خۆشین حاجی: ئافرەتان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ خۆپێگەیاندن هەنگاوی گرنگیان ناوە

خۆشین حاجی:  ئافرەتان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ خۆپێگەیاندن هەنگاوی گرنگیان ناوە

 

خۆشین حاجی بەرپرسی ناوەندی سۆران/ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشكدەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگ و هەنووكەیی پەیوەست بە دۆخی گەنجان و خانمان، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئافرەت تەنیا قوربانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان نەبووە، بەڵكو لە زۆر قۆناغی مێژووییدا ڕۆڵی چالاكی لە خەباتی نەتەوەیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا هەبووە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 لە چەندین پرس و بابەتی گرنگ هەڵوەستە كراوە كە لە فەزای گشتی كوردستاندا ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لای بەشێك لە هاووڵاتیان لاواز بووە ئەمە بابەتێكی ئاسایی نییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاییندەی كۆمەڵگە و چارەنووسی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. خوێندنەوەت لەسەر ئەمە چییە؟

- ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بنەمای ئاییندەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام پێویستە هۆكارەكانی ئەم لاوازییە بە وردی بخوێندرێنەوە. كاتێك هاووڵاتی هەست دەكات دادپەروەری، یەكسانی، دەرفەت و مافەكانی بە شێوەیەكی دروست دابین نەكراون، سروشتییە كە هەستی بەشداری و خۆبەستن بە دامەزراوەكان و نیشتمان لاواز ببێت. بۆیە ناتوانرێت تەنیا بە وتە و دروشم ئینتیما بەهێز بكرێت؛ بەڵكو پێویستی بە كردار و دامەزراوەی بەهێز و متمانەی هاووڵاتی هەیە، حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان بەشێكن لە ژیانی سیاسیی كۆمەڵگە، بەڵام نیشتمان و بەرژەوەندیی گشتی دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندیی تاك و گرووپ و حیزبەكانەوە بێت.

هەروەها ڕۆڵی قوتابخانە، میدیا، دامەزراوە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و بە تایبەتی خێزان لە دروستكردنی ئەم هەستە زۆر گرنگە. پێویستە نەوەی داهاتوو بە شێوەیەكی هاوسەنگ فێری مێژوو، زمان، كەلتوور و مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكرێت، لە هەمان كاتدا فێری هاوڵاتیبوون، ڕێزگرتن لە جیاوازییەكان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی بكرێت.

ئینتیمای نیشتمانی بە واتای پشتگوێخستنی كێشە و ڕەخنە نییە، بە پێچەوانەوە، هاووڵاتیی دڵسۆزی نیشتمان ئەو كەسەیە كە كێشەكان دەبینێت، ڕەخنە دەگرێت و هەوڵی چاكسازی دەدات. دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەبێت لە ڕێگەی دەرفەتی كار، خزمەت، پاراستنی یاسا، ڕێزگرتن لە مافی خەڵك و بەشداریی چالاك لە ژیانی گشتی دەربكەوێت.

ئەگەر بمانەوێت ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بەهێز بكەین، دەبێت متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەكان بەهێز بكەین، دادپەروەری و یەكسانی پەرەپێبدەین، بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندییە تەسكەكان دابنێین و نەوەی داهاتوو بە هەستی بەرپرسیارێتی و خۆبەستن بە نیشتمان پەروەردە بكەین.

 بەپێی هەندێك تویژینەوەی سیاسی و ڕاپرسی كە لەسەر ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییەی كوردستان كراوە، ئاماژە بەوە دەكەن كە ژینگەی ڕەسەنی كۆمەڵایەتی كوردستان هەرگیز ڕێگەی لە ئازادی ئافرەتان نەگرتووە، بەڵكو ئەوەی ئێستا بوونی هەیە و مافەكانی ئافرەت پێشیل دەكرێت، كلتووری دەوڵەتانی داگیركاری كوردستانە و تیكەڵاوی ژینگەی ئێمە بووە، ئایا تاچەند گرنگە خەبات بۆ پاككردنەوەی ژینگەی كۆمەڵاتی كوردستان بكرێت؟

- ئەم بابەتە زۆر گرنگە، بەڵام پێویستە بە شێوەیەكی هاوسەنگ لێی بڕوانین. نابێت هەموو ئەو ڕەفتار و نەریتە كۆمەڵایەتییەی زیان بە ئافرەت دەگەیەنێت بە «كلتووری بێگانە» بزانین؛ چونكە هەندێك كێشە لە ناو كۆمەڵگەی خۆمانیشدا بە درێژایی مێژوو هەبوون. لە هەمان كاتدا، كاریگەری سیاسەت، داگیركاری و سیستەمە كۆمەڵایەتییە دەرەكییەكان لەسەر كلتوور و ژیانی كوردان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەبووە.

لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئافرەت تەنیا قوربانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان نەبووە، بەڵكو لە زۆر قۆناغی مێژوویی ڕۆڵی چالاكی لە خەباتی نەتەوەیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هەبووە. بۆیە پاراستنی مافی ئافرەت و بەهێزكردنی پێگەی ئەو، دەتوانێت بەشێك بێت لە نوێكردنەوە و زیندووكردنەوەی بەها مرۆیی و كۆمەڵایەتییە باشەكانی كۆمەڵگەی كوردی.

كۆمەڵگەیەكی بەهێز ئەوە نییە كە تەنیا كلتوورەكەی بپارێزێت، بەڵكو ئەوەیە كە بتوانێت لە كلتوورەكەی ئەو بەهایانە هەڵبژێرێت كە مرۆڤایەتی، دادپەروەری و ئازادیی تێدا بەهێز دەكەن.

 لە ئێستادا دۆخی ئافرەتان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕووی بەرەوپێشچوون و خۆپێگەیاندن بە چ ئاستێك تێپەڕیوە؟

- دۆخی ئافرەتانی سۆران لە ڕووی بەرەوپێشچوون و خۆپێگەیاندن ئاستێكی باشی بڕیوە، ئافرەتان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەنگاوی گرنگیان بەرەو خۆپێگەیاندن و بەشداریی زیاتر لە ژیانی كۆمەڵایەتی، فێركاری، ئابووری و ڕێكخراوەیی ناوە.

ئافرەتانی سۆران لە بوارەكانی خوێندن، زانكۆ، پەروەردە و فێركارییە پیشەییەكاندا بەشداریی زیاتر دەكەن. ئەمەش دەرفەت دروست دەكات كە توانای زانستی و پیشەیی خۆیان بەرز بكەنەوە.

خولەكانی كۆمپیوتەر، زمان، خانوبەرە، هونەر و پیشە جۆراوجۆرەكان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئافرەتان پشت بە كەسانی تر نەبەستن و بتوانن سەرچاوەی داهاتی خۆیان دروست بكەن. بە تایبەتی خولە پیشەییەكان دەرفەتێكی باشن بۆ گەشەپێدانی بەهرە و تواناكانی ئافرەتان.

یەكێك لە نیشانەكانی بەرەوپێشچوونی ئافرەت بریتییە لە توانای بەشداریكردن لە بازاڕی كاردا ئافرەتانی سۆران دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆژە بچووكەكان، كاركردن لە ماڵەوە، پیشە دەستییەكان خۆیان بەهێزتر بكەن.

بوونی ئافرەت لە ڕێكخراوە مەدەنی و كۆمەڵایەتییەكان، یەكێتی و كۆمەڵەكانی ئافرەتان، دامەزراوە فێركاری و كۆمەڵایەتییەكاندا هۆكارێكی گرنگە بۆ دەربڕینی دەنگی ئافرەت و ناساندنی داواكارییەكانی.

كاتێك ئافرەت دەگاتە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی و بڕیاردان، تەنها نوێنەرایەتی خۆی ناكات، بەڵكو دەبێتە نموونەیەك بۆ ئافرەتانی تر. بوونی ئافرەت لە پۆستەكانی بەڕێوەبردن لە قوتابخانە، دامەزراوە، ڕێكخراو و دامودەزگا كۆمەڵایەتییەكاندا نیشانەی ئەوەیە كە توانای ئافرەت بۆ بەڕێوەبردن و سەركردایەتی لە ئاستێكی باشدایە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێشتا هەندێك كێشە لەبەردەم ئافرەتاندا هەیە؛ وەك كەمی دەرفەتی كار، نەڕەخسانی بەشداری لە بڕیاردان، بارگرانیی بەرپرسیارێتی ماڵ و كار، و هەندێك نەریت و بیركردنەوەی كۆمەڵایەتی كە دەتوانێت بەشداری ئافرەت سنووردار بكات.

 

Top