د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: لەم سەردەمەدا ئینتەرنێت باشترین چەك و میكانیزمی نەتەوە بێ دەوڵەتەكانە بۆ خۆناساندن بە جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و كۆمەڵناسە و مامۆستایە لە زانكۆی سەلاحەددین – هەولێر. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ «دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە بیربۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:
دیاسپۆرای كورد سەدەیەك زیاترە یەكێك بووە لە گرنگترین هێزە پشتیوانەكانی ناسیۆنالیزمی كوردی، هەرچەندە كەم تا زۆر پانتاییەك بووە بۆ بەردەوامیدان بە ململانێكانی نێوخۆی نیشتمانیش. ئەگەر بە مێژووی خۆماندا شۆڕ بینەوە و ئاوڕێك لە تێزەكەی «بێنیدێك ئەندەرسن» بدەینەوە سەبارەت بە كۆمەڵگەی گریمانەیی و ناسیۆنالیزمی دوورەدەست، دەبینین سەرەتای خەباتی مەدەنیی كورد لە ڕووی چاپەمەنی و دروستبوونی بزافە ڕزگاریخوازەكان لە دیاسپۆراوە دەستیان پێ كردووە. بۆ نموونە ڕۆژنامەی كوردستان لە قاهیرە؛ دروستبوونی ڕێكخراوی خۆییبوون لە لوبنان و، گۆڤاری هاوار لە شام و...تاد. كەواتە پانتاییەك بۆ خۆڕێكخستن و خەباتی مەدەنی و نووسین بە ئازادانە لە دیاسپۆرا و لە دەرەوەی دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستانەوە دەستیان پێ كردووە.
دواتر و لەگەڵ چەند شەپۆلێكی كۆچكردن بە چڕی لە ساڵانی شەست و حەفتاكانەوە لە باكوورەوە بۆ ئەڵمانیا، پەناهەندەبوونی هەزاران كەس لە باشوورە بۆ ئێران و وڵاتانی دیكە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، شەڕی عێراق و ئێران و، بە هۆی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، كە ئەنفال و كیمیابارانكردن جگە لە لەناوبردنی هەزاران كەس، بەشێك لەو كوردانەی ڕزگاریان بوو بە ناچاری ڕوویان لە هەندەران كرد، ئەمە و جگە لەوەی بە هۆی كۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ هەزاران كەس نەگەڕانەوە و لەوێوە ڕوویان لە وڵاتانی دیكە كرد. شەڕی پەكەكە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا وێرانكردنی ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە شەڕی داعشیش ژمارەیەكی زۆر كورد بەتایبەت ئێزدییەكان ڕوویان كردە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە ناچاری لەوێ گیرسانەوە. ئەمانە هەر تەنیا شوێنگۆڕین نەبوون، بەڵكو هەگبە و مێژوویەك لە چەوساندنەوە و دەربەدەربوون بوون، كە هەروا بێ پەرچەكردار و بێ ئاكام نامێنێتەوە. كوردەكان، بەتایبەت ئەو نەوەیەی خۆی شاهیدی ڕووداو و نەهامەتییەكان بووە، ئامادەیی خۆسازدان و خەون بینین بە گەڕانەوە بۆ نیشتمانی لە كارە لە پێشینەییەكانی بووە. لەو نێوەندەدا كەوتنەخۆ بۆ دامەزراندنی چەندین دامەزراوە و ئینستیتۆی كولتووری و ڕێكخراوی مەدەنی و ناوەندی ئەدەبی و چاپەمەنی و بڵاوكردنەوەی گۆڤار و كتێب؛ ئەمە و جگە لە دامەزراندن و كەوتنەكاری ناوەندی ڕاگەیاندن و میدیایی، كە توانییان ڕایەڵەك بن بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی كوردەكان لە دیاسپۆرا. ئەمانە هەموو هاوڕێك لەگەڵ تێزەكەی «بێنیدكێت ئەندەرسن» دەكرێ كانگای ناسیۆنالیزمی دوورەدەست بن، بەتایبەت بۆ كورد، كە توانیویەتی كەم تا زۆری لەڕووی سیاسییەوە فشار و لۆبیشیان پێوە بكات. لە دیدی «ئەندەرسن»دا، ناسیۆنالیزمی دوورەدەست، یان كۆمەڵگەی گریمانەكراو وەك بنیادێكی كۆمەڵایەتی، دەكرێ میكانیزمێك بێت بۆ چالاككردنەوەی هەستێكی هاوبەش لە هۆش و زەینی مرۆڤەكاندا، ئەمەش بەو پێیەی هەرچەندە بە شێوەیەكی فیزیكی یەكتری نابینن و ناگەن بە یەكتریش، بەو هۆیەوەش ئاشنا و ئاگاداری یەكتری نین، بەڵام لە خەیاڵدان و زەین و باكگراوندی هەر یەكێكیاندا هەستێكی هاوبەش هەیە، بەوەی هەموویان سەر بە یەك نەتەوەن و، خودان یەك چارەنووسن. كەواتە پاڵپشت بە تێزەكەی ئەندرسۆن لەو بارەیەوە، دەتوانین بڵێین: لەم سەردەمەدا و هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و ژمارەیەكی زۆری پلاتفۆڕم و سەكۆی میدیایی، پڕۆسەی بنیادنانی نەتەوە و كۆمەڵگەیەكی سیاسیی گریمانەكراو ئاسانتر بووە. ئێستاكە ڕووداو و هەواڵەكان، وێنە و بیرۆكەكان زۆر بە خێرایی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە هەموو كونج و كەلەبەرێكدا بڵاو دەبنەوە، سنوورە جیۆسیاسییە دەستكردەكان بەهایەكی ئەوتۆیان نەماوە، لەم سەردەمەدا ئینتەرنێت باشترین چەك و میكانیزمی نەتەوە بێ دەوڵەتەكانە بۆ خۆناساندن بە جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەو بارەیەوە ڕەوەندی كوردی لە ڕێگەی دەستگرتن بە زمان و چەند لایەنێكی كولتووری و كوردبوون، هاوكات بەهەندوەرگرتنی سیمبول و ئەفسانە و مێژوووە، ڕۆحیەتێكی نەتەوەیی و نموونەی كۆمەڵگەیەكی سیاسیی گریمانەكراو لە فەزای ئینتەرنێتدا نمایش دەكەن، كە ئەمانە وەك ڕەگەزێكی سەرەكی، باشترین كەرستەن بۆ بنیادنانی نەتەوە و ناسنامەیەكی نەتەوەیی هاوبەش، ئەگەر بە گریمانەكراویش بێت. بەو واتایە بنیادنانی نەتەوە لەم سەردەمی دیجیتاڵی و باڵادەستیی سۆشیالمیدیایەدا، پێویستی بە تەواجودی فیزیكیی ئەندامان نییە لەتەك یەكتریدا، بەڵكو بوونی پانتاییەكی هاوبەش لە زەین و بیركردنەوەی تاكەكاندا، باشترین میكانیزم و ڕایەڵەن بۆ بنیادنانی نەتەوە و ناسنامەیەكی نەتەوەیی هاوبەش، لەبەر ئەوەی سایكۆلۆژیا و ژیانی كۆمەڵایەتیی تاكەكان بە شێوەیەكی دیكە فۆڕمەلە دەكەن، ئەمەش هاوڕێك لەگەڵ ئەو بۆچوونەی «كارین باربێرا»ی ئەنترۆپۆلۆجیستە، كە پێداگرە لەسەر جەختكردنە لە پەیوەندیی هەریەكە لە چوارچێوەی كۆمەڵایەتی و گوتار و ناسنامە بە یەكترییەوە، كە ئێستاكە فەزای ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا توانیویەتی كاریان لەسەر بكات.
كەواتە دیاسپۆرای كوردی وەك بنیادێكی كۆمەڵایەتیی گریمانەكراو، كەم تا زۆر لە پرسە نەتەوەییەكاندا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر ئەدای ڕۆڵەكەی بكەین، ڕەنگە وەك پێویست و لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نەبووبێت، بە چەند فاكتەرێك، كە گرنگترینیان ئەو پاشخانە ئایدیۆلۆژییەن كە نەوەیەك لە نیشتمانی ڕەسەنەوە لەگەڵ خۆیدا بۆ دیاسپۆرا بردوونی، ئەوەی جێی داخیشە ئەو نەوەیە هێشتا لە بارودۆخی نائاسایی و نابەرپرسیارانەی نیشتمانەوە لەلایەن بەشێك لە هێزە سیاسییە زێتر ئایدیۆلۆژیستەكانەوە تەغزیە و تەوزیف دەكرێت، ئەمە جگە لە فشاری ئەو وڵاتانەی كوردەكان پەنایان بۆ بردوون، كە بەردەوام خوازیاری ئەوەن تێكەڵ بە كۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە ببن، نەوەی دووەم و سێیەم كەمترین ڕایەڵە و وابەستەییان بە نیشتمانی ڕەسەنەوە هەبێت، ئەمەش وادەكات ناسیۆنالیزم بۆ ئەم نەوانە، زیاتر میرات و بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی بێت، نەك پڕۆژەیەك بۆ دروستكردنی كیان و دەوڵەتێكی سەربەخۆ. لە هەمووشی خراپتر و بە هۆی پەرتەوازەیی حزبی و توندوتیژی و نابەرپرسیارێتی لە ئاست بەڕێوەبردن و نادادی، ئێستا بەشێك لە نەوەی یەكەمیش ڕەخنەیان لە كوردبوون و ناسیۆنالیزم هەیە، جێگەی نیگەرانییشە كە ڕاستە هەست و ناسنامەی نەتەوەیی لای كوردانی دیاسپۆرا بەهێز دەردەكەوێت، بەڵام هەستێكی ڕەهەند كولتووری و سۆزدارییە و كەمتر لە ڕووی سیاسییەوە ڕێكخراوە، بۆیەش كەمیان لە چالاكییە سیاسییەكاندا بەشداری دەكەن.
