د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئەم بازنەیە بە دیدگایەكی ڕوونەوە كاردەكات بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێكی كۆكەرەوە و گفتوگۆساز بۆ تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكان

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     ئەم بازنەیە بە دیدگایەكی ڕوونەوە كاردەكات بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێكی كۆكەرەوە و گفتوگۆساز بۆ تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكان

 

 

د. سالار عوسمان، سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەش لەسەر بونیادنانی نەتەوە)، پەیڤێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

 

 

لە دەستپێكی پەیڤەكەیدا زۆر بە گەرمی بەناوی بازنەی گفتوگۆ و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانی گفتوگۆكەی كرد و، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەر لە دەستپێكی بازنەی گفتوگۆوە لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2023 كە ئەمڕۆ چل و چوارەمین ئەڵقە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەڕێوە دەبەین، میتۆدی كاركردنی ئەم بازنەیە بەوجۆرە بووە كە من و هەڤاڵانم زیاتر گوێگر بین، ئەم بازنەیە بە دیدگایەكی ڕوونەوە كاردەكات بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێكی كۆكەرەوە و گفتوگۆساز بۆ تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و كۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەر چوار پارچەی كوردستان، هەروەك چۆن لەم گفتوگۆیەدا نوێنەرانیان ئامادەبوونیان هەیە. ئامانجمان لە میتۆدە ئەوەیە، تا بتوانین هەموو ڕا و سەرنجە جیاوازەكان لە كوردستاندا كۆ بكەینەوە و كاتێكیش جیاوازییەكان پێكەوە كۆ دەكەینەوە، مەبەستمانە دوورییەكان لە یەكتری نزیك بكەینەوە و تەبایی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری دروست بكەین، بۆ ئەوەی بە شێوازێكی گونجاو و كاریگەر، ئەم بیروڕا جۆراوجۆرانە لە كایە جیاوازەكانی وەك سیاسەت، كولتوور، كۆمەڵگە و جومگەكانی ژیاندا پێكەوە كۆ بكەینەوە و پێشنیار و ڕاسپاردەی دروستیان لێ بەرهەم بهێنین و بیینە ڕاوێژپێدەر و هاوكاری دامەزراوە شەرعییەكانی ئەم نیشتمانە، بۆ ئەوەی كێشەكانی پێ چارەسەر بكەین.

د. سالار عوسمان، هەر لەوبارەیەوە گوتی: ڕاشكاوانەتر، ئێمە لە بازنەی گفتوگۆ نەمانویستووە هەر قسە بكەین، بەڵكو ویستوومانە لە قسەوە بپەڕینەوە بۆ نووسین و بەڵگەداری. لە ئێستادا هەر 44 ئەڵقەكەی بازنەی گفتوگۆ لە ناو گۆڤار و حەوت كتێبی قەوارە گەورەدا بە كوردی و عەرەبی لە پلاتفۆرمە جیاوازەكان بەردەستن، ئامانجی دوورمەودای ئێمە دروستكردنی كاریگەرییەكی ئەرێنییە لەسەر كۆمەڵگەكەمان. لێرەوە، ئێمە بەردەوام پێشوازی لە تەواوی دیدگە و بیروبۆچوونەكان دەكەین، چونكە باوەڕمان وایە كە ڕۆڵمان لەم قۆناغەدا بریتییە ڕەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆ و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی، هەر لەم پێناوەشدا هەموو مانگێك ڕاپۆرتێكی پوخت لە بیروبۆچونە بەنرخەكانی ئێوە دەكەینە ڕاپۆرت و بۆ دامەزراوەكانی ئەم نیشتمانەی بەرز دەكەینەوە».

هەر لە درێژەی پەیڤەكەیدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕاشكاوانە بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: «ئێوەی بەڕێز، كە وەك كەسایەتییەكی گرنگ، ئەكادیمیستی لێهاتوو و تێكۆشەری ناسراوی ئەم نیشتمانە لەم كۆڕەدا بەشدارن، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەمیشە شانازی بەم ئامادەبوونە بەپێزەی ئێوەوە دەكات. ئێوە ئێستا لێرە لە ماڵی خۆتاندان، بەڵام ئێمە بە پێویستی دەزانین كە تەواوی بیروبۆچوونەكانتان، بیرۆكە و سەرنجەكانتان لەم بازنەیەدا بە ئازادییەكی تەواووە باس بكەن، چونكە ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی ئەم بازنەی گفتوگۆیە، كۆكردنەوەی هەموو دیدگە جیاوازەكانە، تا بتوانین بە شێوازێكی زۆر ڕوون گفتوگۆ بكەین و خاڵەكان بخەینە سەر پیتەكان، كە لە ئەنجامدا دەستەبەركردنی گفتوگۆیەكی بەرهەمهێنی هەمەلایەنە بۆ داهاتووی كوردستان».

باسی ئەوەشی كرد كە تەواوی ئەو بابەتانەی لێرە باس دەكرێن، بە شێوەیەكی فەرمی لە گۆڤاری گوڵان و دواتریش هەر شەش مانگ جارێك لە دوو كتێبی قەوارە گەورە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی كۆ دەكرێنەوە و چاپ دەكرێن و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا دابەش دەكرێن. گوتیشی: «بە شانازییەوە دەتوانین بڵێین ئەم سەكۆیە، تاكە ناوەندی گفتوگۆی جیاوازی بنیادنەرە لە كوردستاندا كە بەردەوامە. ئێمە لێرەدا هیچ ئامانجێكی تایبەتیمان نییە جگە لە بەرژەوەندیی باڵای كوردستان، نیشتمان، پێكەوەژیانی ئاشتییانە، گەشەپێدانی بیركردنەوەی بەكۆمەڵ و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بەرپرسیارێتیدا. هەر بۆیە بەوپەڕی ڕێزەوە داواتان لێ دەكەین، چی بە باش دەزانن بۆ حوكمڕانییەكی تەندروست و بۆ بنیادنانی هەرێمێكی باشتر، لێرەدا پێشكەشی بكەن.

تایبەتمەندییەكی دیكەی بازنەی گفتوگۆ ئەوەیە، كاتێك گفتوگۆكان تۆمار دەكرێن، ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ، قسەكانی ئێوە دەكەن بە تێكست، پێش بڵاوكردنەوەی بۆتان دەنێرنەوە، ئەمەش دروستكردنی ڕایەڵەیەكی «متمانە و ڕاستگۆیی»ـە لەنێوان بەشداربووان و بازنەی گفتوگۆدا، كە هیچ دەقێك بەبێ پرسی ئێوە بڵاو ناكرێتەوە. هەر بۆیە ئێوە تەواو ئازادن لە چاككردن، گۆڕینی دێڕەكان، یان تەنانەت سڕینەوەی ئەو بەشانەی كە خۆتان ناتانەوێت بڵاو ببنەوە، هەر بۆیە مادام نییەتێكی زۆر باش لە پشت پرۆسەكەیە، گرنگە ئەم متمانەیە لە سەرەتاوە تا دوا قۆناغ كە بڵاوكردنەوەیە، بپارێزرێت. هیوادارین پێكەوە هەنگاوی باش بنێین بۆ چەسپاندنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و خەڵكی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا».

سەبارەت بە ناونیشانی گفتوگۆكەش «كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەش لە بونیادنانی نەتەوەدا»، سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆ، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە: «بابەتی گفتوگۆی ئەم ئەڵقەیە ناونیشانێكی زۆر گرنگ، هەمەلایەنە و شایەنی لێكۆڵینەوەیەكی زۆر قووڵە. ئەم تەوەرە هەم پرسی گەشەی ئابووری دەگرێتەوە كە بێگومان بەڕێزتان تێیدا لە ئێمە شارەزاترن، هەم پرسی بازاڕی ئازاد و پرۆسەی گرنگی بونیادنانی نەتەوە لە هەرێمێكی بێدەوڵەتدا، كە هەمیشە بە ئالنگاری و هەڕەشەی جۆراوجۆری مێژوویی، سیاسی، كولتووری، جڤاكی و كۆمەڵایەتی دەورە دراوە، بێگومان پێكەوەگرێدانی ئەم بابەتە گرنگ و هەستیارانە لە ڕێگەی دیدگە، ڕوانین و تێڕوانینی زانستی و واقیعیی ئێوەوە، بەهایەكی تایبەت و بەرچاو بەم گفتوگۆیە دەبەخشێت، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر دید و ستراتیژی نیشتمانیی سەرۆك بارزانی بۆ پاشەڕۆژی ئەم وڵاتە-كە پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێی دەكات و لە درووشمی سەرەكیی هەڵبژاردنی ئێمەدا وەك پرەنسیپێكی جێگیر و نەگۆڕ ڕاگەیەندراوە و بریتییە لە «یەك حكومەت، یەك پەرلەمان، یەك هێزی پێشمەرگە»- بە گفتوگۆكەی ئەمڕۆمانەوە گرێ بدەینەوە، بێگومان دەگەینە ئەو بڕوایەی كە ئامانجی سەرەكیمان بۆ هەرێمی كوردستان، دابینكردنی «یەك ئابووری و یەك بازاڕی هاوبەشە». ئەم هەنگاوە ئابوورییە نیشتمانییە، بەشێكی بنەڕەتی و كاریگەرە لە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەدا، چونكە بە دڵنیاییەوە دەستەبەركردنی یەك ئابووری و یەك بازاڕی هاوبەشی یەكگرتوو، ڕۆڵێكی گەورە و گرنگ و ڕاستەوخۆی لەسەر پتەوكردنی بنەماكانی یەكڕیزی، سەقامگیریی هەمەلایەنە، گەشەكردنی كەرتی بازرگانی و دواجار بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمەكەمان دەبێت لە بەرانبەر ئالنگارییە سەختە دەرەكی و ناوخۆییەكاندا، كە لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە ململانێیانەدا ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبنەوە.

 

Top