کەیوان محەممەدی پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی FOKUS Award 2026ی بەدەستهێنا
کەیوان محەممەدی، وێنەگری کوردی خەڵکی کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەفدەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وێنەگری FOKUS Award 2026 لە ئەلبانیا، پلەی یەکەمی بەشی بابەتی *«هەناسە» (BREATH)*ی بەدەستهێنا.
بەرهەمەکەی بە ناوی «Synthetic Respiration» ــ «هەناسەدانی دەستکرد»، بە زمانی وێنە باس لە پیسبوونی ژینگە، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەرەی سەرچاوە سروشتییەکان، پیشەسازی و کاریگەرییەکانی لەسەر مافی مرۆڤ بۆ هەناسەدانی هەوای پاک دەکات.
لەو پێشبڕکێیەدا ٥٦٠ وێنەگر لە ٥٢ وڵات بەشدار بوون و کاری کەیوان محەممەدی لە کۆتاییدا توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. بەپێی ڕاپۆرتی 7Roj، خەڵاتی پلەی یەکەم ١٠٠٠ یۆرۆ بوو.
کەیوان خوێندکاری هونەرە بینراوەکان بووە و وەک مامۆستای هونەر کار دەکات؛ کارەکانی پێشتر لە چەند پێشانگە و گەلەرییە نێودەوڵەتییەکانیش پیشان دراون.
