د.عەلی ئەسكەرۆڤ پسپۆڕ لە دیراساتی ئاشتی و ململانێ بۆ گوڵان: پرسی کورد هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە لەنێوان نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی و دابەشبوونێكی سیاسی و ستراتیژیی ناوخۆییدا

د.عەلی ئەسكەرۆڤ  پسپۆڕ لە دیراساتی ئاشتی و ململانێ بۆ گوڵان:   پرسی کورد هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە لەنێوان نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی و دابەشبوونێكی سیاسی و ستراتیژیی ناوخۆییدا

 

 

د.عەلی ئەسکەرۆڤ، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی «دیراساتی ئاشتی و ململانێ» لە زانکۆی کارۆلینای باکوور، یەکێکە لە توێژەرە دیارەکانی بواری توندوتیژیی پێکهاتەیی، وەرچەرخانی ململانێ و داینامیکی نەتەوەیی. هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمی زانستیی گرنگە، لەوانە «فەرهەنگی مێژوویی ململانێی چیچان» و «پەیوەندیی هاوچەرخی تورکیا و ڕووسیا»، کە تێیاندا بە قووڵی شیکردنەوە بۆ ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکی و نەتەوەییەکانی ناوچە ئاڵۆزەکان دەکات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو جیاكارییە سیستیماتیكەی لە كۆمەڵگەی فرەییدا دژی پێكهاتە جیاوازەكان ئەنجامدەرێت، لەم دیمانە تایبەتەدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.ئەسكەرۆڤ كرد.

 

 

* ئایا جەختکردنەوە لە ڕەهەندی فرەیی نەتەوەیی، تەحەددای بۆچوونە باوەکان و «نەخشە ناتەواوەکەی» شرۆڤەکاران ناکات لە تێگەیشتن لە واقیعی فرەیی ئێران، لەبری وێناکردنی وەک کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو؟

- ئێران لە جەوهەردا دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیە، کە تێیدا پێکهاتە نافارسەکانی وەک کورد، بەلوچ، تورک و عەرەب، نەک تەنها دانیشتووی ڕەسەنی خاکەکەیانن، بەڵکو لە ڕووی دیمۆگرافییەوە بارستەیەکی گەورە پێکدەهێنن. کێشەی بنەڕەتی لەوەدایە کە گوتاری نێودەوڵەتی، بەهۆی بەکارهێنانی چەمکی «جیهانی فارسی» و هاوتاکردنی ناسنامەی ئێرانی لەگەڵ فارسی، جۆرێک لە «کوێریی شرۆڤەکاری» دروست کردووە. ئەمەش وای کردووە جیاوازییە نەتەوەییەکان لەناو مۆدێلە سیاسییەکاندا بە نادیاری بمێننەوە.

ئێمە لەگەڵ «نەخشەیەکی ناتەواو» ڕووبەڕووین، چونکە فرەیی نەتەوەیی لە ئێراندا تەنها ڕەهەندێکی کولتووری نییە، بەڵکو فاکتەرێکی پێکهاتەیی (Structural) و جەوهەرییە لە دیاریکردنی شەرعییەتی دەوڵەت و سەرهەڵدانی نائارامییەکان. پشتگوێخستنی ئەم ڕاستییە، تەنها پەیوەست نییە بە بوارە سۆسیۆ-ئابوورییەکان، بەڵکو توندوتیژییەکی سیستماتیک لە بوارەکانی یاسا، پەروەردە و مێژوونووسیدا بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا دەستکەوتە مرۆییەکان تەنها بۆ ناسنامەی فارسی تەرخان دەکرێن.

دابەشبوونی نەتەوەیی لە ئێراندا دیاردەیەکی کاتی یان دەرەنجامی دەستوەردانی دەرەکی نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی جێگیری دەوڵەتە کە لە کاتی قەیرانەکاندا چالاک دەبێتەوە.

ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانییەی لە ئێراندا پیادەكراوە، لەبری چارەسەرکردنی کێشەی ناسنامەکان، تەنها قەیرانەکان دوادەخات. فراوانبوونی بۆشایی نێوان لێدوانە فەرمییەکان و واقیعی ژیانی نەتەوەکان، بەڕێوەبردنی گرژی و تەنگژەكانی قورستر کردووە. کەواتە، گۆڕینی پارادایمی شرۆڤەکاری و ڕاستکردنەوەی نەخشەی سیاسی، نەک تەنها ئەرکێکی هزری، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەر جۆرە تێگەیشتنێکی ورد لە ئاییندەی سیاسی و سەقامگیریی ئەم وڵاتە. هەر تێڕوانینێک کە ئەم فرەییە وەک ململانێیەکی جەوهەری نەبینێت، مەحکوومە بەوەی لە خوێندنەوەی داینامیکە ناوخۆییەکاندا تووشی هەڵەی ستراتیژی ببێت.

* بۆچی ڕەهەندی فرەیی نەتەوەیی لە باردۆخە ئاڵۆزەكاندا، پشتگوێ دەخرێت؟ ئایا ئەمە تەنیا بۆشاییەکی شرۆڤەکارییە، یان ڕەنگدانەوەی دوودڵییەکی سیاسییە بەرامبەر لێکەوتەکانی یەكپارچەیی دەوڵەت؟

- بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، پێویستە جیاکارییەکی مێتۆدی لەنێوان بارودۆخی «پێش جەنگ» و «کاتی جەنگ»دا بکرێت. لە قۆناغی پێش جەنگدا، جووڵانەوەی ئەتنۆپۆلیتیکی (نەتەوەیی-سیاسی)، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک کوردستان و سیستان و بەلوچستان، بە دیارتر دەردەكەون، ئەم بزووتنەوانە ڕەگیان لە داواکاریی مێژوویی بۆ ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی سیاسی هەیە، بەڵام ناساندنیان لەنێوان دوو جەمسەری «تێرۆریزم» یان «ڕزگاریخوازی نەتەوەیی»، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی لێکدانەوە و پێگەی سیاسیی لایەنەکانەوە.

لە کاتی هەڵکشانی گرژییە دەرەکییەکاندا، هەرچەندە دیاربوونی ئەم بزووتنەوانە ڕوو لە کەمی دەکات، بەڵام نابێت وەک پاشەکشەی ناڕەزایەتییەکان لێک بدرێتەوە. ئەمە دەرەنجامی سێ فاکتەری سەرەکییە: چڕبوونەوەی وەرگرتنی ڕێوشوێنی دەوڵەت، گۆڕانی خواستی دانیشتوان بەرەو «مانەوە» (Survival)، و گومان بەرامبەر بە دەستوەردانی دەرەکی.

کەواتە، کەم نیشاندانی ئەم ڕەهەندە لە گوتاری جیهانیدا تەنها بۆشاییەکی شرۆڤەکاری نییە، بەڵکو بڕیاربەدەستانی سیاسی بە ئەنقەست بایەخی پێ نادەن. دەوڵەتەکان مەیلیان بەرەو ئەوەیە کە سەقامگیری و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بخەنە پێش مامەڵەکردن لەگەڵ دابەشبوونی ناوخۆیی، هەروەها پرسیارە قورسەکان دەربارەی سەروەری و یەکپارچەیی خاک دەورووژێنێت. ئەزموونی تاڵی وڵاتانی وەک سووریا، عێراق و لیبیا، جۆرێک لە وریایی و دوودڵییان لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە بۆ تێوەگلان لەم جۆرە داینامیکانە. لە ڕوانگەی ئەورووپاوە، دوورکەوتنەوە لە ناسەقامگیرییەکی دیکە و مەترسییەکانی کۆچی بەکۆمەڵ، لە پێشینەی کارەکانە.

لە کۆتاییدا، هەر گۆڕانکارییەکی مانادار، دەبێت لە داینامیکە ناوخۆییەکانەوە سەرهەڵبدات، چونکە دەستوەردانی دەرەکی لای خەڵکی ناوخۆ وەک کارێکی بێ شەرعییەت دەبینرێت. ئەم ڕەهەندە نەتەوەییە بە بەبێ ڕەچاوكردن ماوەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی نادیارە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی دانپیانان بە واقیعەكە وەك خۆی «باجی سیاسی و ستراتیژی» گەورەی هەیە.

* واقیعی کورد، بەلوچ و عەرەب لە ڕووی نوێنەرایەتیی سیاسی، ئابووری و سەرکووتکردنی ناڕەزایەتییەکان، مامەڵەی وەك خۆی لەگەڵ ناكرێت، تۆ چۆن شرۆڤەی ئەم باردۆخە دەكەیت؟

- ئێران لە ڕووی فۆرمەوە دەوڵەتێکی نەتەوەییە « Nation-State» لە چوارچێوەی سیستمی وێستفالیادا، بەڵام لە ڕووی جەوهەرییەوە، قەوارەیەکی فرەنەتەوەی ئاڵۆزە. تەحەددای گەورە لێرەدا، لە درز و کەلێنی نێوان ئەم فرەییە و پێکهاتەی دەسەڵاتدایە، لە کاتێکدا دەوڵەت وێنایەکی یەکگرتوو نیشان دەدات، بەڵام جومگەکانی بڕیاردان بە توندی لە ناوەنددا چڕکراونەتەوە و، بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ بەپێی نۆرمە زمانەوانی و کولتوورییەکانی فارسی داڕێژراون.

فەرمیبوونی تاقانەی زمانی فارسی تەنها پرسێکی ڕەمزی نییە، بەڵکو گۆڕاوێکی کاریگەرە لەسەر دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە، بیرۆکراسی و بەشداریی سیاسی. دانیشتووانی غەیرە فارس ناچارن لەناو سیستمێکدا ململانێ بکەن کە لەگەڵ واقیعی ناسنامەیی و زمانەوانی ئەواندا ناتەبایە. ئەم پەراوێزخستنە دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستی سیستماتیک لە دامەزراوە کارگێڕییەکان و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار، کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی «بێبەشییە پێکهاتەییەکان».

لە ڕووی دیمۆگرافییەوە، پێکهاتە غەیرە فارسەکانی وەک تورک، کورد، عەرەب، بەلوچ و ئەوانی دیکە، نەک هەر کەمینە نین، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتی و زۆرجار زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن. ناوزەدکردنی ئەوان وەک «کەمینە»، نەک واقیعێکی ئاماری، بەڵکو دەرەنجامی پێگەیەکی سیاسییە کە ئامانجی پەراوێزخستنیانە لە کایەی گشتیدا و کەمکردنەوەی قورساییە دیمۆگرافییەکەیانە.

ئەم پێکهاتانە لە ڕووی نوێنەرایەتیی سیاسی و گەشەپێدانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی جیاکارییەکی ڕێکخراو دەبنەوە. سیستمەکە لە نەبوونی میکانیزمی ماناداری دابەشکردنی دەسەڵات و پەکخستنی مۆدێلی «فیدرالیزم» دەناڵێنێت. فیدرالیزم دەیتوانی هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی یەکپارچەیی خاک و دابینکردنی ئۆتۆنۆمی ناوچەییدا دروست بکات، بەڵام ئەم ئاسۆیە لە پەرەسەندنە سیاسییەکاندا بوونی نییە.

* جیاكاری بەرامبەر فرە پێكهاتەیی، چۆن ڕەنگدانەوە لەسەر پێكهاتە جیاوازەكان دروست دەكات؟ ئایا بێبەشیی سیستماتیک، نائارامیی ناوچە پەراوێزخراوەکان بەردەوام و کۆنترۆڵکردنی قورستر نەکردووە؟

- جیاكاری دژی پێكهاتە جیاوازەكان لە كۆمەڵگەی فرەییدا بە ڕێگەی بێبەشکردنی سیستماتیکی هەندێک پێکهاتە لە سەرچاوە، دەرفەت و مافە بنەڕەتییەکان بە توندوتیژی بەرجەستە دەبێت. ئەم نایەکسانییانە لە جومگەی دامەزراوەکاندا ڕەگیان داکوتاوە، هەرچەندە ڕەنگە هەمیشە وەک توندوتیژییەکی جەستەیی ڕاستەوخۆ دەرنەکەون، بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاسۆی ژیان و دەرفەتەکانی گەشەکردنی هاووڵاتیان دیاری دەکەن.

پێکهاتە نەتەوەییەکان ئەم داینامیکانە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و بەردەوام ئەزموون دەکەن. چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا ڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئاستی بەرزی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بوونی تۆڕە ناوخۆییەکانە، کە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ «بەرگری» (Resistance) فەراهەم دەکەن. لە بەرانبەردا، ناوەندە شارییەکان بەهۆی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی و فشارە جۆراوجۆرە ئابوورییەکانەوە، مەیلیان بەرەو کاڵکردنەوەی ناسنامە نەتەوەییەکان و کەمکردنەوەی چڕیی جەمسەرگیرییەکانە.

* ئایا لە كۆمەڵگەی فرە نەتەوەدا، خاڵی فشاری ستراتیژی و جێگەی یەکگرتنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان کار دەکەن؟ ئەم تێکهەڵچوونە چۆن ستراتیژی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان دادەڕێژێت؟

- بەڵێ، نەتەوە جیاوازەكان وەک «خاڵی یەكگرتنەوەی ستراتیژی» کار دەکەن کە تێیدا ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لەگەڵ داینامیکە جیۆپۆلیتیکییە نێودەوڵەتییەکاندا یەکدەگرنەوە. یەکگرتنی ئەم فاکتەرانە وای کردووە پەنا بۆ مۆدێلێکی مامەڵەکردنی توندی ئەمنی، پێشوەختە و زۆرجار ناهاوسەنگ بەرانبەر بە هەر ناڕەزایەتییەک لەم ناوچانەدا بەرێت.

* پێگەی ناوچەی نەتەوە جیاوازەكان لەم نائارامییانە و ڕەهەندە سەروونەتەوەییکەی چۆن دەبینن؟ ئایا گۆڕانكارییەكان، توانای دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆز دەکات و مەترسی و پۆتنشێلە سیاسییەکان گەورەتر دەکات؟

- پرسی کورد هاوکات خاوەنی دوو ڕەهەندی «ناوخۆیی» و «سەروونەتەوەیی»یە (Transnational). سەرەڕای بوونی بەستەری کولتووریی پتەو لەنێوان کۆمەڵگەكانی کوردیی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، بەڵام جیاوازیی ڕێڕەوە سیاسییەکان جۆرە داینامیکێکی دووفاقی دروست کردووە کە تێیدا «یەکگرتوویی ناسنامەیی» لە تەنیشت «پارچەپارچەبوونی ستراتیژی»دا دەبینرێت. لەم نێوەندەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق وەک مۆدێلێکی «ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی» و ئەکتەرێکی سەقامگیرکەر دەردەکەوێت، هەرچەندە مەودای کارکردنی بەهۆی سنوورداربوونە سیاسی و ئیقلیمییەکانەوە كۆت کراوە.

بە کۆی گشتی، واقیعی ئێستا ڕەنگدانەوەی هاوکێشەیەکی ناتەبایە لە نێوان «توانایەکی زۆری دەوڵەت بۆ سەرکوت» و «تەنگژەیەکی قووڵی شەرعییەتی پێکهاتەیی». داینامیکە نەتەوەییەکان نەک پرسێکی لاوەکی، بەڵکو توخمێکی «بناغەیی»ن لە داڕشتنی داهاتوودا. هەر شرۆڤە یان سیاسەتێک کە ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات، مەحکومە بە تێنەگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەی نائارامییەکان و سنوورەکانی کۆنترۆڵی دەوڵەت.

Top