كابینەی نۆیەم وەک كابینەی ئاوەدانی و ژێرخان؛ خوێندنەوەیەکی ورد بۆ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی (باڵندا - بارزان)
كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر دروشمی "حکومەتی خزمەتگوزار و ئاوەدانی"، ستراتیژێکی ڕوونی گرتووەتەبەر بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ناوچە جیاجیاکان، بەتایبەت ئەو ناوچە و گوندانەی کە لە ڕابردوودا بەهۆی قەیرانەکانەوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان ڕاوەستابوو. کارنامەی ئەم كابینەیە لەسەر بنەمای گەیاندنی خزمەتگوزاریی یەکسان و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی، بەتایبەت ئاسایشی ئاو و خۆراک داڕێژراوە. لەم چوارچێوەیەدا، کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی "باڵندا - بارزان" لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، نموونەیەکی زیندوو و گرنگی ئەم دیدگا ئاوەدانییەیە. ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە کە بەردی بناخەی لە ساڵی ٢٠١٣دا دانرا، بەڵام بەهۆی چەندین هۆکار و قەیرانی داراییەوە لە ڕابردوودا کارەکانی ڕاگیرابوو. دواجار وەک بەشێک لە پلانی كابینەی نۆیەم بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ناتەواوەکان، ماوەیەک لەمەوبەر کارەکانی ئەم پڕۆژەیە دەستیپێکردەوە و سەرەنجام گەیەنرایە قۆناغی کۆتایی و خرایە گەڕ.
پڕۆژەی ئاوی "باڵندا - بارزان" بەپێی بەرزترین ستانداردە تەکنیکییەکان جێبەجێ کراوە؛ سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوەکەی، ڕووباری گوندی "باڵندا"یە کە سەر بە قەزای مێرگەسوورە، وێستگەی سەرەکیی پاڵاوتنی ئاوەکەش لەناو خودی گوندەکەدا جێگیر کراوە. ئەم وێستگەیە خاوەن توانایەکی بەرزە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ١٢٠٠ مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بپاڵێوێت. لە ڕووی پێکهاتەی ئەندازیارییەوە، پڕۆژەکە لە تۆڕێکی فراوان و ئاڵۆزی دابەشکاری پێکهاتووە کە خۆی لە ٣ وێستگەی سەرەکیی پاڵاوتن و ناردن، ٢٤ پەمپی گەورە بۆ پاڵنانی ئاوەکە بە ناوچە شاخاوییەکاندا، و ٧٠ کۆگای ئاو بۆ کۆکردنەوە و عەمبارکردنی ئاوی پاوکراو پێش دابەشکردنی دەبینێتەوە. لە ڕووی گرنگیی جوگرافییەوە، ئەم ئاوە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەگاتە ٥٣ گوندی جیاواز لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ، خەلیفان، و مێرگەسوور، کە پێشتر بەدەست کەمیی ئاوی خاوێنەوە دەناڵاند.
لەکاتی کردنەوەی فەرمیی پڕۆژەکەدا، مەسرور بارزانی چەند پەیامێکی گرنگی بەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئاوەدانیی ئەم كابینەیەدا دابەش کرد. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکان دەکات، کە ئەمەش بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە دابەشکردنی ساماندا دەسەلمێنێت. سەرۆکوەزیران لە ڕووی ستراتیژییەوە ڕایگەیاند کە لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پەیامەش نیشان دەدات کە پڕۆژەکە تەنیا بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لە ڕێگەی پاراستن و بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوە ئاوییەکانەوە.
وەک دەرئەنجام، کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی ئاکرێ، خەلیفان و مێرگەسوور ئامژەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی كابینەی نۆیەم توانیویەتی دروشمەکانی ئاوەدانی بکاتە ڕاستی. تەواوکردنی پڕۆژەیەکی ڕاوەستاو لە ساڵی ٢٠١٣وە و گۆڕینی بۆ پڕۆژەیەکی فرەناحیە بە توانای ١٢٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، سەرکەوتنێکی گەورەی پلانداڕشتنی دارایی و ئەندازیاریی حکومەتە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی گوندنشین دروست دەکات، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات و کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

سەنار شێرۆكی