كورد و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م ئازادى
له‌و باره‌یه‌وه زۆر نوسراوه. به‌شێكیان شرۆڤه‌ى بێ بنه‌ما و بێنرخن. به‌شێكیان ره‌شبینى باڵى به‌سه‌رداكێشاوه. جۆناتان راندێل ده‌لێ كورد، به‌پێچه‌وانه‌ى كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگه‌كانى فارس و تورك، شارستانیه‌تیان نیه، تا بگه‌نه ئاستى ئه‌وان له‌رووى به‌ڕێوه‌بردن، له‌پێناو به‌هێزكردنى هۆشیاریى خۆیان و ناسنامه‌ى مێژووییان. به‌ڵام ئه‌وه‌ى راستى بێ كورد خاوه‌ن مێژوویه‌كى دێرینى شارستانیه‌ته، ته‌نانه‌ت و به‌بۆێرییه‌وه ده‌بێ بگۆترێت به‌شێك له ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ى راندێل ئاماژه‌ى پێده‌كات و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش، بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له لایه‌ك وه‌ك یه‌كێك له یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌كان له ناوچه‌كه‌دا بوون به یه‌كێك له كیانه سیاسییه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى، و له لایه‌كیتره‌وه و دواتریش به‌شێكى جیانه‌كراوه‌ى ئه‌و شارستانیه‌ته بوون كه له دواى ئه‌وه‌ى ئه‌خمینییه‌كان بوون به به‌هێزترین هێزى ئه‌و سه‌رده‌مه، و ته‌نانه‌ت تا كاتى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ساسانیه‌كانیش وابوو.
هه‌روه‌هاش سه‌باره‌ت به توركیاش هه‌مان بۆچوونمان هه‌یه و شارستانیه‌تى كورد زۆر له ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى توركه‌كان كۆنتر و پێشتر و تۆكمه‌تره، و هه‌روه‌هاش به‌شێك له ده‌سكه‌ته‌كانى عۆسمانیه‌كان و توركیاى نوێش بۆ ئازایه‌تى نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌گه‌رَێته‌وه، كه به‌شدارى هه‌موو كایه‌كانى سیاسه‌ت و له‌شكه‌رى ئه‌و وڵاته بوون.
مینوورسكى له به‌شێك له بۆچوونه‌كانى خۆى واى ده‌بینێ كه دۆخى جۆگرافیایى كورد، به‌تایبه‌ت ناوچه سه‌خت و شاخاوى و رووباره به‌هێزه‌كان له كوردستان، هۆكارى دابه‌شبوونى ژیانى سیاسیى كورد و سه‌رهه‌ڵدانى سیسته‌مى فیۆدالیزمى مۆڵكدارین تیایدا. به‌ڵام نایشارێته‌وه كه هه‌ستى به‌هێزى كورد بۆ ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى هۆكارێكى مانه‌وه‌ى كورده، كه خۆى له مێژووى بزاڤه‌كانیدا ده‌بینێ.
سه‌باره‌ت به دۆخى جۆگرافیایى ده‌بێ ئاماژه به‌وه بدرێت كه له جیهاندا زۆر وڵات و ناوچه هه‌ن كه هاوشێوه‌ى كوردستان خاوه‌ن ناوچه‌یه‌كى سه‌ختى شاخاوى و ئاوى رووبار‌ى به‌هێزن، به‌ڵام بوونه‌ته خاوه‌ن وڵاتى سه‌ربه‌خۆ و كیانێكى سیاسى. نموونه‌ش به‌شێكى وڵاتانى ئاسیاى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌ى قه‌فقاز، و هه‌ندێ وڵات له ئه‌مریكاى لاتین و زۆر شوێنى دیكه له جیهاندا.
به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووى نابن هۆكارى ئه‌وه‌ى كه نه‌ته‌وه‌یه‌كى وه‌ك كورد ببن به وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆ و كیانێكى سیاسى. ده‌بێ هۆكارى دیكه له پشته‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته بن.
فاكته‌رى خۆیه‌تى و ئۆبجێكتیڤ به‌شێكن له‌و هۆكارانه‌ى كه بوونه‌ته ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئازادیى گه‌لێكى وه‌ك كورد. نه‌بوونى گۆتارێكى سیاسیى یه‌كگرتوو و خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیارێتى، كۆنه‌بوون له ده‌ورى سه‌رۆكێكى خاوه‌ن ئه‌زموون و كارێزما به‌شێكن له‌و ئاڵنگارییانه و لاوازیه‌ى بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌به‌رده‌م كورد. له كۆمارى مه‌هاباد، كه ده‌رفه‌تێكى زێڕین بوو كه كورد له ژێر چه‌ترى یه‌ك ئاڵادا كۆ ببنه‌وه، بارزانیى نه‌مر به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتى مێژوویى خۆى و به دوور له به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه ناوچه‌ییه‌كان رووى كرده ئه‌و كۆماره و شانى دایه به‌ر پارێزگاریكردن له‌و كۆماره ساوایه.
ئه‌زموونى رێفراندۆم پێشانیدا كه گه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورد وه‌ك مه‌شخه‌ڵێك له ده‌ورى سه‌رۆكێكى كارێزما كۆ ببنه‌وه و ببن به خاوه‌نى یه‌ك هه‌ڵوێست و گۆتارى یه‌كگرتوو، ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وتى زۆر مه‌زن ئاوه‌ڵا ده‌بێته‌وه. وه‌كچۆن بینیمان رێفراندۆم به ده‌نگى زۆرینه سه‌ركه‌وتنێكى مێژوویى تۆماركرد.
به هه‌مان لۆژیك و لێكدانه‌وه هه‌ر كاتێك كورد په‌رته‌وازه بووه تووشى شكستى كۆشنده هاتووه و ده‌رفه‌تى زێڕ‌ینى له‌ده‌ستداوه. نموونه‌ش زۆرن و مێژووى كورد چه‌نده‌ها له‌و نه‌هامه‌تى و شكستانه‌ى تێایدایه.
ئه‌مه له لایه‌ك و له لایتره‌وه هۆكار و فاكته‌رى بابه‌تى و سۆبجێكتیڤ هه‌ن له پشته‌وه‌ى شادنه‌بوونى كوردن به ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى، كه به‌شێكیان په‌یوه‌ستن به داگیركه‌رانى كوردستان. داگیركه‌رانى كوردستان، چ له رابردوو و چ له ئێستا و سه‌رده‌مى دیمۆكراسیدا، قه‌ت نه‌گه‌یشتوون به ئاست و قۆناغێك كه قه‌ناعه‌تیان به‌و لۆژیكه هه‌بێ كه كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیترى ئه‌م جیهانه، ده‌توانن و مافى خۆیانه ببن به ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و كیانى سیاسیى خۆیانیان هه‌بێ. به‌داخه‌وه كه ئه‌و بیرۆكه‌یه، كه له‌سه‌رده‌مى ئێستا و سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌میش بوونى هه‌یه و هیچ ئاسۆیه‌كى روونى پێوه‌دیار نیه و ئه‌م رۆشنبیرییه سیاسییه‌ى هاوچه‌رخ له ره‌فتاره سیاسییه‌كانى ئه‌وان به‌دیناكرێت.
بۆیه‌ش و تا ئه‌و لۆژیكه به‌سه‌ر بیرى سیاسیى داگیركه‌رانى كوردستاندا زاڵ بێ، ئه‌سته‌مه ئه‌وان بتوانن بگه‌ن به ئاستێكى هزرى كه بوون به‌خاوه‌ن وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆى كوردستان به كورد به ره‌وا ببیننن. و ئه‌مه یه‌كێك له ئاسته‌نگ و ئاڵنگارییه هه‌ره مه‌زنه‌كانى به‌رده‌م خه‌باتى سیاسیى كورده، كه تا بوونى هه‌بێ، دۆخى كورد له‌وه‌ى كه هه‌یه جوانتر و باشتر نابێ. ئه‌و داگیركه‌رانه، چ له رابردوو و چ له ئێستادا، زۆر به بێ به‌زه‌ییانه هه‌ر ده‌نگێكى ناره‌زایى كوردیان به دڕندانه‌ترین شێوه سه‌ركووت كردووه و هیچ تاوانێك نیه له دژى كورد ئه‌نجامیان نه‌دابێ و نه‌ده‌ن.
راسته، ره‌زامه‌ندیى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ كورد زۆر گرنگه، به‌ڵام وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش و به‌تایبه‌ت داگیركه‌رانى كوردستانیش لایه‌نێكى حاشاهه‌ڵنه‌گرى هاوكێشه‌كه‌ن. به‌داخه‌وه سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات له‌م وڵاتانه‌دا تۆتالیتارییه و رێگه به بیركردنه‌وه‌یه‌كى دیمۆكراسیانه به ئه‌وان نادات، هه‌ربۆیه‌ش ده‌بینین ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌م وڵاتانه دان به كورد نانێن و كه‌مترین مافه‌كانى هاوڵاتیبوون به كورد به ره‌وا نابینن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ بگۆترێت به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه ده‌گۆترێت كورد خۆى ناناسێت، كورد به ئه‌زموونێكى دورودرێژى خۆى خۆى باش ده‌ناسێ و باش ده‌زانێ كه چى ده‌وێ و ئامانجه درێژخایه‌نه‌كانى چین. به‌ڵام ئه‌وه وڵاتانى رۆژئاوا و داگیركه‌رانى كوردستانن، كه ده‌رفه‌تیان به كورد نه‌داوه تا وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیتر به ئازادى شاد ببێ و له كیانێكى سیاسیى سه‌ربه‌خۆدا مومارسه‌ى بنه‌ماكانى دیمۆكراسى بكات. هه‌ڵبه‌ت نابێ په‌رته‌وازه‌یى و ناته‌بایى و ناكۆكیه‌كانى خۆشمان له‌بیر بچێ كه كۆسپى سه‌ره‌كین له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان.
بۆیه‌ش، ئه‌م فاكته‌ره سۆبجێكتیڤه ده‌ره‌كیانه، شان به شانى فاكته‌ر و هۆكاره‌كانى خۆدى، ئاسته‌نگى مه‌زنن له‌به‌رده‌م جووڵه‌ى سیاسیى كورد و ده‌ستكه‌وته‌كانى. هه‌ر كاتێك ئێمه توانیمان به گۆتارێكى یه‌كگرتوو و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى و ئامانجه هاوبه‌ش و مه‌زنه‌كانى كورد، قه‌ناعه‌ت به جیهانیان و داگیركه‌رانى كورد بێنین كه ئێمه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌كین خاوه‌ن ماف، و ئه‌وانیش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان لا دروست بوو كه كوردیش ده‌توانێ وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كى ناوچه‌كه و جیهان ببێته خاوه‌ن كیانێكى سیاسیى سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وه ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێ كه دیمۆكراسیه‌ت لاى ئه‌وان گه‌شه‌ى كردووه و گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه بتوانن له‌به‌ر رۆشنایى لۆژیك و بیركردنه‌وه‌یه‌كى ئازاد و دوور له زۆبانى زبر و هه‌ڕشه و گووشار، دان به بوونى یه‌كێك له نه‌ته‌وه زیندووه‌كانى ناوچه‌كه و جیهان بنێن. و ئه‌مه خۆى له خۆیدا لووتكه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى به‌هاكانى دیمۆكراسیه‌ت و ئازادییه، كه له ژێر سێبه‌ریدا رێز له ئازادى نه‌ته‌وه‌ى كورد بگیرێ. و به‌ر له هه‌موو ئه‌وانه‌ش كورد پێویستى به‌وه هه‌یه كه له‌وه تێبگات كه به لووتبه‌رزى و خۆبه‌زلزانین و نه‌گۆێڕایه‌لى و چه‌واشه‌كارى، زیاتر له یه‌كترى و ده‌ستكه‌وته‌كانمان دوور ده‌بینه‌وه و ده‌بین به بووكه‌له‌ى ده‌ستى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه به ئازادى كورد رازى نین و نایانه‌وێ كورد به شكۆ و كه‌رامه‌ته‌وه له ناوچه‌كه‌دا بوونى خۆى بسه‌لمێنێ. سوود له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رگیراوه: 1-د. احمد محمود الخلیل (2013): الشخصیه الكوردیه. *پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*