چین هۆشداری دەداتە ئەمریکا سەبارەت بە سزاکانی سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران
لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری ئابوورییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، حکومەتی چین داوای لە واشنتن کرد خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە بەدوور بگرێت.
ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ پچڕاندنی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، کە هیچ کەسێک لەدەرەوەی دەستی گەمارۆکانی ئەمریکا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، چین بەتوندی دژی سزا تاکلایەنەکانە کە بەبێ مۆڵەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەپێنراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها هۆشداریدا لەوەی چین هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی.
گوڵان: سەردار خەلیل
