەبووە
- ئێران توانیویەتی میلیشیای شیعە – کە خۆی پشتیوانییان دەکات- لە عێراقدا دروست بکات، کە تا راددەیەکی گەورە سەربەخۆن لە حکومەتی عێراقی، کەواتە ئێران دەتوانێت لە دەرەوەی حکومەتەکەی عەببادیش کار بکات لە عێراقدا
- ھاوکاریی دارایی و نەوت و ھەروەھا پشتیوانی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سووریا دابین کراوە. بۆیە ئەسەد ناتوانێت پشت لە ئێران بکات، بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکەشی پێویستی بە ئێران دەبێت
- ھەندێ لە ھێزەکانی موعارەزە گەیشتوونەتە ئەو دۆخەی کە واز لە چەکە قورسەکانیان بھێنن و دەست لە شەڕکردن ھەڵبگرن لەبەرامبەر ئەوەی چەکی سووکیان پێ بمێنێتەوە و تا راددەیەک دەسەڵاتێکی مەحەلییان ھەبێت، بەڵام ئەوەش دۆخێکی کاتییە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ بەھێزبوونی رژێمی سووریادا، ئەوا ئەسەد ئەو ئەمیرانەی شەڕ بەلاوە دەنێت
- سووریا لە پێگەیەکدا نییە ھێرش بکاتە سەر تورکیا، لە ھەمان کاتدا لە پێگەیەکدا نییە پەلاماری کوردیش بدات، واتە تا وەکو کورد پشتیوانی بکرێت لەلایەن ھێزی ئاسمانی ئەمریکاوە، ئەوا رژێمی سووریا ناتوانێت پەلاماری کورد بدات
- کورد دەستی بەسەر زۆرینەی نەوتی سووریادا گرتووە، ھێزەکانی سووریای دیموکراتی کۆنتڕۆڵی زیاتر لە سەدا ٥٠ی نەوت و گازی سووریایان کردووە، ئەمەش لە ئایندەدا دەبێتە بابەتێک لە نێوان کورد و رژێمی سووریادا، چونکە ئەسەد ناتوانێت بێ دەستبەردارگرتنەوەی بەشێک لەو نەوتە درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات
-
