کێ دەتوانێ (هەرێمی کوردستان) هەڵوەشێنێتەوە؟

کێ دەتوانێ (هەرێمی کوردستان) هەڵوەشێنێتەوە؟

 

پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا، تەنها دانپێدانانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو قەوارەیەکی فیدراڵیی چەسپاوە کە بە کۆتوبەند و گەرەنتیی توندی دەستووری پارێزراوە. خوێندنەوەی ماددەکانی ١١٧ و ١٢٦ی دەستوور، بە ڕوونی هێزی ئەم پێگەیە و مەحاڵبوونی هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دەسەڵاتەکانی بەغداوە دەسەلمێنێت.

یەکەم: ماددەی ١١٧ (بڕگەی یەکەم) بە ڕوونی دەڵێت: «ئەم دەستوورە لە ڕێکەوتی جێبەجێکردنیەوە، دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانیاندا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی».
ئەم دەقە بەو مانایەیە کە دەستوورەکە خۆی قەوارەی هەرێمی دروست نەکردووە، بەڵکو دانپێدانانی فەرمی و کۆتایی بە واقیعێکی یاسایی و سیاسی پێشینەدا ناوە، ئەمەش شەرعیەتێکی مێژوویی و دەستوورییە پێ بڕیوە کە ناتوانرێت پاشەکشەی لێ بکرێت.

دووەم: قەڵغانی هەموارکردن (ماددەی ١٢٦)
ماددەی ١٢٦ گەورەترین بەربەستی یاساییە لەبەردەم هەر هەوڵێک بۆ دەستکاریکردنی پێگەی هەرێم. بەپێی بڕگەی چوارەمی ئەم ماددەیە کە دەڵێت: «ناکرێت هیچ هەموارێک لە دەقەکانی دەستووردا بکرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمێک... ئیلا بە ڕەزامەندی یاسادانانی (پەرلەمانی) هەرێمی پەیوەندیدار و ڕەزامەندی زۆربەی دانیشتوانی لە ڕاپرسییەکدا».
ئەم بڕگەیە "مافی ڤیتۆ"ی تەواوی داوەتە هەرێمی کوردستان، چونکە کاتێک دەستوور بۆ کەمکردنەوەی بچووکترین دەسەڵاتی هەرێم مەرجی ڕەزامەندی پەرلەمان و گەلی کوردستان دابنێت، ئەوا بەپێی بەهێزترین بنەماکانی تەفسێری یاسایی (من باب أولى)، هەڵوەشاندنەوەی گشتیی قەوارەی هەرێم بەبێ ڕەزامەندی خەڵکەکەی بە تەواوی مەحاڵ و نادەستوورییە.

پرسیار ئەوەیە کێ دەتوانێت هەرێم هەڵوەشێنێتەوە؟
لە ڕوانگەی یاسای دەستوورییەوە، هیچ کام لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی بەغدا چ پەرلەمانی عێراق بە دەرکردنی یاسا، چ حکومەت بە مەرسووم، و چ دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیار، خاوەنی چەمکی سەروەریی ڕەها نین بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان، چ جای بڕیاری حیزب و سەرکردەکان!. چونکە عێراق بەپێی ماددەی ١ی دەستوور دەوڵەتێکی فیدراڵییە، و سیستمی فیدراڵی بەبێ وجودی هەرێمی کوردستان هەرەس دەهێنێت و هەڵدەوەشێتەوە!
لەسەر ئەم بنەمایە، تەنها لایەنێک کە بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووس و مان یان نەمانی ئەم قەوارەیە بدات، تەنها و تەنها «گەلی کوردستان خۆیەتی» ئەویش کاتێک لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی گشتیی ئازاد و فەرمییەوە، خۆی بڕیاری گۆڕینی پێگەی سیاسی و ئیداریی خۆی بدات. لە دەرەوەی ئەم ویستە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی نەگۆڕە.

ئەوانەی ماوە ماوە بەگوێی خەلکی کوردستاندا دەچپێنن گوایە هەرێم هەلدەوەشێتەوە، سیاسی بێئاگان لە پێگەی هەرێم لە دەستووردا.

Top