پاش کشانەوەی هاوپەیمانان ئاسایشی سیاسی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا ....

پاش کشانەوەی هاوپەیمانان ئاسایشی سیاسی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا ....

 

کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناوچەکە دەخاتە سەر وەرچەرخانێکی خێرا و گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراو لە ئاسایشی سیاسی و چارەنووس سازدا . بە نەمانی ئەم هێزانە بۆشاییەکی هەواڵگری و ئەمنی و ئاسایش ڕودەدات و پێشبینی دەکرێت پشێوی و نائارامی ڕو لە ناوچە بکات و بۆشایی ئەمنی دروست ببێت کە مەترسی جدی لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان و داعش زیاد بکات ، زیادبوونی گوشاری گرووپە چەکدارەکان و مەترسی چەکدارانی نەناسراو لەژێر ناوی جیاوازدا و دەستوەردانی شەڕەنگێزی نەخوازراوی وڵاتانی دراوسێ بەدور نازانرێت .
ئەم دۆخە نوێیە هەرێمی کوردستان ناچار دەکات لەجیاتی پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگی نەتەوەیی لە بەغدا بکاتەوە و ڕێکخستنەوەی ناوخۆ بکرێتە ئەولەویەت . بۆ پاراستن و ئارامی و ئاسایشی کوردستان پێش نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان پرۆسەی خێراکردن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گرنگ بوو ، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو دامەزراو ڕاهێنراو و مەشق پێکراو پڕچەک بکرێت ، دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا پەرەی پێبدرێت و هەماهەنگی زیاتر هەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنی و دارایی بنەڕەتی ، دروستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابووریی هاوسەنگ لەگەڵ زلهێزەکان بەرەو پێش ببرێت ، تا بتوانین سەقامگیری و کیانی سیاسی هەرێم باشتر بپارێزین و ئەو مەترسیانەی پێشبینی دەکرێت لێیان پارێزراوبین .
ئەوەی جێگای مەترسییە پەرتەوازەیی و نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتووە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق . دوور نییە و چاوەڕوانکراوە داواکاری نوێ و فشاری زیاتر لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە بدرێتە بەغدا بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ، نەمانی هاوپەیمانان و نزیکبوونەوەی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدا هیچکات لە بەرژەوەندی کورددا نەبووە و زۆرجار پیلانگێڕی دوژمن و نەیاران فشارە سیاسی و ئابورییەکانیان لە ڕێگەی بەغداوە دژی خەڵکی هەرێم و قەوارە دەستورییەکەی جێبەجێ کراوە .
لە دوای تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانان ، هیچ گەرەنتییەکی دەرەکی نییە بۆ پاراستنی کورد ئەوەیش له ئەرزی واقیعدا زۆرجار ڕویداوە ، ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ژڵەژان و مەترسیەکان دەپارێزێت تەنها یەک هەڵوێستی و یەکڕیزی و یەکدەنگی نەتەوەیی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە .

Top