قەوارەیەک کۆڵەکانى پێشمەرگەوخوێنى شەهیدان بێت ناکەوێ و ناڵەزرێ
ئەم بەشەى خاکى کوردستان ، کەناوى قەوارەى هەرێمى کوردستانە ، رەوایدانێکى یاسایی و مێژوویی لە گەلێکى خەباتگێر و تێکۆشەر لە سەر نەخشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەرگڕتووە ، هەروەها بە ئاسانى و وەک دیارییەک لەسەر سینییەک و لە ئەنجامى ڕێککەوتنێکى سیاسى وسازشکردنى گەلى کورد و سەرکردایەتییەکەى وەک دیارى پێشکەش بە کورد نەکراوە ،بەڵکو لە ئاکامى دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان و بەخشینى خوێنى هەزاران ڕۆڵەى ئەم خاک ونیشتیمانەیە، لە ئەنجامى خوێن و فرمێسکى کەسوکارى دەیان هەزار ئەنفالى بەدناو و خۆڵ و تۆزى زیاتر لە 4500 گوند و دارستان و کانیاویی وێرانکراو و هەزاران شەهیدى کیمیاباران و زیندانى سیاسى و دڵسۆزانى ئەم خاکە پیرۆزەیە کە ناوى کوردستانە
ئەوەى سەبارەت بە قەوارەى کوردستانەوە گرنگە بزانێن ئەو راستیە ؛ هەرێمى کوردستان لەڕووى سیاسیى و یاسایی و دەستووریی هەمیشەیی عێراقەوە کە لە ساڵى 2005 وە دەنگى پێدراوە و قەوارەیەکە کە دانپێدانانێکى وەک قەوارەیەکى فیدڕاڵیی چەسپاوە و ئەویش لە نێو ماددەکانى 117 و 126ى دەستوور ، بە ئاشکرایی هێزى ئەم پێگەیە و ئەستەمبوونى نەمانى لەلایەن دەسەڵاتەکانى عێراقەوە دەسەلمێنێت ، چونکە لە ماددەى 117ى برگەیەى یەکەمەدا ، دەڵێت ، ئەم دەستوورە لەڕێککەوتنى جێبەجێکردنییەوە ، ددان بە هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی وهەموو دەسەڵاتەکانى دادەنێت وەک هەرێمى فیدراڵى لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە ئەو دەستوورە هەرێمى کوردستانى دروست نەکردووە ، بەڵکو تەنها ددانپێندانانێکى فەرمى و یاسایی و سیاسییە کە شەرعییەتێکى میژوویی و پێبەخشیووە و ناتوانێت لێ پاشگەز ببێتەوە
هەروەها ماددەى 126ى دەستوور هەمیشەیی عێراقى فیدراڵیش ، گەورەترین بەرستى یاساییە بۆ ئەوەى هیچ هێزولایەنێک نەتوانێت دەستوەردان لە پێگەى هەرێمى کوردستان بکات , چونکە بە پێى بڕگەى چوارەمى ئەم ماددەیە : ناکرێت هیچ هەمووارێک لە دەقەکانى دەستوور بکرێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان ، تەنها بەڕەزامەندى یاسادانانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و زۆرینەى خەڵکى کوردستان ئەویش بەڕێگەى ڕاپرسییەوە ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان تەنها بە ڕەزامەندى خەڵکى کوردستان دەبێ ،ئەگینا ئەستەم و نادەستوورییە. ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردن و بایەخە ، بە پێى ماددەى یەکى دەستوورى هەمیشەیی ،عێراق دەوڵەتێکى فیدڕاڵییە ، بۆیە سیستەمى فیدراڵى بە بێ بوونى هەرێمى کوردستان هەرەست دەهنێنێت و هەڵدەوەشێتەوە
زۆر گرنگە و دەبێ ئەوانەى شەوورۆژ خەون بە داگیرکردن و لەناوبردنى ئەم قەوارەیەوە دەبینن وهەر چى سیناریۆ و پیلانگێرى و قەیرانسازى نەماوە لە دژى پەیرەوى نەکەن بە پاڵپشتى ئاغاکانیان ، کاتى ئەوە هاتووە لە خەونە نەزۆکە بەخەبەر بێنەوە ،چونکە ئیتر گەلى کورد زۆر ژیرو بە ئاگایە و ڕێگەنەدات هیچ لایەن و نەیارێک هێڵەسوورە نەتەوەییەکانى کە خاک و قەوارە و ئاڵا و دەستکەوتەکانێتى ببەزێنێت و یارى بە چارەنووس وشکۆى بکات و بەدڵنییاییشەوە ئەگەر وەڵامێکى کوشندەیان دژ بەو لایەنانە دەبێ، چونکە هیچ هێزلایەنێک ناتوانێ گاڵتە بە هەست و سۆزى ئەم گەلە خۆڕاگر و کۆڵنەدەرە بکات
بۆیە، ئەوەى لە رابردوو و ئێستا وداهاتووش کە بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووس و مان و نەمانى ئەم قەوارەیە بدات ، تەنها گەلى کوردستانە و هەرێمى کوردستانیش قەوارەیەکى یاسایی و دەستووریی نەگۆڕە ، ئەوانەشى جاروبار بە گوێچکەى خەڵکى کوردستاندا دەچپێنن ، گوایە قەوارەى هەرێمى کوردستان هەڵدەوێشێتەوە ، یان چەواشەکارى دەکەن یانیش ساویڵکە وبێ ئاگان لە سەنگ و پێگەى سیاسى و یاسایی هەرێمى کوردستان لە نێو دەستووردا . لێرەدا دەبێ ئەو راستییە بزانن هیچ هێزولایەنێک بۆی نییە لەجیاتى گەل کوردستان و خاوەنە راستەقینەکەى بڕیار لەسەر چارەنووسى بدات و کوردستانیش هەربەرەو پێشەوەیە و نەیارانى کورد و کۆیڵەکیانیان وەک هەمیشە بەو خەونەوە سەر دەنێنەوە و دەچنە نێو زبڵدانى مێژوویی پڕ ریسواییەوە

رێبوار حەمەلاو شوانی