ئەو خێزانانەی ئافرەت سەرپەرشتییان دەكات چیرۆكی گەورە و پڕ شانازیان تێدایە
ئەگەر سەرپەرشتیی خێزان خانمێك بێت، بێگومان دەیان چیرۆكی تراژیدی و پڕ هەوراز و نشێوی ژیانی ڕابردووی لە هەگبەیدا شاردۆتەوە، سەدان خێزان هەن كە بە هۆكاری جیاواز ئەركی دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەیان لە ئەستۆی ئافرەتێكدایە كە لێوانلێوە لە ئاریشەكانی ژیانی ڕابردووی.
«ئێمە پێنج خوشك بووین، لەبەر ئەوەی دایكم كوڕی نەبوو، باوكم ژنی دووەمی هێنا و دواتر لە ماڵ دەری كرد و تاوەكو مردیش دایكم هەر بە تەنیا بوو، منیش حاڵم هیچ لە دایكم باشتر نەبووە و ئەوەی بەسەر ئەو هات، دەقاودەق خۆم تووشی بووم» ئامینە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئامینە كە ئافرەتێكی زەحمەتكێش و خۆڕاگری دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو ئافرەتێكی باڵا مامناوەندی سپی ڕەنگە و تەمەنی چوار دەیەی تێپەڕاندووە، وەك خۆی باسیدەكات، جیاوازیی ژیانی ڕابردووی خۆی و دایكی تەنیا لەوەدایە كە ئەم دوای سێ كچ بووەتە دایكی كوڕێك.
«باوكم لە تەمەنی 15 ساڵی منی بە پارەیەكی زۆر دا بە پیاوێكی ژندار كە 30 ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، باوكم بەو پارەیە ژنی دووەمی هێنا و دواتر دایكم و خۆشكەكانمی فڕێدایە سەر جادە. ئەو پیاوەش كە منی خواست، حەوت منداڵی هەبوو. من زۆر منداڵ بووم و هیچم نەدەزانی، لە ماڵە مێردیش وەكو خزمەتكار ڕەفتارم لەگەڵ دەكرا، تەنانەت ژووری نووستنیشم نەبوو، تەنانەت مێردەكەم لە ئاستی مندا ویژدانی مردبوو، بەڵام عیلاجم نەبوو، دایكم و خوشكەكانم ژیانێكی مەمرە و مەژییان هەبوو، بە خێر و سەدەقەی دراوسێكان بەڕێوە دەچوون، نەمدەتوانی لە مێردەكەم بتۆرێم و منیش ببمە بارگرانی بەسەر دایكم و خوشكەكانمەوە بۆیە بەرگەی ئەو ژیانەم گرت.
ساڵان هاتن و تێپەڕین، كاتێك دوو كچی دووانەم بوو، هەوێ و منداڵەكانی جەژنیان گرت و گوتیان وەكو دایكی وایە هەر كچی دەبێت، ساڵ سووڕایەوە ئەمجارە كوڕێكم بوو، ئەو منداڵانە خەم ڕەوێنم بوون، بۆ من دایك و باوك و خوشك و برا بوون. ڕۆژێك هاوسەرەكەم نەخۆش بوو لە نەخۆشخانە خەوێندرا، كوڕەكەم كە ئەوكات تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بوو لە ماڵەوە بەجێمهێشت و چووم بۆ سەردانی مێردەكەم، بەڵام كە هاتمەوە هەر دوو كچەكەم بە دیار براكەیانەوە دەگریان، ئەویش لە هۆش خۆی چووبوو. ئەوكات زانیم زڕكوڕەكانم زۆر بێ ویژدانانە دەستی خۆیانیان وەشاندووە كوڕەكەمیان لە سەربان فڕێدابووە خوارێ.
لەگەڵ دراوسێكان بە پەلە بردمانە نەخۆشخانە، گوتیان دەبێ فەوری نەشتەرگەری بۆ بكرێت، مێشكی تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە، دوای مانەوەمان لە نەخۆشخانە بە چەند كاتژمێرێك مێردەكەم هات ئاو و دەرزییەكانی لەسەر كوڕەكەم لابرد و گوتییە پزیشكەكان لەسەر مەسئولیاتی خۆمان دەیبەینەوە، بەو هۆیەوە، كوڕەكەم عەقڵی لە دەست دا، نەدەوێرا بچێتە ناو خەڵك، منداڵی گەڕەك بە شێتە شێتە دوای دەكەوتن و ئازاریان دەدا، دوای مردنی باوكیان، كچەكانم خوێندنیان تەواو كرد و بوون بە فەرمانبەر و هەردووكیان مێردیان كردووە، خوایان لێ ڕازی بێت، زاواكانم زۆر باشن و ئاگایان لێمانە».
ئامینە سەبارەت بە ژیانی ئێستای خۆی و كوڕەكەی دەڵێت: « دوای مردنی مێردەكەم كە بەشە میراتەكەمان وەرگرت هەردوو كچەكەم لە پێناو چارەسەركردنی كوڕەكەم تەنازولیان لە بەشی خۆیان كرد، ئەوەبوو بە بەشەكەی هەر چوارمان كوڕەكەم بردە ئوردن و نەشتەرگەرییكەی گەورەی مێشكی بۆ كرا، سوپاس بۆ خوای گەورە باری دەروونی زۆر باش بووە و گەڕاوەتەوە دۆخی جاران.
حەمد و سەنا بۆ خوا كوڕەكەم دوای چەندین ساڵ دابڕان لە خوێندن گەڕایەوە قوتابخانە و ئێستا لە ئامادییەكی شەوان دەخوێنێت، ماڵەكەمان دوو ژووری هەیە و ژوورێكم كردووە بە دووكان و چەندین ساڵە ئەوە تەنیا سەرچاوە داهاتمانە، ئەمڕۆش دوای ئەو هەموو ناخۆشییە شانازی بە هێز و توانای خۆمەوە دەكەم كە خوای گەورە لەگەڵمان بوو و من و منداڵەكانمی پاراست و نەیهێشت موحتاجی دەستی نامەرد بین».
