لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن فێرخوازان بە پەرۆشەوە هەنگاو دەنێن
پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن ڕایانوایە پێویست ناكات دایك و باوك لە ماڵەوە ڕۆڵی مامۆستا ببینن، لەبەر ئەوەی شارەزای وانەوتنەوە نین و دەكرێت تەنیا پاڵپشتێك بن بۆیان، بۆیە جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە مامۆستاكان لە قوتابخانەكان منداڵان پەروەردە بكەن و تەنانەت ئەو ئەركەی وەك مەشقی ڕۆژانە پێیان دەسپێردرێت كە لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن، باشترە لە قوتابخانە و بە یارمەتی مامۆستا تەواوی بكەن و پێویستیان بە خوێندنی زیادە نەبێت لە ماڵەوە. كەچی لە هەرێمی كوردستان قوتابیان ڕۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، تەواوی ڕۆژەكە بە ئەركی ماڵەوە سەرقاڵن، تەنانەت لە پشووی هاوینیشدا منداڵان دەخرێنە بەر خولەكانی بەهێزكردن و مەنهەجی ساڵێكیان پێ دەخوێنن.
لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین لە پێشوازی دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندن، ئەو میكانیزم و هەنگاوانە چین كە پێویستە بەخێوكاران بیگرنەبەر بۆ ئەوەی قوتابی لە ژینگەی قوتابخانە چالاك و بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە ئەركەكانی و لە هەمان كاتیشدا لە ڕووی دەروونییەوە سەقامگیر بێت؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەتەكە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
نوور عەبدولقادر مامۆستای ڕاهێنەری خوێندن و فێربوونە لەم بارەیەوە هێما بۆ ئەوە دەكات، بۆچوونی من وەك مامۆستای ڕاهێنەری پەروەردەیی باوەڕپێكراو ئەوەیە، كە سەركەوتنی قوتابی لە وەرزی نوێی خوێندندا تەنیا پەیوەست نییە بە توانای ژیری، بەڵكو بەرئەنجامی ئەو ژینگە دەمارە-دەروونییەیە كە بەخێوكار لە ماڵەوە دابینی دەكات. كێشەی سەرەكی زۆربەی بەخێوكاران، تەركیزكردنە لەسەر ئامادەكاری لۆجستی و پشتگوێخستنی ئامادەكاری دەماری و دەروونییەكان. بۆ ئەوەی قوتابی ببێتە بكەرێكی چالاك، پێویستە خێزانەكان لە مۆدێلی (سەپاندن و چاودێری پۆلیسی)یەوە بگۆڕێن بۆ مۆدێلی (ڕاهێنان و بەهێزكردنی خود).
بۆ گەیشتن بەم ئاستە لە بەرپرسیاریەتییە، پێویستە بەخێوكاران كار لەسەر ئەم تەوەرە ستراتیژییانە بكەن:
یەكەم: ڕاگواستنەوەی بایۆلۆژی و ڕێكخستنی ژینگەی دەماری، قوتابی پێویستی بە قۆناغێكی ڕاگواستن هەیە لە كەشی پشوو بۆ كەشی خوێندن، مێشكێك كە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە ئامادە نەبێت، ناتوانێت چالاك بێت، پێویستە هەفتەیەك پێش دەوام، سیستەمی خەو و خۆراك ڕێكبخرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی دۆپامین لە مێشكدا هاوسەنگ ببێتەوە. كەمخەوی دەبێتە هۆی چالاكبوونی ئەمیگدالا (ناوەندی ترس)، كە ڕێگری دەكات لە فێربوونی قووڵ و گەیشتن بە دۆخی لێشاو (Flow State). هەروەها دەبێت ماڵ بكرێتە تاقیگەی فێربوون و دوور بێت لە ژاوەژاوی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، تاوەكو تەركیزی قوتابی پارێزراو بێت.
دووەم: بەهێزكردنی فرمانە جێبەجێكارییەكان لە ڕێگەی بەشداریپێكردنەوە، بەرپرسیاریەتی قوتابی پەیوەستە بە گەشەی توێژاڵی پێشەوەی مێشك (Prefrontal Cortex). ئەمەش بە فەرماندان دروست نابێت، بەڵكو بەوە دەبێت كە بەخێوكار ڕێگە بدات قوتابی لە بڕیاردان و ئامادەكارییەكاندا (وەك كڕینی پێداویستی و ڕێكخستنی گۆشەی خوێندن) بەشدار بێت. كاتێك قوتابی خۆی خشتەی كات و پلانی كارەكانی دادەنێت، مێشكی لە دۆخی پاشكۆیەتی دەگۆڕێت بۆ دۆخی سەربەخۆیی و پەیامی بەرپرسیاریەتی كەسی وەردەگرێت.
سێیەم: چاندنی عەقڵییەتی گەشەكردوو و داڕشتنی ئامانجی هاوبەش، بەپێی تیۆرییەكانی كارۆڵ دۆیك، پێویستە جەخت لەسەر پرۆسەكە بكرێتەوە نەك تەنیا ئەنجام و نمرە، بەخێوكاران دەبێت لەگەڵ منداڵەكانیان دابنیشن و ئامانجی هاوبەش دابنێن كە گەشەپێدانی بەهرەكان و لایەنی كۆمەڵایەتیش بگرێتەوە، ئەمە پاڵنەرێكی ناوەكی بۆ قوتابی دروست دەكات. كاتێك قوتابی متمانەی پێ دەدرێت كە هەوڵدان و شكستی كاتی بەشێكە لە فێربوون، بێ ترس بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت و لە پۆلدا چالاك دەبێت.
چوارەم: مۆدێلی هاوبەشی و پشتگیری دەروونی، بۆ ئەوەی قوتابی بەرپرسیار بێت، دەبێت هەست بە پەیوەستبوون بكات. بەخێوكار دەبێت لە جیاتی ڕۆڵی پۆلیس، ڕۆڵی هاوبەش و ڕاهێنەر بگێڕێت. زۆرجار قوتابی پێویستی بە گوێگرتن و ڕەواندنەوەی ترسەكانیەتی نەك تەنیا دابینكردنی پێداویستی ماددی. دروستكردنی گرێبەستێكی خێزانی كە تێیدا ماف و ئەركەكان ڕوون بن، یارمەتیدەرە تا قوتابی بە دڵسۆزییەوە پابەند بێت».
نوور عەبدولقادرلە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: « كۆتا پەیامم بۆ خێزانەكان، ئەركی سەرەكی ئێمە دروستكردنی ئارامی دەروونییە. كاتێك قوتابی هەست دەكات ماڵەوە پاڵپشتێكی زانستی و دەروونییە بۆ ئەو، نەك تەنیا چاودێرێكی نمرەكان، ئەوا بە شێوەیەكی خۆرسك وزەی دەروونی خۆی بۆ چالاكبوون و سەركەوتن وەگەڕ دەخات. ئەركی ئێمە ئەوە نییە لە جیاتی منداڵەكانمان هەنگاو بنێین، بەڵكو ئەوەیە كە ڕێگەكەیان بۆ ڕوون بكەینەوە و كەرەستەی پێویستیان بدەینێ تاوەكو خۆیان بە بەرپرسیاریەتییەوە ئەو ڕێگەیە ببڕن».
پشتیوان ساڵح خدر سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هاتنی ساڵی نوێی خوێندن دەرفەتێكی زێڕینە بۆ نوێكردنەوەی وزە و دیاریكردنی ئامانجی نوێی قوتابیان و هەنگاونانە بەرەو سەركەوتن، بێگومان بەدیهێنانی هەر ئامانجێك پێویستی بە پلان و میكانیزم هەیە كە هەندێكیان دەكەوێتە ئەستۆی دایبابان و بەشێكیان دەكەوێتە ئەستۆی قوتابخانە و بەشێكیش خودی قوتابی خۆی.
لێرەدا دەمەوێ باسی ئەو میكانیزمانە بكەم كە پێویستە دایبابان و قوتابخانە بیگرنە بەر، خاڵەكان زۆرن بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرینگن وەك سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی ئەم چەند خاڵەن .
دایبابان پێویست دەكات بۆ ساڵی نوێی خوێندنی منداڵەكانیان چی بكەن؟
یەكەم: رێكخستنی كاتی خەوی قوتابی، ئێستا كاتی خۆیەتی پێش دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن كاتی خەوی منداڵەكانیان ڕێك بخەنەوە.
دووەم: پێدانی كەسایەتی بەقوتابی بەتایبەتی بازنەی یەكەم، بردنی بۆ بازاڕ بە مەبەستی هەڵبژاردن و كڕینی جلوبەرگ و جانتا و پێداویستی قوتابخانە، ئەمەش چێژێك بە قوتابی دەدات.
سێیەم: ژینگەی ماڵەوە، دابینكردنی شوێنێكی گونجاو بۆ كاتی جێبەجێكردنی ئەركی ماڵەوەی قوتابی.
چوارەم: لایەنی تەندروستی، پێدانی خۆراكێكی تەندروست لە ژەمی بەیانیان دا .
پێنجەم: گرینگی پێدان، گرینگی پێدانی منداڵ زۆر لایەن و بوار دەگرێتەوە بەڵام ئەوەی مەبەستمانە گرینگیدانە بە خوێندنی قوتابی، دەكرێت ڕۆژانە پرسیاری كراوەی لێبكرێت دەربارەی خۆشییەكانی قوتابخانە و پەیوەندی لەگەڵ قوتابیانی تر. هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی مۆبایل و یارییە ئەلكترۆنییەكان.
شەشەم: بەدواداچوون، بەدواداچوون لە ڕێگەی سیستمی ئی پەروەردە یان سەردانی كردنی قوتابخانە و ئاگادار بوون لە ئاستی منداڵەكەی. لەكاتی سەردانی بۆ قوتابخانە پێویست دەكات تەواوی زانیاری لەسەر منداڵەكەی بەقوتابخانە و مامۆستاكانی بڵێت بە تایبەت ئەگەر پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بوو.
دەرفەتە لێرەوە ئامۆژگارییەك بۆ ئەو دایبابانەی كە منداڵی پۆلی یەكەمیان هەیە ئاراستە بكەم، پێویستە دایبابان بزانن هەفتەی یەكەمی خوێندنی قوتابی پۆلی یەكەم ناسین و تێگەیشتنە لە سیستمی نوێ، پێویست ناكات لە هەفتەی یەكەم هەموو شتێك لە سەداسەد كۆنتڕۆل بێت.
ئەو خاڵانەی بۆ قوتابخانە گرینگن لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ئەگەر بتوانێت ئەنجامی بدات.
یەكەم: پێشوازیكردن لە قوتابیان لە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن بە ئەنجامدانی چالاكی هونەری لە یەكەم ڕۆژی زەنگ لێدان. دەكرێت قوتابخانە بە چەند پۆستەری ڕازاوە داپۆشرێت و جوانكاری بۆ بكرێت.
دووەم : گرینگی دان بە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی و ئەنجامدانی چالاكی هونەری و ناساندنی قوتابخانە و ئامۆژگاری كردنیان بەزمانێكی شیرین و نەرم و نیان .
سێیەم: دابینكردنی كەشێكی ئەرێنی و ژینگەیەكی سەلامەت و تەندروست بۆ گشت قوتابیان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان.
لەكۆتاییدا دەمەوێ بڵێم خاڵی زیاتر و گرینگتر زۆرن بەڵام لەگەڵ ژینگە و بارودۆخی قوتابخانەكانی ئێمەدا ناگونجێن».
دووریا شێروانی مامۆستا و ڕاگەیاندنكار، لە دسەرەتای قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە یەكەم قوتابخانەی مرۆڤایەتی ئامێزی دایكیەتی دواتر خێزان و قوتابخانە و هاوڕێ و كۆمەڵگە، بۆ ئەوەی تاكێكی پەروەردەكراوی تەندرووستمان هەبێت پێویستە یەكەم هەنگاوی لە نێو خانەوادە دا بهاوێت، بەو واتایەی پێویستە دایك و باوك جگە لە ئەركی بەخێوكار پەروەردەكاریش بن بۆ منداڵ و مێردمنداڵ و گەنجەكانیان بەر لەوەی بچنە هۆڵەكانی خوێندن، دووبارە دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیاندا دەكرێنەوە و ئامادەكاری و گرتنەبەری میكانیزمی كاریگەر بۆ هاندانی قوتابی و بەڕێكردنیان بە باشترین شێوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن ئەركی لە پێشینەی خێزانە، ئەویش بە ئامۆژگاری و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار و وردە وردە كەمكردنەوەی دەرچوون و یاریكردن و گەشت و سەیران و سنوورداركردنی ئەم چالاكییە ڕۆژانەییانە، هەروەها لە ڕووی دەروونیشەوە هاوشانی گرنگیدانی جەستەیی و ڕێكخستنی كاتەكانیان گرنگە، چونكە ئامادە نەبوونی فیكری و هەڵهاتن لە قوتابخانە و ئامادەنەبوونی قوتابی لە ڕووی دەروونییەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی قوتابی دروست دەكات.
بۆیە پێویستە دایك و باوكان هاوكار بن لەگەڵ ستافی قوتابخانە لە ڕەخساندنی كەشێكی ئارام و یارمەتیدەر لەپێناو پەروەردە و فێركردنێكی سەركەوتوو و كاریگەر، پیرۆزە ساڵی نوێی خوێندن و هەنگاوێكی مەزن بەرەو سەركەوتن و شۆڕشی وەستانەوە دژی نەزانین و نەخوێندەواری و گرتنەبەری ڕێی ڕووناكی سەركەوتن و خوێندەواری.
