د.یوسف حەسەن مامۆستای زانكۆ لە هەولێر: پەرتبوونی سیاسی و هەژموونی حزبایەتی وەك ڤایرۆسێك جەستەی دیاسپۆرای كوردی لاواز كردووە
چەمكی دیاسپۆرا، یان «ناسیۆنالیزمی دەرەوەی سنوور»، یەكێكە لەو ڕەهەندە هەرە زیندووەكانی دۆزی كورد كە لە ئێستادا پێویستی بە تێڕامانێكی قووڵ و دووبارە داڕشتنەوەی فەلسەفی و سیاسی هەیە. دیاسپۆرای كورد تەنیا كۆچكردنێكی فیزیكی و جێهێشتنی جوگرافیا نییە، بەڵكو گواستنەوەی جەستەیە بۆ هەندەران لە كاتێكدا ڕۆح و شوناس و كولتوور لەناو جەرگەی نیشتماندا بە نەمری دەمێننەوە. ئەم فەزایە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا لە دەرەوەی سنوورەكانی كوردستانە، بەڵام لە بنەڕەتدا سەنگەرێكی پێشەوەی پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكان و ناوەندێكی بڕیاردەرە بۆ داڕشتنی گوتاری كوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە :
ئایا ئەم فەزا تیۆرییە دەتوانێت لە حاڵەتێكی پەرتبووەوە بگۆڕێت بۆ هێزێكی سیستماتیك و كارا لەسەر زەوی؟ ئەگەر سەیری مێژووی نزیك بكەین، دەبینین دیاسپۆرای كورد وەك «دەنگی دووەمی نیشتمان» ڕۆڵێكی مێژوویی گێڕاوە. لە ساتە هەرە سەختەكاندا، ئەم هێزە توانیویەتی فشارێكی بێوێنە بخاتە سەر ناوەندە بڕیاردەرە جیهانییەكان بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی دەنگی مەزڵوومیەتی گەلەكەی. لە لایەكی دیكەوە، پشتگیرییە دارایی و مرۆییەكانی تاراوگە لە كاتی قەیرانەكاندا، وەك داینەمۆیەك بۆ خۆڕاگریی ناوخۆ كاری كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەم سەركەوتنانە، كاریگەریی دیاسپۆرا زۆر جار بە شێوەیەكی پچڕپچڕ و كاتی ماوەتەوە و نەبووەتە هێزێكی دامەزراوەیی كە بتوانێت ڕێڕەوی بڕیارە سیاسییەكانی ناوخۆ بە ئاراستەیەكی نەتەوەییدا ڕاست بكاتەوە.
یەكێك لە گەورەترین كۆسپەكان كە ڕێگرە لەبەردەم گۆڕانی دیاسپۆرا بۆ هێزێكی كاریگەر، گواستنەوەی نەخۆشییەكانی ناوخۆیە بۆ هەندەران. پەرتبوونی سیاسی و هەژموونی حزبایەتی، وەك ڤایرۆسێك جەستەی دیاسپۆرای كوردی لاواز كردووە. لە كاتێكدا كوردانی تاراوگە لەناو ژینگەیەكی دیموكراسی و ئارامدا دەژین كە دەكرێت ببێتە نموونەیەك بۆ ناوخۆ، كەچی زۆرجار دەبنە پاشكۆی كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ و دابەشی سەر ئایدیۆلۆژیا حزبییەكان دەبن، ئەمەش وای كردووە كە تێڕوانینی ئەوان بۆ پرسە نەتەوەییەكان، لە جیاتی ئەوەی سەربەخۆ و پێشەنگ بێت، بكەوێتە ژێر كاریگەریی بەرژەوەندییە حزبییە تەسكەكان. هاوكات، نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی و فەرمی بۆ بەشداریی دیاسپۆرا لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا، كێشەیەكی دیكەیە. نیشتمان تەنیا لە كاتی تەنگانە و قەیراندا پەنا بۆ تاراوگە دەبات، بەڵام لە كاتی ئارامی و دابەشكردنی دەسەڵاتدا، ئەم هێزە فەرامۆش دەكرێت. بۆ ئەوەی دیاسپۆرا ببێتە هێزێكی كاریگەر، پێویستە لەژێر چەتری حزبی و ناوچەیی ڕزگار بكرێت و گوتارێكی سیاسیی سەربەخۆی نەتەوەیی پێكبهێنێت. پێویستە دیاسپۆرا وەك لۆبییەكی یەكگرتوو كار بكات كە بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەی بخاتە سەرووی هەموو ئینتیمایەكی لاوەكی.
لە كۆتاییدا، دیاسپۆرای كورد خاوەنی ئیمكانیەتێكی بێوێنەیە بۆ تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافییەكان و بوون بە بزوێنەری گۆڕانكارییە گەورەكان. ئەگەر ئەم هێزە بتوانێت خۆی لە دەستێوەردانی هەواڵگریی وڵاتانی داگیركەر و ململانێی حزبی بپارێزێت، دەتوانێت وەك هێزێكی گوشار نەك هەر لە دەرەوە، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوخۆش ببێتە پارێزەری ڕاستەقینەی دۆزی كورد. دیاسپۆرا دەبێت لە «كاردانەوەی كاتی»یەوە بگۆڕێت بۆ «كردەوەی بەردەوام»، تا بتوانێت ڕاستییە سیاسییەكان بە سوودی نەتەوەكەی بگۆڕێت.
