نازی بەساڵاچووان وەک ئەرکێکی مرۆیی
(*)
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەم و شارستانییەتەکاندا پێویستی بە توێژێک هەبووە، کە بتوانێت ئاراستەی بیر و ئەزموون و دانایی بێت. ئەم توێژە لە زۆربەی کۆمەڵگەكاندا بریتی بووە لە بەساڵاچوان و کەسانی جونەتەمەن، چونکە ئەوان بە هۆی تێپەڕاندنی ماوەیەکی درێژی ژیان و تاقیکردنەوەی ڕووداوە جیاوازەکان چیهان، خاوەنی ئەزموونێکی قوڵ و بیرکردنەوەیەکی پێگەیشتوون. ئایینی ئیسـلام وەک بەرنامەیەکی تەواوی ژیان مرۆڤ ، گرنگییەکی زۆری بە بەساڵاچووان داوە و ئەوانی بە سەرچاوەی دانایی و بەرەکەت و ئارامیی کۆمەڵگە ناساندووە. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، بەساڵاچوو تەنیا مرۆڤێکی تەمەندار نییە، بەڵکو دامەزرێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی مێژوو و بەهارابەردووەکان بۆ مرۆڤایەتییەکانی داهاتوو داناوە. بەساڵاچوویی لە دیدی ئیسلامدا تەنیا بڕی تەمەن نییە بەڵکو خاوەن ئەزموون، دانایی بۆ کۆمەڵگە دادەنێت و قۆناغێکی فکری و ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییە کە مرۆڤ لە ئەنجامی ئەزموونی ژیان و تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازەکاندا پێی دەگات.
قورئانی پیرۆز ژیانی مرۆڤ بە قۆناغە جیاوازەکان دابەش دەکات، و بەساڵاچوویی بە قۆناغی تەواو بوونی ئەزموون و هۆشیاری دەزانێت. خواى گەورە دەفەرمووێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن ضَعْفٍ ثُمَّ جَعَلَ مِن بَعْدِ ضَعْفٍ قُوَّةً ثُمَّ جَعَلَ مِن بَعْدِ قُوَّةٍ ضَعْفًا وَشَيْبَةً﴾ واته: خوا ئەوەیە کە لە لاوازییەوە دروستی کردوون، پاشان دوای لاوازی هێزی پێدان، پاشان دوای هێزیش لاوازی و پیری پێدان.ئەم ئایەتە بە ڕوونی ئاماژە بە گۆڕانکاریی سروشتی ژیان دەکات، و قۆناغی بەساڵاچوویی وەک بەشێکی سروشتی و گرنگی ژیانی مرۆڤ ناساندووە و دەڕوانێت.
ئیسـلام بە شێوەیەکی ئاشکرا گرنگی بە ڕێزلێگرتن لە بەساڵاچووان داوە. فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا ﷺ بنەمایەکی سەرەکی و گرنگی کۆمەڵایەتیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم توێژە داناوە.
پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرمووێت: «لَيْسَ مِنَّا مَنْ لَمْ يَرْحَمْ صَغِيرَنَا وَيُوَقِّرْ كَبِيرَنَا» واته: ئەوە لە ئێمە نییە کە بەزەیی بە بچووکەکاندا نەهێتەوە و ڕێز لە گەورەکان نەگرێت.
ئەم فەرموودەیە ڕێزلێگرتن لە بەساڵاچووان بەشێک لە ناسنامەی ڕەوەشتی مرۆڤایەتی دەکات.
لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە:«البركة مع أكابركم» واتا بەرەکەت لەگەڵ گەورەکانتانە.
ئەم وتەیە واتایەکی قوڵی کۆمەڵایەتی هەیە؛ واتە کۆمەڵگەیەک کە بەساڵاچووانی خۆی بپارێزێت، بەرەکەت و ئارامی و دانایی خۆی پاراستووە لە زموونی ژیانی.یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بەساڵاچوان، خاوەنبوونی ئەزموونی ژیانە. زانیاری و خوێندن گرنگن، بەڵام ئەزموون بریتییە لە تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکانی ژیان و فێربوون لە ڕووداوەکان.لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەساڵاچووان بە “خەزێنەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی” ناسێنراون، چونکە ئەوان دەتوانن مێژووی کۆمەڵگە بگوازنەوە، بەهاکانی کۆمەڵگە بپارێزن، چارەسەری کێشەکانیش لە ئەنجامی ئەزمونیانەوە بدۆزنەوە. کۆمەڵگەیەک کە پەیوەندیی نێوان نەوەکان لە دەست بدات، زۆرجار تووشی لاوازیی بیر و ناسنامە دەبێت، چونکە ئەزموونی پێشوو بۆ نەوەی نوێ ناگوازرێتەوە.
بەساڵاچووان ڕۆڵێکی گرنگیان لە دامرکاندنەوەی ناکۆکی و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵایەتی هەیە. لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، بەساڵاچووان سەرچاوەی حیکمەت و ڕاوێژ بوون، و خەڵک بۆ چارەسەری ملمـلانێ و کێشەکان پەنایان بۆیان بردووە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا، مرۆڤی بەساڵاچوو زۆرجار ئارامترە لە بڕیاردان، کەمتر تووشی هەڵچوون دەبێت توانای لێکدانەوەی قوڵتری هەیە.ئەم تایبەتمەندییانە وای لێدەکات ببێتە هۆکاری هاوسەنگیی خێزان و کۆمەڵگە.
ئیسـلامیش بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەم ڕۆڵەی پشتڕاست کردووەتەوە. پێغەمبەری خوا ﷺ زۆرجار ڕاوێژی لەگەڵ هاوەڵانی تەمەندار دەکرد، و سوودی لە ئەزموونەکانیان وەردەگرت.
ئەم کەسانە بەهۆی دانایی و ئەزموونیان توانیتیان کاریگەرییەکی گەورە لە بنیاتنانی دەوڵەت هەبێت.
لە ئیسلامدا پەروەردە تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو بنیاتنانی مرۆڤە. بەساڵاچووان لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتیان هەیە.
دایک و باوک و باپیر و داپیر بەهۆی ئەزموون و میهرەبانییانەوە دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر هەستی بەرپرسیارێتی لە منداڵاندا بچەسپێنن، بەها ڕەوەشتە جوانەکان بگوازنەوە بۆ نەوەی داهاتوو، زۆرێک لە توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو منداڵانەی پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ باپیر و داپیر هەیە، زۆرجار ئارامتر و هاوسەنگترن لە ڕووی دەروونییەوە لەوانەی کە دوورن لە پەیوەندی لەگەل بەساڵاجووان.لە سەردەمی ئێستادا، گۆڕانکارییە خێرا کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەکان کاریگەرییان لەسەر پەیوەندیی نێوان نەوەکان دروست کردووە. بەهۆی خێرایی ژیان و زاڵبوونی بیرکردنەوەی جیاواز دوور لە بەهای مرۆڤایەتی، هەندێک جار بەساڵاچووان تووشی پشتگوێخستن و تەنیایی دەبن.لە هەندێک کۆمەڵگەدا، بەهای مرۆڤ بە توانا لاشەیی و بەرهەمهێنان پێوانە دەکرێت، و ئەمەش وای کردووە هەندێک بەساڵاچوو هەست بە بێسوودبوون بکات.
بەڵام ئیسلام ئەم بیرکردنەوەیە ڕەتدەکاتەوە و بەساڵاچوو بە سەرمایەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەزانێت.لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، پاراستنی ماف و ڕێزگرتنی بەساڵاچووان ئەرکێکی دینی و مرۆییە.
بە تایبەت لە کاتی قسەکردن لەگەڵیان بە نەرمی لە کاتی لاوازی و نەخۆشیدا و بەشداریپێکردنیان لە بڕیاردان و چارەسەری کێشەکان.نەهێشتنی هەستی تەنیایی و پشتگوێخستن.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە بەساڵاچووان لە دیدی ئیسلامدا ئەزمونیاترین و داناترین چینی کۆمەڵگەن. ئەوان تەنیا توێژێکی تەمەندار نین، بەڵکو دامەزرێنەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، پارێزەری بەها مرۆڤایەتییەکان، و سەرچاوەی ئارامی و بەرەکەتن.ئیسـلام بە شێوەیەکی ڕوون فێری ئێمە دەکات کە ڕێزیان بگرین، گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرین، و سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرین. هەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان گەنجان و بەساڵاچووان دروست بکات، دەتوانێت ناسنامە و هاوسەنگی و پێشکەوتنی خۆی بپارێزێت.بەساڵاچووان مێژووی زیندووی کۆمەڵگەن.ئەوان چرای ڕێنماییی نەوەکانن و بوونیان هۆشیاری و دانایییە بۆ هەموو کۆمەڵگە.
(*)
د. عەبدولعەزیز مەنتك
بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
