ئۆلیڤەر هێنێسی سەرۆك بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی كزافییە لە لویزیانا بۆ گوڵان: ئەدەبیات بەشێكە لە پرۆسەی دروستكردن و دووبارە پێناسەكردنەوەی شوناسی نەتەوە

ئۆلیڤەر هێنێسی  سەرۆك بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی كزافییە لە لویزیانا بۆ گوڵان:  ئەدەبیات بەشێكە لە پرۆسەی دروستكردن و دووبارە پێناسەكردنەوەی شوناسی نەتەوە

ئەدەبیات لە مێژووی نەتەوەكاندا تەنیا ئاوێنەی ڕابردوو نەبووە، بەڵكو بەشێك بووە لە پرۆسەی دروستكردن و دووبارە پێناسەكردنی شوناسی نەتەوەكە. شیعر و دراما، بەتایبەتی توانای ئەوەیان هەیە كە هەست و یادەوەری و خەونە كۆمەڵایەتییەكان دەرببڕن كە گوتاری سیاسی بە تەنیا ناتوانێت گوزارشتیان لێبكات. لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەدا، كاری «ویلیام شكسپیر» و «ویلیام باتلەر ییتس» نموونەی دوو شێوازی جیاوازن بۆ تێگەیشتن لە نەتەوە. مێژوو، زمان و هونەر. ئەم چاوپێكەوتنە دەچێتە ناو ئەو بارگرژییەی نێوان پاراستنی میراتی كولتووری و دروستكردنی شوناسە نوێ و جۆراوجۆرەكان، هەروەها دەپرسێ كە چۆن ئەدەبیات دەتوانێت لە هەمان كاتدا هەم بەهێزكەری هەستی هاوبەشی بێت و هەم دەرفەت ڕەخسێنەر بێت بۆ ڕەخنەگرتن لە چیرۆكە نەتەوەییە سادەكراوەكان. هەروەها ئەم گفتوگۆیە پەیوەستە بە كێشەی زمان، بەكارهێنانی ئینگلیزی لە ئەدەبیاتی ئیرلەندی و ئەدەبیاتی دوای كۆڵۆنیال، و پرسیاری ئەوەی كە زمان ئایا موڵكی نەتەوەیەكە، یان دەتوانێت ببێتە ئامرازێكی گوزارشتكردن لە شوناسە جیاوازەكان. لەم ڕوانگەیەوە، ئەدەبیات تەنیا باسكردنی ڕابردوو نییە، بەڵكو شوێنێكە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو، گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێستا و وێناكردنی ئەو داهاتووەی خەونی پێوە دەبینین. هەموو ئەم پرسانە لە چاوپێكەوتنێكدا تاوتوێ كران لە لەگەڵ ئۆلیڤەر هێنێسی، مامۆستا و سەرۆكی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی كزافییە لە لویزیانا، و وانەبێژی زمانی ئینگلیزی و كارەكانی شكسپیر و نووسینە ئەنگلۆفۆنییەكانی دوای كۆڵۆنیاڵیزمە.

 

• لە توێژینەوەكانتاندا لەبارەی ئەدەبی پەیوەست بە ناسیۆنالیزمەوە، باس لەوە دەكەن كە ڕاستە ئەدەبیات هەستێكی هاوبەشی لە ئاست مێژوو و ئینتیما بە خەڵكی دەبەخشێ، بەڵام بۆی هەیە ببێتە هۆی سادەكردنەوەی كولتوور بەوەی زمان و تێڕوانین و ئەفسانەیەكی دیاریكراوی ڕابردوو زەق بكاتەوە. كەواتە چۆن لە بارگرژیی نێوان ئەدەبیات وەك ئامرازێك بۆ پاراستنی شوناس و ئەدەبیات وەك هێزێك كە توانای دوورخستنەوەی شوناسە بەدیلەكانی لە چیرۆكە نەتەوەییەكە هەیە، تێبگەین، بەتایبەتی لە ڕوانگەی «شكسپیر» و «ویلیام ییتس»ـەوە؟

- دەمەوێت سەرەتا ئاماژە بەوە بكەم كە شكسپیر و ییتس دانەبڕاون لە نەتەوەكانیان و لە پێگەی خۆیان وەك شاعیری نەتەوەیی، ئەمەش بە ڕاددەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە كولتووری و سیاسییانەی بە ئەندازەیە گەورە مانا و هەلومەرجە بنەڕەتییەكەی هونەرەكەیان سادە كردەوە. هەروەها ئەمە لە بەشێكیدا دەرئەنجامی ئەم پڕۆگرامە نەتەوەییانە بوو كە لە قوتابخانەكاندا دەخوێندران، كە بە زۆری بە چەشنێك داڕێژدراون كە برەو بە هەستی پەیوەست بە شوناس و شانازی نەتەوەیی بدەن. لە ڕاستیدا چەندین ڕێگە هەن بۆ بەرفراوانكردنی چیرۆكە نەتەوەییەكان بۆ ئەوەی شوناسە جۆراوجۆرەكان لەخۆ بگرن. بە دڵنیاییەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت ئێمە ئەم حاڵەتە لە پڕۆگرامەكانی زانكۆكاندا بەدی دەكەین. پێموایە ئەمە یەكێكە لەو ڕۆڵە گرنگانەی كە لە ئێستادا خوێندنی باڵا دەیبینێت. خوێندنەوەی كارەكانی ییتس و شكسپیر لە هەلومەرجە مێژوویی و كولتوورییەكانی خۆیان بە شێوەیەكی سرووشتی دەرگای تێگەیشتنێكی بەرتەسك و سادەكردنەوەی كولتووری نەتەوەیی دەكەنەوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی وردیش دەبنەوە. تا ئەو ڕاددەیەی كە بارگرژییەك هەیە لە نێوان پاراستنی شوناسی كولتووری و تێكهەڵكێشكردنی شوناسە بەدیلەكان، بەڵام من پێموایە ئەم بارگرژییە بەرهەمدار دەبێت ئەگەر بەرپرسانی كاروبارە ڕۆشنبیرییەكانی بەم شێوەیەی لێبكەن. 

• بە تێڕوانینی ئێوە، ئایا ئەدەبیات دەتوانێت گوزارشت لە چ شتێك بكات لەبارەی نەتەوەیەك و خەونە سیاسییەكانییەوە، یان لەبارەی ترس و نیگەرانییە بە كۆمەڵەكانیەوە، ئەویش لە ڕێی خوازە و ئەفسانە و یادەوەریی مێژوویی و جیهانی وێناكراوەوە، كە خودی گوتارە سیاسییەكە پێی ناكرێت گوزارشتی لێبكات؟، ئایا شتێك هەیە لە نێو خەیاڵی ئەدەبیدا كە ببێتەهۆی ئەوەی لە بیركردنەوەی سیاسی بەهێزتر بێت؟

- بەلای «ییتس»ـەوە، شیعری ڕەمزئاسا و دەربڕینی بە كێش و سەروا و  چیرۆكە نەتەوەییەكان دەبنە هۆی ئەوەی دراما ببێتە جۆرێكی زۆر بەهێزی ئەدەبیات بە چەشنێك كە دەتوانێت خەیاڵ و ئەندێشەیەكی هەمیشەیی و ئاڵوگۆڕێكی ڕۆحی لە نێو ژیانی خەڵكیدا بهێنێتەئاراوە. واتە وەك شێوازێكی گوتاری سیاسی، دەتوانێت ئەگەری بەشداریكردن لە ژیانی ڕۆحی نەتەوەیەكی نوێدا دروست بكات و هاوكار بێت لە بەدیهێنانی ئەم نەتەوە نوێیەشدا. ئەوە بوو ییتس لە قۆناغەكانی دواتری ژیانیدا بەشداری كرد لە شانۆ پەخشكراوەكانی ڕادیۆی بی بی سی بۆ ئەوەی بگاتە جەماوەرێكی بەرفراوانتر. ئەو باوەڕی بە هێزی دەربڕین و گوزارشتكردن هەبوو- واتە گۆڕینی هونەر بۆ دەنگ- لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕەدا. من خۆم هاوڕا نیم لەگەڵ فەلسەفە ئایینییەكەیدا، بەڵام دەكرێت وەك خەسڵەتێكی سەرسوڕهێنەری ناسیۆنالیزمی كولتووری لێی بڕوانرێت. هەروەها ئەوەی شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەوەیە كە لە ماوەی ژیانی «ییتس»دا، كۆمەڵگە جیاوازەكان وێنای خەسڵەتی جیاوازی ئیرلەندایان دەكرد. ڕەنگە لە دەرئەنجامدا بتوانین بڵێین كە ئەدەبیاتی خەیاڵئامێز پانتاییەك دەخوڵقێنێت كە تێیدا خەونی بەدیهێنانی ئەو ئاواتانەت هەبێت كە دەكرێت بەدی بهێنرێن و دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدات وێنای پاشەڕۆژێك بكەن كە ڕەنگە گوتارە سیاسییەكە- كە لە ڕێی ڕۆژنامەگەری، و ڕای گشتی، و مشتومڕە سیاسییەكانەوە دێتەئاراوە- نەتوانێت پێیان ببەخشێت.

• كاتێك توێژینەوە لەو چەشنە ئەدەبیاتە دەكەن كە گرێ دراوە بە بزووتنەوەیەكی سیاسی، یان نەتەوەییەوە، ئەوا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەترسییەدا دەكەن كە ڕەنگە خودی نووسەرەكە پتر تێڕوانینەكانی خۆی لە ئاست واقیعەكەدا دەربڕیبێت، نەك هەلومەرجە واقیعییەكە لە نووسینەكانیدا ڕەنگ بداتەوە. مەبەستمان ئەوەیە چۆن دەتوانین ئەدەبیاتێكی نەتەوەیی بخوێنینەوەـ بێ ئەوەی وەك پڕوپاگەندەیەكی سیاسی، یان وەك گوزارشتێكی سەرسامكار لێی بڕوانین؟

- ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە ڕەنگە نەتوانرێت وانەی گشتی لە ڕێنسانسی ئەدەبی ئیرلەندییەوە بەدەست بهێنین. كاتێك «ییتس» ناوبانگی شاعیر و وەك ناسیۆنالیستێكی كولتووری ئیرلەندی بەدەست هێنا، ئەو ئیرلەندا بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ خاوەنی شیعر و گۆرانیی سیاسی بوو. كە تا ڕاددەیەك ییتس خۆی لە نێو ئەو نەریتەدا دەبینییەوە و بەكاری دەهێنا، بۆ بەراوردكردنی بە فەلسەفە جوانپەروەرییەكەی خۆی. ئەو باوەڕی وابوو كە هونەرێكی ئاڵۆز و ورد داڕێژراو گرنگییەكی بنەڕتی هەیە بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدانی كولتووری ئەدەبی ئیرلەندی. ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە بە مانای ئەوەش بێت كە ئەمە بە زمانی ئینگلیزی بنووسرێت. لەبەر ئەمەش بووە كە تێڕوانینی جوانپەروەریی بەرهەڵستكاری واقیعەكەی خستەڕوو و لە تەكنیكە نوێ و هاوچەرخەكانەوە ئیلهامی وەرگرت. كەواتە، ئەگەرچی هەندێ لە كارە شانۆییەكانی ییتس بە ڕاددەیەكی بەرچاو ناسیۆنالیستی و ورووژێنەری هەستی گشتیی خەڵكەكە بوو لە دبلن، بەڵام دەكرێت كارەكانی لەسەر ئاستی جیاواز بخوێنرێنەوە و ڕاڤە بكرێن.

• هەر لە پەیوەندی بە ئەدەبیاتی ئیرلەندی و ناسیۆنالیزمی كولتوورییەوە، چۆن لەو نووسەرانە دەڕوانن كە گفتوگۆ لەبارەی دژبەری پەیوەست بە بەكارهێنانی زمانی ئینگلییزیەوە دەكەن-ئەو زمانەی لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەست كراوەتەوە بە كۆڵۆنیاڵیزمەوە-بۆ گوزارشتكردن لە شوناسێكی كولتووریی تەواو ئیرلەندی؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا زمان بە تەنیا موڵكی یەك نەتەوەیە؟

- ئەگەر لە كۆتایی پرسیارەكەتانەوە دەست پێبكەم، ئەوا دەڵێم: نەخێر. واتە دەكرێت ئێمە لە نووسەرەكانی ئەو شوێنانە بڕوانین كە ئینگلیزی زمانن، وەك ناوچەی كاریبی و هیندستان و كۆڵۆنیاڵییەكانی پێشووی ئەفریقا و بە دڵنیاییەوە ئیرلەندا، بۆ ئەوەی ڕەواندنەوە و ڕەتكردنەوەی ئەو بیرۆكەیەی پێیوایە زمانی ئینگلیزی تەنیا موڵكی ئینگلیزەكانە و دژبەری بەكارهێنانی زمانی ئینگلیزی بۆ پاككردنەوەی ئەدەب و دامەزراوە كولتووری و پەروەردەییەكانی ئیرلەندە لە خەسڵەتە ئینگلیزییەكەی، مشتومڕی ئاڵۆز دەورووژێنێت. بە دڵنیاییەوە ییتس لە پەیام و وتارەكانی بە ڕوونی گوزارشتی لە ناڕەحەتی و نیگەرانی خۆی كرد لەم بارەیەوە. دیالێكتیكی هیبێرنۆ-ئینگلزی نموونەیەكە لەبارەی شێوازێكی ئینگلیزی كە لە ئیرلەندا پەرەی پێدرا و ئەمەش دەرفەتی بۆ نووسەرە ئیرلەندییەكانی دروست كرد، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا.

• ئێوە لە توێژینەوەكانتاندا لە كاری ئەو نووسەرانە دەكۆڵنەوە كە لە بگرە و بەردەی نێوان پاراستنی میراتی كولتووری ڕابردوو و هێنانەئارای ئەو پاشەڕۆژەی خەونی پێوە دەبینن. ئایا پێتانوایە نووسەران چۆن بڕیار دەدەن كە چ توخمێكی نێو كولتوور دەبێت بپارێزرێت و چی دووبارە دابڕێژرێتەوە، یان ڕەت بكرێتەوە؟ كاتێك ئەدەبیات سەرقاڵی دووبارە داڕشتنەوەی ڕابردوو دەبێت لە پێناو گەڵاڵەكردنی شوناسێكی ناسیۆنالیستیدا، ئایا هێڵی جیاكەرەوەی نێوان زیندووكردنەوەی یادەوەریی كولتووری و دروستكردنی ئەفسانەیەك كە بكرێت خزمەت بە بەدیهێنانی ئەم شوناسە بكات، چییە؟

- پێموایە دەبێت هەر نووسەرێك و هەلومەرجی ئەو نووسەرە بە جیا لەبەرچاو بگرین. شكسپیر نووسەری شانۆیی بوو كە ناوبانگ و سەركەوتنە بازرگانییەكەی لە نەوەتەكانی سەدەی شانزەدا لە ڕێگەی بەكارهێنانی مێژووی نزیكی ئینگلیزی- لەو كاتەدا- بۆ چەسپاندنی تێڕوانینی بنەماڵەی پاشایەتی تودۆر لەبارەی شەرعییەتەوە بوو. بە دەربڕینێكی دیكە، هەڵبژاردەكە بۆ ئەو تا ڕاددەیەك ئاسان بوو لە پەیوەندی بەو لایەن و ڕەهەندانەی كولتوورەوە كە دەبوو بپارێزرێن و دووبارە دابڕێژرێنەوە، یان ڕەت بكرێنەوە. ئەو زیاتر ئەوەی لەبەرچاو گرت كە خۆی بە دوور بگرێت لە تووڕەكردنی خاوەن دەسەڵات و دەستڕۆیشتووەكان، لەگەڵ تاوتوێكردنی توانای تۆمارە مێژوییەكان بۆ دروستكردنی درامایەكی مەزن كاتێك تێكەڵ بە داڕشتنی شیعری دەكرێن. ئەوەی پەیوەست بێت بە دۆخی ئیرلەنداوە، ئەوا ییتس هونەری وەك جۆرێك لە تەكنەلۆژیا سەیر دەكرد، كە بە هۆییەوە بتوانرێت هەستێكی جەماوەری كۆن زیندوو بكاتەوە كە بە ڕاددەیەكی گەورە بە هۆی هێزەكانی مۆدێرنەوە ڕیشەكێش كرابوون. بەلای «ییتس»ـەوە یادەوەری كولتووری بەشێك بوون لە كلیلی پێش ڕۆژگاری مۆدێرنە كە بواری چوونە نێو دەروازە و جیهانێكی ڕۆحی دەدات كە ئەو بە ڕۆحی جیهانی ناوزەدی كرد. كەواتە ئەوە دروست نییە بڵێین كە ئەو دووبارە ڕابردووی داڕشتەوە. بەڵكو دەتوانین بڵێین ئەو هونەری بەكار هێنا بۆ دووبارە گرێدانەوەی ئیرلەندا بە بواری ڕۆحییەكەوە لە ڕێی تەكنەلۆژیایەكی سیحرییەوە، لە نێویاندا شیعر و دراما. ئەو پێیوابوو پرس و بابەتە كولتوورییەكان ڕۆڵی بنەڕەتییان هەیە لەم پرۆسەیەدا، لە نێویاندا ئەفسانە و فۆلكلۆری ئیرلەندی.

 

Top