مەلا مەحموود مەلا سەید موحەممەدی تاوەگۆزی بۆ گوڵان: ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، زوڵمیان لە نەتەوەی كوردی موسڵمان كردووە و پێچەوانەی ئایینی ئیسلام لەگەڵمان جووڵاونەتەوە
مەلا مەحموودی كوڕی مەلا سەید موحەممەدی تاوەگۆزی، لە خانەوادەیەكی دیاری ئایینی و كۆمەڵایەتی لەدایك بووە و یەكێكە لە زانا گەورەكانی ئایینی ئیسلام و كەسایەتییە ناسراوەكانی ناوچەی تاوەگۆزی لە پارێزگای هەڵەبجە، شارەزا و پسپۆرایەتیی لە بواری شەریعەت و فیقه و فیكری ئیسلامی هەیە. حوجرە و مەدرەسە دینییەكانی تەواو كردووە لەسەر دەستی زانایانی وەك مامۆستا سەید لەتیفی تاوەگۆزی، مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە، مامۆستا مەلا عوسمانی پریس، مامۆستا شێخ تاهیری خۆراسانی، مامۆستا شێخ خالیدی موفتی، مامۆستا شێخ نەجمەدینی تەپی سەفا و لای چەندین زانای دیكە خوێندوویەتی. دواجار لە ساڵی 1979 لە خزمەتی زانای پایە بەرز مامۆستا شێخ نوورەدینی موفتی مۆڵەتی زانستیی وەرگرتووە. لە چەندین مزگەوتی هەردوو كوردستانی ڕۆژهەڵات و كوردستانی باشوور پێشنوێژ و وتاربێژ بووە.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
• بەو پێیەی لەسەر دەستی ژمارەیەكی زۆری فەقێ و مەلا و مامۆستایانی ئایینی پێگەیشتوون و هاوكات هزری نیشتمانپەری و دڵسۆزییان بۆ خاكەكەیان تێدا چەسپاوە، ئایا ئەم ئاوێتەبوونەی نێوان ئایین و نیشتمانپەروەری لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- بە ناوی خودای بەخشندەو میهرەبان. بە شێوەیەكی گشتی هەرگیز ئایین و نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ بەشەرییەت بە گشتی و بۆ نەتەوەی خۆت بە تایبەتی، دووانەیەكی جیاواز نەبوون، بەڵكوو ئەمە هەستێكی ئایینی و ویژدانییە و لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا یەك دەگرێتەوە و لە ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. مەلای كورد لە ڕابردوو و ئێستاشدا خۆشەویستییان بۆ ئایین و نەتەوەكەیان وای كردووە عیشقیان بۆ خاك و نیشتمانەكەیان هەبێت، چونكە ئێمە لەگەڵ ژان و ئازاری گەلەكەماندا ژیاوین و لەناو خەڵكی بەشمەینەت و مەزڵوومدا بووین و لە نزیكەوە چاك زانیومانە ئەو وڵات و نەتەوانەی دەوروبەرمان كە كوردستانی بەسەردا دابەش كراوە، زوڵمیان لە نەتەوەی كوردی ستەمدیدەی موسڵمان كردووە و پێچەوانەی ئایینی ئیسلام لەگەڵمان جووڵاونەتەوە.
مەلای كورد بەردەوام لە پێشەنگی شۆڕش و خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا بوون، تەنانەت زۆربەی سەركردەكانی كورد، مەلا و دەرچووی حوجرە و پەروەردەی تەكیە و خانەقاكان بوون، ئەو سەركردانەشی ڕێبەرایەتیی شۆڕشیان كردووە لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە ڕێنمایی و پاڵپشتی كراون لەپێناو وشەی هەق و سەرخستنی مەزڵووم و گەڕاندنەوەی ماف بۆ نەتەوەكەمان، هەر بۆیە خۆشەویستیی نیشتمان وەكو بەشێك لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەیر كراوە. خودای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا پێمان دەڵێت : «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُواۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ» [ الحجرات: 13] ؛ چەندین فەرموودەی پێغەمبەرمان – دروودی خوای لەسەر بێت – هاتووە كە پرسیاری لێ كراوە: «يَا رِسُولَ اللَّهِ، أَمِنَ الْعَصَبِيَّةِ أَنْ يُحِبَّ الرَّجُلُ قَوْمَهُ؟ قَالَ: لَا، وَلَكِنْ مِنَ الْعَصَبِيَّةِ أَنْ يَنْصُرَ الرَّجُلُ قَوْمَهُ عَلَى الظُّلْمِ». واتە خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ نەتەوەكەی و نیشتمانەكەی ناڕەوا و دەمارگیری نییە. دەمارگیریی ئەوەیە پاڵپشتی نەتەوەكەت بكەیت بۆ ناهەقی و زوڵم. گەلی كوردی موسڵمان هەرگیز زوڵمی لە هیچ نەتەوەیەك نەكردووە و نەچووەتە سەر خاكی خەڵك و ماڵ و موڵكی نەتەوەكانی دەوروبەرمان. بگرە هەر نەتەوەكانی دراوسێمان بوون خاكی كوردیان داگیر كردووە و قەتڵوعام و ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژییان دەرهەق كردووە و زمان و كولتوور و مافەكانیان لێ زەوت كردووە.
هەر لە فەرموودەیەكی دیكەدا هاتووە: «باشترین كەسی ئێوە ئەوەیە كە بەرگری لە هۆزەكەی خۆی دەكات بەو مەرجەی نەكەوێتە ئەو حاڵەتەی بەرگری لە كاری ناڕەوا و ناشەرعی بكات». هەموو ئەم داواكارییانەی خودای بەخشندە و میهرەبان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان – دروودی خودای لەسەر بێت- دەیسەلمێنێت كە كوردایەتی و هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستی بۆ خەڵك و نیشتمان لەگەڵ بنەماكانی ئیسلامدا هیچ جیا نەبووە و نییە، بەڵكوو ئەركی سەرشانی موسڵمانە كە نیشتمان و خاك و نەتەوە و ژینگە و وڵاتەكەی خۆی خۆش بوێت و بەرگری لێ بكات، لەكاتی بەرگریكردنیشدا ئەگەر گیانی سپارد شەهیدە و فەزڵی لای خودای گەورە و میهرەبان زۆرە.
• تەكیە و خانەقا و حوجرەكان وەكو یەكەمین قوتابخانەی بیری نەتەوایەتی و پاراستنی زمانی كوردی بوون. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، چۆن حوجرەكان وەكو ناوەندێكی پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و زانا و بیرمەند و ڕۆشنبیری كورد هەڵدەسەنگێنیت؟
- بەداخەوە زۆر كەس بە مەبەست و لەپێناو ناشیرینكردنی حوجرە و تەكیە و خانەقاكاندا هەقیقەتیان شێواندووە و مێژوویان تێك داوە. خۆ ئەگەر چاوێك بە مێژووی ڕاستەقینەی ڕۆڵی مزگەوت و حوجرە و تەكیە و خانەقاكانی كوردستاندا بگێڕین، وەكو ڕۆژی ڕووناك ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە حوجرەكان یەكەمین سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئەدەب و پاراستنی زمان و كولتووری كوردی بوون. حوجرەكان شوێنی پێگەیاندنی كەڵەشاعیران و سەركردە شۆڕشگێڕەكان بوون، لە كتێبخانەكانی حوجرەكان كتێبی شاعیران و زانستە جیاوازەكانی دیكە لە پاڵ كتێبە دینییەكاندا هەبووە، دیوانە گەورەكانی شاعیرانی كوردی تێدا بووە، هەر شاعیرە گەورە كوردپەروەرەكانی حوجرەكان بوون لەوێشدا زمان و كولتووری كوردییان پاراستووە. شێخ و بیرمەندان و مەلازادەكان بوون شانبەشانی بڵاوكردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چەك و تفەنگیان بۆ بەرگریكردن لە میللەتەكەیان هەڵگرتووە، لەپێناو ئازادی و سەروەریی گەلەكەیان مەلا و مامۆستایانی ئایینی پارێزەری زمان و كولتووری كوردی و خاك و نیشتمانەكەیان بوون. من كاتێك لە سنووری هەڵەبجە خوێندوومە، ئەو ڕاستییەم باش بۆ دەركەوت كە تەكیە و خانەقا و حوجرەكان لە هەڵەبجە و هەورامان بەتایبەتی، كە لەژێر كاریگەریی تەریقەتی «نەقشبەندی»دا بوون، یەكێك بوون لە گرنگترین ناوەندە ئایینی و فەرهەنگییەكانی كوردستان. ئەم ناوەندانە تەنیا شوێنی عیبادەت و زیكر نەبوون، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵێكی بەرچاویان لە پەروەردە و زانست و فەرهەنگ و ژیانی كۆمەڵایەتی هەبوو. بۆ نموونە لە بواری زانست و پەروەردەدا، حوجرەكان وەك قوتابخانە و زانكۆی ئایینی وابوون، فەقێ و خوێندكاران تێیدا فیقهـ، تەفسیر، فەرموودە، زمان و ئەدەبییات فێردەبوون، هەروەها چەندین زانای ناودار و مامۆستای ئایینی لەو شوێنانە پەروەردە بوون و ئیجازەی زانستییان وەرگرت. حوجرەكان هۆكاری پاراستن و گەشەپێدانی زمانی كوردیش بوون، چونكە زۆرێك لە بەرهەمە زانستی و ئەدەبییەكان بە زمانی كوردی تێیاندا بەرهەم هاتن. خۆ لە بواری ڕۆحی و ڕەوشتییشەوە، خانەقا و تەكیەكان مەڵبەندی پەروەردەی دەروونی و سۆفیگەری بوون، هەروەها ئەم ناوەندانە شوێنی كۆبوونەوەی خەڵكی جیاواز بوون، دەستباری دروستكردنی یەكگرتوویی و برایەتیی نێوان توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بوون، هاوكات كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر پەرەسەندنی ئەدەبیاتی كوردی هەبوو. زۆرێك لە شاعیر و نووسەرە ناسراوەكان كاریگەرییان لەو كەشە وەرگرتووە و لایەنی تەسەوف و عیرفان بوون بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی هزری و ئیلهامی بۆ شیعر و ئەدەبی كوردی.
• بەو پێیەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خێروخۆشیی مرۆڤ هاتووە، مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا پابەندی پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتی و تەبایی نێوماڵی كورد بوون، ئایا پابەندبوونی مەلای كورد لە ڕووبەرووبوونەوەی زوڵم و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- لەبەر ئەوەی تاكی كورد پەروەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی ڕەسەنە و مەلای كورد پەروەردەی میانڕەویی و ڕووی ڕاستەقینەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، لە هەموو نەتەوەكانی دیكەی دەوروبەرمان زیاتر خزمەتی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووە، بۆیە هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی بووە، ڕێگریی گەورەیشی لە زوڵم و چەوسانەوە كردووە، ئەم ڕۆشنبیری و ڕۆحییەتەیشی لە حوجرەكانەوە وەرگرتووە، كە جیاوازیی گەلانی قبووڵ بێت و بەرگری لە جیاوازیی خۆیشی بكات و شانازیشی پێوە بكات، نەك خۆی بتوێنێتەوە لە هەناوی گەلانی دیكەدا. شانبەشانی ئەوەش ڕێگری لە هەر هزرێكی نامۆ و ناباوی توندوتیژی كرد، هەر ئەمەشە وای كردووە، مەلای كورد ڕووبەرووی توندڕەوی و دەمارگیری و بیری چەوتی توندوتیژی ببێتەوە و ڕێگە نەدات لەناو گەنجەكانمان ئەو هزرە هەڵەیە تەشەنە بكات، كە زیانی بۆ ئایینەكەمان و نیشتمان و نەتەوەكەشمان هەبووە. هاتنی بیری ماركسییەت و نەتەوەگەرایی و پارچەپارچەبوونمان بە حزبایەتی زیانی گەورەی بە موسڵمانانی كورد و هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی گەیاندووە. سەردەمانێك مەلای كورد و زانا و مامۆستاكانمان پێشەنگ بوون لە دینداری و نیشتمانپەروەریدا، كاتێك هەموو ئەم هزر و بۆچوونە نامۆیانە بەكورد و ئیسلام هێنرایە ناو گەنج و نەتەوەكەمان، ئەو كات زیانی گەورەمان بەركەوت.
كاتێك گەنجێكی كورد دەبووە پێشمەرگە و گیانی خۆی دەكردە قوربانیی نەتەوەكەی، ئەو ڕاستییەی باش دەزانی كە بە پێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بنەما فقهی و شەرعییەكان پاداشتی لای خودای گەورە و میهرەبان زۆر گەورەیە، بەو پێیەی لە پێناو خاك و نەتەوە و كەرامەتی میللەتەكەیدا شەهید دەبێت، بۆیە هەستی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی زۆر بەرز دەبوو، لەلایەكی دیكەوە تەكیە و خانەقاكان خزمەتیان بە ڕێبواران و هەژاران دەكرد، شێخ و زاناكانیش ڕۆڵی گرنگیان لە چارەسەری ناكۆكییەكان و ئاشتیی نێوان عەشیرەت و خێزانەكاندا هەبوو. بۆیە دەكرێت بگوترێت تەكیە و خانەقا و حوجرەكان بنەمایەكی گرنگی پاراستنی ناسنامەی ئایینی، زانستی و فەرهەنگیی گەلی كورد بوون.
• چی بكرێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەكار بهێنرێت بۆ تەشەنەكردنی بیر و هزی توندڕەوی و تیرۆریستی، كە زیانی گەورە بە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و خەڵقی خودا دەگەیەنێت و پێغەمبەرمان نەهی لێ كردووە؟
- دروستكردنی ئایینێك بۆ مەرامی سیاسی و هاوردەكردنی لە سنوورەكانی دەرەوەی وڵات كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناگونجێت، سەرەتا زیانی گەورەی بە خودی ئایینی پیرۆزی ئیسلام گەیاندووە و ئازار و مەینەتیشی بۆ بەشەرییەت هێناوە، جۆرێك لە تەفروقە و ناتەبایی گەورەی لە نێوان موسڵمانان دروست كردووە، تا ئاستی كەوتنەوەی فیتنە كە خودا لەعنەتی لەو كەسە كردووە كە هەڵیدەگیرسێنێت. ئایینی پیرۆزی ئیسلام كە هەڵقوڵاوی ویژدانی مرۆڤایەتییە و خودا بۆ خێری بەشەرییەتی ناردووە، تەنانەت پێغەمبەرەكەشمانی لێ ئاگادار كردووەتەوە كە توند نەبێت: (إِنَّمَا أَنْتَ مُذَكِّرٌ لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُسَيْطِرٍ). لە شوێنێكی دیكەدا خودا بە پێغەمبەرەكەمان محمد- درودی خودای لەسەر بێت – دەفەرموێت: ﴿وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رِحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ﴾. هەر لەسەر ئەم ڕەسەنایەتییە سرووشتی دینداریی كورد وا بووە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بۆ مەرامی سیاسی و دەستكەوت و ئازاردانی خەڵكی و فریودان بەكار نەهێناوە، بەڵكوو بۆ خێری بەشەرییەت و خزمەتكردنی بەندەی خودا دینداریی كردووە.
لەم ڕوانگەیەوەیە كە لەناو كورددا كێشەی ئایینی و مەزهەبگەرایی و نەتەوەیی نییە، چونكە مەلا و زانا و مامۆستایانی ئایینی كورد سەركردەكانیان وا پەروەردە كردووە كە شكۆ و كەرامەتی هەموو ئایین و ئایینزاكان بپارێزن و زیانیان پێ نەگەیەنن، لە شوێنێكی وەكو هەڵەبجە كە كاكەیی و جوو و هاواری لێ بووە، ڕۆژێك لە ڕۆژان بەركەوتە نەبووە لە نێوانیاندا، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چیتر ماڵی كورد بێ پەنجەرە و دەرگا نەبێت و ڕێگری بكرێت لەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئاراستەی سەیر و سەمەرە و دوور لە فیكری ئیسلامییەوە هاوردە بكرێت و زیان بە دینداری و موسڵمانان و نەتەوە و خاك و نیشتمانمان بگەیەنن، كە بەشێكی گەورەی ڕەسەنایەتی و كولتووری كوردیان تێك داوە و وەكو ژەهر ڕژێندراوەتە ناو بیری ڕەسەن و پاكی گەنجەكانمانەوە. ئەمە ئەركی مامۆستایانی ئایینی و حكومەت و یەكێتیی زانایانە كە ڕێگە بەمە نەدات و گرنگی بە زانا و مامۆستای ڕەسەن و خۆماڵی بدەن.
• وەكو ئاشكرایە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی كەرامەتی ئافرەت و تەنانەت بەرپەرچی ئەو كەسانەشیان داوەتەوە كە بەناوی مەلاوە بێ ڕێزی بە ئافرەت دەكەن. ئایا ئەم هەڵوێستە بەرزەی مەلای كورد بەرانبەر ئافرەت چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ئافرەت دایكە، كە بەها و پیرۆزییەكی گەورەی پێ دراوە. لە ئیسلامدا ئافرەت ئامانەتی خودایە لە گەردنی پیاودا و لەناو كۆمەڵگەی كوردەواریشدا بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئافرەتان كراوە، بۆیە ئافرەتان شانبەشانی پیاوان بەشدار بوون لە چالاكی و خەباتدا، مامۆستایانی ئایینی لەپێناو سەربەستی و سەربەرزیی ئافرەتدا هەندێك دابونەریتی چەوت و هەڵەیان هەڵوەشاندووەتەوە، یاسا و ڕێساكان بۆ ئەوە دانراوە كە شكۆی ئافرەت و كەرامەتی لە فیتنە و مەترسییەكان پارێزراو بێت.
لە كۆتاییدا ئومێدەوارم كە مامۆستایانی ئایینی بتوانن لەناو گێژاوی ئەو هەموو هزر و بیری چەوت و هاوردەكراوی دەرەوە خۆیان بپارێزن، چیتر ئەوەندە سیاسەتی دەستی حزب لە كاروباریان وەرنەدەن و ڕێگە نەدرێت هەرچی بێت و ببێتە مەلا و مامۆستا و زانا، مەلای كورد دەبێت خاوەنی ڕەسەنایەتیی ئایینەكەی بێت و بەرگریكار بێت لە نەتەوەكەی و ئەركی ڕاستەقینەی پاراستنی ئایین و نیشتمانەكەی لە ئەستۆ بگرێت، لە هەوڵی كوژانەوەی فیتنە و دووبەرەكیدا بێت و بەرانبەر ناتەبایی نێوماڵی كورد ڕابوەستێتەوە، نەوەكو بەنزین بەئاگردا بكات. كەسانێك بە ناوی ئایینەوە دروست كراون شكۆی مامۆستایانیان شكاندووە و لەسەر شاشەی تیڤییەكان سەرقاڵی شەڕەقسە و ڕووبەڕووبوونەوەی بێ كەڵكن و لەبری ئەوەی خەڵقی خودا كۆ بكەنەوە، ئەوەندەی دیكە كۆمەڵگەكەیان پەرت كردووە. ناكرێت چیتر وەزارەتی ئەوقاف ڕێگە بدات هەموو كەسێك جلوبەرگی مەلا و مامۆستای ئایینی لەبەر بكات و بەكاری بهێنێت، بێ ئەوەی لە حوجرەیەكی ڕەسەن و مەدرەسەیەكی ئایینیدا پێگەیشتبێت، بۆیە ناڵێم بڕوانامەی بەدەست هێنابێت، چونكە لەم سەردەمەدا جیاوازیی زۆر لە نێوان پێگەیشتن و بڕوانامەدا هەیە.
