هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: گوتارەکەی تۆم باراک وەک بنەمایەک بۆ دارشتنەوەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان

هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: گوتارەکەی تۆم باراک وەک بنەمایەک بۆ دارشتنەوەی سیاسەت و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان

 

ئەم نووسینە هەوڵ دەدات هەڵوەستە بخاتەسەر لێدوانی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە کۆربەندی ئەنتاڵیا لە تورکیا، کە یەکێکە لە گرنگترین کۆڕبەندە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە و جیهان، کە هەموو ساڵێک لە شاری ئەنتاڵیا بەڕێوە دەچێت، بە چەندین ئامانجی جیاواز؛ کە گرنگترینیان دروستکردنی سەکۆی گفتوگۆی دیپلۆماسی نێوان ئەکتەران، چارەسەرکردنی کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پەرەپێدانی هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش و هاوکارییەکان لەو نێوەندەدا، ئەم نووسینە هەوڵ دەدات شیکردنەوەیەکی قوڵ بکات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکی، کە بریتییە لەوەی: تا چەند هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بە سوود وەرگرتن لە ئەنارکیەتی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشبوونی هێز لە عێراق دا، بۆ دەستبەرکردنی سیستەمی بەرگری و هێرشبەری، یان بە مانایەکی تر، هەوڵی زیادکردنی هێزی داوە؟

لە هەمان کاتدا، نووسینەکە هەوڵ دەدات بە جێبەجێکردن و پشتبەستن بە تیۆری نیوڕیالیزم (ڕیالیزمی پێکهاتەیی)، بە تایبەتی سەرنجدان بە گرنگترین ئەو گریمانە و بنەمایانەی کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەنارکیەت زاڵە لە پەیوەندیی و کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە سیستەمی هەرێمیدا. هەروەها، مانەوە (Survival) ئامانجی باڵای ئەکتەرەکانە، جا دەوڵەتی بن یان نادەوڵەتی. ئەکتەرەکان بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە سیستەمی هەرێمیدا پشت دەبەستن بە هاوپەیمانی و بەرەکان. لە هەمان کاتدا، بەهۆی نەبوونی متمانە لە نێوان ئەکتەرەکان و نادڵنیاییان لە ئامانج و نیازی یەکتری، دەوڵەتان هەوڵی زیادکردنی هێز و ئاسایشی خۆیان دەدەن.

کۆربەندەکە لە ١٧ی ئەپریل ٢٠٢٦ دەستی بە کارەکانی کرد. لە کۆربەندەکەدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، تۆم باراک، گوتارەکەی بە ناونیشانی: "ئەم بەشەی جیهان ڕێز ناگرێت، تەنها بە هێز نەبێت" پێشکەش کرد، کە مەبەستی سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. واتە، ئەگەر هێزی خۆت نیشان نەدەیت و بە بێهێزی دەرکەویت، ئەوا لە بارودۆخێکی ناهەموار و دابەزین دا دەبیت. واتە، پێویست دەکات لەسەر ئەکتەرەکان (دەوڵەتی و نادەوڵەتی) بۆ مانەوەی خۆیان، پاراستنی بەرژەوەندییەکان و مافەکانیان، و زیادکردنی ئاسایش و هەلی مانەوەیان، گرنگی بە زیادکردنی هێزی خۆیان بدەن. بە مانایەکی تر، دیپلۆماسیەت و هەبوونی پەیوەندییەکان و کارکردن بە دەستور و یاسا، هەلی مانەوە و مافەکانیان نادات ئەگەر هێزیان نەبێت. واتە، لە ڕێگەی هەبوونی هێز، ئیرادە و ویستی خۆیان دەسەلمێنن. یاخود، کاتێک هێزت نەبێت، ئەوا تۆ هیچ مانایەک نابەخشیت و مانەوە و هەبوونت هەمیشە لە مەترسیدا دەبێت و مانەوەت لەرزۆک دەبێت. بە مانایەکی تر، لەم سیستەمە هەرێمییەدا، بە نەبوونی هێز لەناو دەچیت و لایەنە خاوەن هێزەکان هەوڵی لەناوبردنت دەدەن. بۆیە، بۆ مانەوەت و خۆپاراستنت لەم سیستەمە هەرێمییە، بە تایبەتی لەلایەن لایەنە خاوەن هێزەکان، پێویستە هەمیشە هەوڵ بدەیت هێزەکەت ئەوەندەی هێزی ئەوان بێت یان زیاتر بێت، ئەویش بە خستنەڕووی هێزەکەت بۆ ئەوەی لایەنەکان بیر لە لاوازکردن و لەناوبردنت نەکەنەوە.

پاشان، لەلایەکی دیکە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە کۆربەندەکە جەختی کردەوە کە سیستەمە پارێزگارەکان (پاشایەتی) ئامرازێکی گرنگن بۆ خۆشگوزەرانی، پێشکەوتن، سەرکەوتن و مانەوەی ئەکتەرەکان لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. واتە، پێی وایە سیستەمی دیموکراسی و پیادەکردنی بنەما دیموکراسییەکان هۆکارێکن بۆ کەمبوونەوەی هەلی مانەوە، ئاسایش و سەقامگیری، و هەمیشە لە مەترسیدا دەبن و بەرگەی بارودۆخی ئەنارکیەتی سیستەمەکە ناگرن. لە کاتێکدا جەخت دەکاتەوە، بەهۆی ئەم بۆچوونە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی بۆچوونەکەی دژی بەها و بنەماکانی دیموکراسییە. یان بە شێوازێکی تر، ئەم گوتارەی پالپشتی و داواکارییەکە بۆ ئەکتەر و ڕژێمەکانی ناوچەکە، بۆ هەنگاونان بەرەو دەسەڵاتی ناوەندی و شۆڕنەکردنەوەی دەسەڵاتەکان و گرنگی نەدان بە سیستەمی فیدراڵییەکان. واتە، گوتەکان دەسەلمێنن کە هەمیشە هەلی مانەوەت لەم سیستەمە هەرێمییەدا پێویست دەکات ئەکتەرە دەولەتیەکان و ئەکتەرە نادەولەتیەکان سیستەمێک  پیادە بکەن کە دەسەڵاتەکەی بەهێز و ناوەندی بێت.

هەر شێوازێکی تر کە لەلایەن ئەکتەرەکان (دەوڵەتی یان نادەولەتی) پیادە بکرێت، لەم سیستەمەدا مانابەخش نابێت و هۆکار نابێت بۆ مانەوەت و پاراستنت لە هەر بارودۆخێک کە ڕووبەڕووی سیستەمەکان دەبێتەوە. نموونەش بە بەهاری عەرەبی دەهێنێتەوە، کە تەنها ڕژێمەکانی پاشایەتی و ڕژێمە ناوەندییە بەهێزەکان پارێزراو بوون لە شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی. هەروەها جەخت دەکردەوە ئەو دەوڵەتانەی بانگەشەی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤیان دەکرد، بەهۆی ئەم شەپۆلە، لەناوچوون و شکستیان هێنا یان لە ناسەقامگیریدا گوزەر دەکەن. لەهەمان کاتدا جەخت دەکردەوە کە پێویستە دەوڵەت لەلایەن سەرکردەیەک و کەسێکی بەهێز و بوێردا بەڕێوە ببردرێت، کە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە لەلایەن خەڵکەوە لە ڕابردوودا لەگەڵ تێڕوانین و بۆچوونەکانی هاوڕا نەبووبن، بەڵام کاتێک دەبینین لە ئێستادا وڵاتەکەیان لە کەنارێکی ئارام و سەقامگیریدایە، بەهۆی سیاسەتەکەی پەسەند دەکرێت و هاوسۆزی بۆ دروست دەبێت، بۆیە دەبینین گوتاری تۆم باراک لە زۆر خاڵدا لەگەڵ گریمانە و بنەماکانی نیوڕیالیزم یەکدەگرێتەوە، بە تایبەتی لە گرنگیدانی بە هێز و مانەوە. هەر وەک ئاشکرا و ڕۆنە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لەلایەن گروپ و میلیشیایە عێراقییەکان سەر بە بەرەی بەرخودانی عێراقی، وەک بەشێک لە بریکاری ئێرانی، و تەنانەت خودی وڵاتی ئێران، ڕووبەڕووی هێرشی درۆن و ڕۆکێتی بالیستی بووەتەوە. هەمیشە کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا بەیاننامەیان دەرکردووە و بەیاننامەکانیان زیاتر لە چوارچێوەی  ئیدانەکردن و داواکاریان بوو لە حکومەتی فیدراڵی عێراقی کە سەروەری و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت لەبەرامبەر هێرشەکانی گروپە میلیشیاییەکان و هێرشەکانی وڵاتی ئێران، وەک بەشێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ،

لەهەمان کاتدا داوایان کردووە سنوورێک بۆ هێرشەکانی ئێران و گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق دابنرێت و بە گوێرەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت پاشان داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە هەڵوێستی هەبێت دژی ئەم پێشێلکارییانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەم ئیدانانەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ٢٨ی ٢ی  ٢٠٢٦ تاکو ئێستاشی لەگەل دابێت، بەهۆی دەست پێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، بە ناوی بەرەی بەرخودان، وەک بەشێک لە بەرەی هەرێمی شیعی، زیاتر بەدیارکەوت، کاتێک لە ماوەی ئەم جەنگەدا، ڕۆژانە بە بیانووی جیاواز، هەرێمی کوردستان لەلایەن گروپە عێراقییەکان و وڵاتی ئێران، لە ڕێگای درۆن و ڕۆکێتە بالیستییەکان، هێرش دەکراییە سەر، کە بەهۆیەوە قوربانی و برینداری لێکەوتووەتەوە.

هەرێمی کوردستان، هەر وەک پێشتر، جگە لە دەرکردنی بەیاننامەی نارەزایی و داواکردن لە حکومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دانانی سنوور بۆ ئەم هێرشانە، هیچ هەنگاوی تری نەگرتووەتەبەر، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان لە دیدێکی دەستوریی و یاساییەوە دەرنەچووە، بەپێی ئەوەی بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، ماددەکانی (١٠٩–١١٠)، پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی عێراقە. سەرەرای ئەم هەڵوێستە نەرمەی بەڵام دەبینین هەرێمی کوردستان توانیویەتی تا ڕادەیەک پشت بە هێزی هاوپەیمانان ببەستێت، بەڵام نەیتوانیوە هێزی سەربەخۆی ستراتیژی و بازدار دروست بکات بۆ دەستەبەرکردنی بڕی هێزی پێویست بۆ زیادکردنی هێزی خۆی و هەلی مانەوەی، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان؛ بەڵکو تەنیا سوودی وەرگرتووە لە بەکارهێنانی هێزی هاوپەیمانان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هێرشی درۆن و ڕۆکێتی بالیستی ئێرانی و گروپە عێراقییە لە یاسا دەرچووەکان. بۆیە دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی دید و تێگەیشتنی تۆم باراک سەبارەت بە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، مامەڵەی نەکردووە بۆ زیادکردنی هێز و مانەوەی خۆی لە سیستەمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کە دید و تێگەیشتن و گوتارەکانی تۆم باراک هاوتەریپ بوو لەگەل گریمانە و بنەماکانی تیۆرەکانی ڕیالیزمی نوێ.

ئەوەش دەردەکەوێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەشبوونی هێز، نەبوونی دەسەڵات و سیستەمێکی بەهێز و ناوەندی، و هەبوونی ئەنارکیەت لە پەیوەندیی و کارلێکەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ و نەبوونی خوێندنەوەیەکی باش بۆ پەیوەندیی و کارلێکە هەرێمیەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست، و پشت‌ بەستنی تەنیا بە هێزی هاوپەیمان، هەلی مانەوەی زیاد ناکات. لەهەمان کاتدا بەهۆی نەبوونی متمانە لە نێوان ئەکتەرەکان و نادڵنیاییان لە ئامانج و نیازی یەکتری، ئەکتەرەکان هەوڵی زیادکردنی هێز و ئاسایشی خۆیان دەدەن. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی ئامانجی باڵای ئەکتەرەکان (دەوڵەتی و نادەوڵەتی) مانەوەیە، بەڵام بەهۆی ئەم خالانە، بەجێبەجێکردنی گریمانەکانی ڕیالیزمی نوێ لەسەر پرسی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە هەلی زیادکردنی هێز و مانەوەی هەرێمی کوردستان زیاد ناکات.

بۆیە، پێویستە هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی ناوخۆییدا خۆی ڕێکبخاتەوە و سیاسەتێکی یەکگرتوو و بەهێز پیادە بکات، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە ناهەموارەکانی هەبێت و لە توانايدا بێت بتوانێت هێزی خۆی زیاد بکات، تاکو بۆ پاراستن و مانەوە، پشت بە هێزی خۆی ببەستێت. بەڵام دەبینین هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، نەیتوانیوە بڕی پێویستی هێزی ستراتیژی و بازدار دەستەبەر بکات بۆ زیادکردنی هەلی مانەوەی خۆی. هەرچەندە لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پشتبەستن بە هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمریکا، توانیویەتی هەندێک ئاسایش بپارێزێت، بەڵام ئەم شێوازە لە دیدی نیوڕیالیزمەوە هێشتا ناتوانێت جێگرەوەی هێزی سەربەخۆی ناوخۆیی بێت، چونکە لە سیستەمی ئەنارکی هەرێمیدا، پشتبەستن بە هاوپەیمانان بەبێ هێزی خۆماڵی، مانەوەی درێژخایەن مسۆگەر ناکات جونکە تیۆری نیوڕیالیزم جەخت دەکاتەوە پشت ‌بەستن تەنها بە هاوپەیمان دادت نادات بەڵکو پێویستە ئەکتەرەکان سەرەتا دەبێت پشت بە هێزی خۆی ببەستێت (Self - help).

Top