پڕۆفیسۆر سكۆت بیولیەر لە زانكۆی وایۆمینگ بۆ گوڵان: ئەزموونی بۆتسوانا سەلمێنەری هێزی دامەزراوە سیاسییەكانە لە بونیادنانی گەشەكردنی هەمیشەیی وڵاتدا

پڕۆفیسۆر سكۆت بیولیەر لە زانكۆی وایۆمینگ بۆ گوڵان: ئەزموونی بۆتسوانا سەلمێنەری هێزی دامەزراوە سیاسییەكانە لە بونیادنانی گەشەكردنی هەمیشەیی وڵاتدا

 

سكۆت بیولیەر، پڕۆفیسۆری ئابووری و ڕاگری سكووڵی بزنسە لە كۆلێژی بەڕێوەبردنی كار لە زانكۆی وایۆمینگ، شارەزا و تایبەتمەندە لە بواری دیزاینی دامەزراوەكان و پرسی ئەوەی تا چەند دامەزراوەكان دەتوانن پاڵنەر و هۆكاری بەدیهێنانی گەشەی درێژخایەن بهێننە ئاراوە، هەروەها توێژینەوەی لەسەر ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتی بۆتسوانا كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە پسپۆڕییەكەی لەگەڵدا تاوتوێ كرد.

 

 

* لە توێژینەوەكانتاندا جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەوە بناغە سیاسی و دامەزراوەییەكانن دەرئەنجامی گەشەپێدانی درێژخایەن لێك دەدەنەوە. بە تێڕوانینی ئێوە چ شتێك ئەو دامەزراوانە جیا دەكەنەوە كە دەبنە هۆی بەدیهێنان و پاراستنی سەقامگیری لەو دامەزراوانەی كە گەشەیەكی ئابووریی گشتگیر و بەردەوام دەهێننە ئاراوە؟ نەتەوەكان چۆن لە سەرەتای پرۆسەی پێكهاتن و گەڵاڵەبوونیاندا دەتوانن خۆیان لەو هاوكێشە دامەزراوەییە ڕزگار بكەن، كە لە ڕواڵەتدا سەقامگیرن، بەڵام لە واقیعدا ئاستەنگ بۆ گەشە دروست دەكەن؟

- لە ڕاستیدا ئەو دامەزراوانەی كە كاریان تەنیا بووەتە پاراستنی سەقامگیری، ئەوا ئەركەكەشیان تەنیا لەوەدا كورت دەبێتەوە كە ڕێگری لە داڕووخان بكەن، مەبەستم ئەوەیە كە تا ڕاددەیەك نادڵنیایی دەڕەوێننەوە، بەڵام ئەو بارودۆخە ناخوڵقێنن كە لەبارە بۆ وەبەرهێنانێكی بەرفراوان و پێشەنگكاری و پلاندانانی درێژخایەن، بە پێچەوانەوە، ئەو دامەزراوانەی بواری گەشەكردن دەهێننە ئاراوە، ئەركەكانیان سنووری پاراستنی سەقامگیری تێدەپەڕێنێت و كار دەكەن بۆ پاراستنی موڵكدارێتی، ڕێگریكردن لە پێشێلكاری و خوڵقاندنی دەرئەنجامێكی تەواو پێشبینیكراو، ئەو متمانەیەش لای خەڵكی دروست دەكەن، كە دەست بەسەر سەركەوتنەكانیاندا ناگیرێت. مەبەستم ئەوەیە دەتوانن بەری سەركەوتنەكانیان بچننەوە، پێموایە ئەمە جیاوازییە سەرەكییەكەیە. بە واتای ئەوەی سەقامگیری بە تەنیا بەس نییە، چەندین كۆمەڵگە هەن كە لە ڕواڵەتدا سەقامگیرن، بەو واتایە كە نوخبەكانیان لە ڕێساكانی گەمەكە تێدەگەن و دەتوانن بە تێپەڕبوونی كات پارێزگارییان لێ بكەن و پیێانەوە پابەند بن، بەڵام ئێوە لەوە بڕوانن كە ئەگەر ئەم ڕێسایانە بە چەشنێك بن، كە بوار بە ڕەچاوكردنی مەحسووبییەت بدەن، ئەوا هاوكێشەیەك دروست دەبێت كە لە ڕووكەشدا سەقامگیرە، بەڵام لە قووڵاییدا دژ بە گەشە و پەرەپێدانە. بۆ شكاندنی ئەم هاوكێشەیە، دەبێت ئەو نەتەوانەی لە سەرەتای پرۆسەی پێكهاتندان چەشنە سیاسەتێكی نوێ پیادە بكەن، واتە پێویستییان بەو گۆڕانكارییانە هەیە كە دەبنە هۆی ئەوەی پێشبینی و چاوەڕوانییەكانیش لەگەڵیاندا بگۆڕێن. پێویستە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران و كاراكتەرە سیاسییەكان باوەڕ بەوە بهێنن كە چالاكییە بەرهەمدارەكانیان دەرئەنجامی باشتری دەبێت بۆ ئەوان بەراورد بە دەستڕاگەیشتنی سیاسییان، ئەم كارەش پێیوستی بەوە هەیە كە سنووربەندی لەسەر كارە ناڕەواكانی دەوڵەت دابنرێت، باشتر مافی موڵكدارێتی بپارێزرێت و دامەزراوەكانیش بە چەشنێك دابڕێژرێنەوە كە بە تێپەڕبوونی كات بتوانن بەڵێنەكانیان میسداقییەتی زیاتری هەبێت. لەو كار و توێژینەوانەی كە بۆتسوانا ئەنجامم داون، هەمیشە خاڵێكی سەرەكی هەبوو، ئەویش ئەوەیە كە پەرەپێدان تەنیا پەیوەست نییە بە داڕشتنی سیاسەتی پشتیوانكارانەوە، بەڵكو گرێ دراوە بە گەڵاڵەكردنی ئەو سیاسەتانەی كە جێی متمانەن و درێژخایەنن.

* بەڵام هەرچەندە زۆرجار ئاماژە بەوە دەكرێت كە چوارچێوە دامەزراوەییەكان كاریگەریی گەورە و گرنگییان هەیە لەسەر هێنانەئارای گەشەیەكی ئابووریی بەردەوام، بەڵام زۆرێك لە دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە چاكسازییەوە ناتوانن گۆڕانكارییەكی درێژخایەن بەدی بهێنن، كەواتە تا چ ڕاددەیەك نۆرمە نافەرمییەكان، و پاڵنەری سیاسی گرنگن بۆ گەشەیەكی دامەزراوەیی تەندروست و سەركەوتوو بەراورد بە سیاسەتە فەرمییەكان؟ ئایا دەتوانرێت ئەم هێزە قووڵانە بگۆڕدرێن، یان دەبێت بە تێپەڕبوونی كات و بە شێوەیەكی سرووشتی بێنە ئاراوە؟

- گومان لەوەدا نییە كە ئەم لایەنانەی ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، یەكجار گرنگن و زۆرجار لە دیزاینە دامەزراوەیی فەرمییەكە گرنگترن، بە دڵنیاییەوە، ڕێسا فەرمییەكان گرنگن، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە ئەم ڕێسایانە لە نێو كەشێكی كولتووری و سیاسیی بەرفراوانتردا هەڵدەسووڕێن. بۆ نموونە دەكرێت لە دەستووردا كۆتوبەند لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، بەڵام ئەگەر كاراكتەرە سیاسییەكان دەوڵەت وەك ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی تایبەت سەیر بكەن، ئەوا ڕێسا فەرمییەكان فەرامۆش دەكرێن و لە ناوەڕۆكی خۆیان بەتاڵ دەكرێنەوە. ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە زۆرێك لە دەستپێشخەرییەكانی چاكسازی تووشی شكست دەبن، چونكە سیاسەتداڕێژەران جەخت لەسەر گرنگیی دامەزراوە فەرمییەكان دەكەنەوە -یاسای نوێ، دامەزراوەی نوێ و دەستەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی- بە بێ گۆڕینی ئەو پاڵنەرە بونیادییانەی كە لە میانەی جێبەجێكردنیان ڕووبەڕووی دەبنەوە. نۆرمە نافەرمییەكان و چاوەڕوانییە سیاسییەكان ئەوە یەكلا دەكەنەوە كە ئایا دەكرێت ڕێسا فەرمییەكان ببنە كۆتوبەندی مانادار، نەك ڕواڵەت و ڕووكەش. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاماژەی پێ كرا، من ناڵێم پێویستە ئەم هێزە قووڵانە بە شێوەیەكی سرووشتی و بە چەشنێكی نەرێنی گەشە بكەن، واتە دەكرێت كاریگەرییان لەسەر دروست بكەین، بەڵام بە زۆری بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و هەنگاو بە هەنگاو. لەم ڕووەوە دەكرێت بگوترێت كە ئەو چاكسازییانەی برەو بە شەفافییەت دەدەن و دەسەڵاتی هەڕەمەكی و پێشێلكارانەی دەوڵەت كەم دەكەنەوە و گیانی ململانێی بەهێز دەكەن و پاداشت بۆ چالاكییە بەرهەمدارەكان دەستەبەر دەكەن، دەتوانن هاوكار بن لەوەی بە تێپەڕبوونی كات ئەم نۆرمانە دابڕێژن و گەڵاڵەی بكەن، بەڵام ئەمە بە دەگمەن پرۆسەیەكی خێرایە. لەم ڕووەوە پاشخانی مێژووییش گرنگە بەلای خەڵكەوە. خۆ ئەگەر دەوڵەت بەردەوام بێتوانایی خۆی بسەلمێنێت لە بەدیهێنانی بەڵێنەكانیدا، ئەوا خەڵكیش بە ئاسانی متمانە بە بانگەشەكانی ناكەن. لێرەدا مەبەست لەوەیە كە دەبێت دەوڵەت كار بكات بۆ ئەوەی میسداقییەت بە دەست بهێنێت، كە ئەمە بەشێك بوو لە دەستكەوتەكانی بۆتسوانا، كە تەنیا ڕێساكانیان دانەڕشت، بەڵكو بە چەشنێك كاریان كرد كە بووە هۆی گۆڕینی پێشبینی و چاوەڕوانییەكانی هاووڵاتییان و كەسانی دەرەكییش.

*  ئێوە ئاماژەتان بە ئەزموونی وڵاتی بۆتسوانا كرد، كە وەك كەیسێكی سەركەوتووی كیشوەری ئەفریقا لێی دەڕوانرێت. بە دید و تێڕوانینی ئێوە، ئایا ئەمە سادەكردنەوەی پرسەكەیە، یان هەلومەرجێكی ئاڵۆزی ئابووری و سیاسی هەبوو كە بوونە بناغە و بنچینەی ئەم سەركەوتنە؟

- پێموایە ئەمە تا ڕاددەیەك سادەكردنەوەی پرسەكەیە، لە ڕاستیدا بۆتسوانا چیرۆكی ئەزموونێكی سەركەوتنە، بە تایبەتی بەراورد بە زۆرێك لەو دەوڵەتانەی دیكە كە لە دەستی ئیستیعمار ڕزگاریان بووە، بەڵام مەترسییەكە ئەوەیە كە ئەمە ببێتە هۆی دروستبوونی دیدێكی چەقبەستوو و پێمان وابێت كە لەبەر ئەوەی سەركردەی باش و سیاسەتی باش و ئەڵماس هەبوون لەو وڵاتەدا، ئیدی گەشەكردن هاتەدی، چونكە ئەم دیدە لایەنێكی ئابووری و سیاسیی گرنگ فەرامۆش دەكات، ئەمە بۆ ئەوەیە بڵێین: سەركەوتنی بۆتسوانا تەنیا پەیوەست نەبوو بە بوونی نیازپاكییەوە، بەڵكو بەرهەم و زادەی كارلێكی نێوان دامەزراوە سیاسییەكان و نۆرمەكانی كۆتوبەند كرد. بژاردە سیاسییەكان بوو كە لە دەرئەنجامدا بوونە هۆی ئەوەی گرتنەبەری ڕەوتی گەشەكردن سەرنجڕاكێشتر بوو لە ڕەفتاری پێشێلكاری. چیرۆكە قووڵترەكەی بۆتسوانا ئەوەیە كە ئەم وڵاتە خۆی بە دوور گرت لە گرتنەبەری ئەو ڕێچكەیەی كە سەركردە سیاسییەكانی دوای قۆناغی ئیستیعماری پیادەیان كرد، كە بریتی بوو لە دەسەڵاتی مەركەزی، كۆتوبەندە لاوازەكان و بەكارهێنانی دەوڵەت و سەرچاوەكانی بۆ بەدەستهێنانی داهات و دابەشكردنی بەسەر هاوپەیمانە سیاسییەكاندا. بەڵێ، بۆتسوانا ئەزموونێكی گرنگە، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی ڕێچكەیەكی سادە دەخاتە ڕوو. گرنگ و بەهادارە لەبەر ئەوەی پێمان دەڵێت كە پرۆسەی پەرەپێدان چەند هەستیارە و چەند دەگمەنە كە سیستمێكی سیاسی كار بۆ خوڵقاندنی سەروەت و سامان بكات لە مەودای دووردا، لەبری ئەوەی هەوڵەكانی لەسەر بەدەستهێنانی دەستكەوتی كورت مەودادا چڕ بكاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە من هەمیشە ئەوە دووپات دەكەمەوە كە ئەزموونی بۆتسوانا موعجیزە نییە، بەڵكو وانەیەكە لەبارەی ئەوەی چۆن دەكرێت دامەزراوە سیاسییەكان بتوانن پاڵنەری پەیوەست بە بەدیهێنانی گەشەكردن بونیاد بنێن و بیخوڵقێنن.

* ئەگەر پرسیارەكە پتر ورد بكەینەوە، ئایا پێتانوایە هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی بۆتسوانا پتر پەیوەستە بە دیزاینە دامەزراوەییەكەی ئەو وڵاتەوە، یان زیاتر گرێ دراوە بە چەند پرس و فاكتەرێكی دیكەوە، وەك پێگەی جوگرافیی ئەو وڵاتە و سەركردایەتییەكەیەوە؟

- ئەگەر بە ڕاشكاو و ڕوونی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین هەموو ئەو هۆكارانەی ئێوە ئاماژەتان پێ كردن، ڕۆڵ و كاریگەرییان هەبووە. هەمیشە من جەختم لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە نابێت سەركەوتنی ئەم وڵاتە گرێ بدەینەوە بەوەی خۆشبەخت بووە، یان بە دیزاینكردنی دامەزراوەكانیەوە، هەروەها هەلومەرجە مێژووییەكەش گرنگیی خۆی هەبوو، بە هەمان شێوە سەركردایەتیی ئەو وڵاتەش، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و سەرسامییە ئەوەیە كە كاردانەوە و مامەڵەی بۆتسوانا بێئەندازە باش و بەرهەمدار بوو. زۆرێك لە وڵاتان دەرفەتی لەباریان بۆ دەستەبەر دەبێت، بەڵام بە هەدەریان دەدەن، بۆتسوانا یەكێك نەبووە لەم وڵاتانە. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە لە توێژینەوە سەرەتاییەكانمدا پتر جەختم لەسەر سیاسەتی دوای قۆناغی ئیستیعماری و دامەزراوە سیاسییەكان كردەوە. بوونی ئەڵماس بە تەنیا بەس نییە بۆ لێكدانەوەی سەركەوتنی بۆتسوانا، چونكە لە زۆر شوێنی دیكەدا سەرچاوەكان بوونە هۆكاری دروستبوونی شەڕ و ناكۆكی، كەواتە من بەم شێوەیە گوزارشتی لێ دەكەم، مێژوو و هەلومەرجەكە دەرفەتیان ڕەخساند، بەڵام ئەوە دامەزراوەكان بوون، ئەوەیان یەكلا كردەوە چۆن بە شێوەیەكی بەرهەمدار سوود لەم دەرفەتانە وەربگیرێت. ئەوە سەركردایەتیی ئەو وڵاتە بوو كە بارودۆخەكەیان گۆڕی بۆ ڕێسای درێژخایەن و وەك دەرفەتێك بۆ دەستكەوتی كورتخایەن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

 

Top