پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان: گۆڤاری گوڵان مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە
بەبۆنەی تێپەربوونی 32 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵاندا، بەرێز سەرۆك بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەرو تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان كردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی :
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان سەرنووسەر و كارمەندانی ستاڤی گۆڤاری گوڵان
بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.
گۆڤاری گوڵان هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، ڕێچكەیەكی جیاوازی لەناو ڕۆژنامەگەریی كوردیدا پیادەكردووە و، بەردەوام مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە، هەمووكات هەوڵیداوە لەسەر بنەمای پاپەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و ڕێزگرتن لەكۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.
سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم هەردەم پابەندی پڕەنسیپەكانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بن و، لە ئاست داخوازیی خەڵك و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.
مسعود بارزانی
22ی نیسانی 2026
