پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: بەدەمەوەچوونی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی تاكە كلیلی چارەسەرە بۆ خستنەوەگەڕی پەیوندییە سیاسی و دامەزراوەییەكانی هەرێمی كوردستان

پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: بەدەمەوەچوونی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی تاكە كلیلی چارەسەرە بۆ خستنەوەگەڕی پەیوندییە سیاسی و دامەزراوەییەكانی هەرێمی كوردستان

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ «دا (پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی) لەم نووسینەدا بۆ چوونەكانی دەڕبریوە.

 

من ئەم بارودۆخەی كوردستان بە چەقبەستنی سیاسی ناو نابەم،ڕاستە كارا نەبوونی هەندێك دامەزراوە و ئۆرگان لەم قۆناغەدا جۆرێك لە جووڵەی سیاسی و دامەزراوەیی ڕاگرتووە، بەڵام ئەگەر سەرنجێك لەو هەموو ڕووداوە یەك لەدوای یەك و ململانێ و گرژییە سیاسی و ئابوورییانە بدەین، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەم ناوچەیە ڕوویان داوە، دەبینین كاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووە سیاسییەكان و ژێرخانی ئابووری و بگرە كۆمەڵایەتیشدا هەبووە. دەتوانین بڵێین هۆشیاری و دانایی سەركردایەتیی كوردی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی بوو كە توانییان هەرێمی كوردستان لە شەپۆل و گێژەڵووكەی ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی و پریشكی ئاگر و قەیرانەكان بپارێزن. قۆناغەكە هێندە هەستیار بوو نەتدەزانی كاتژمێر دوای كاتژمێر چی ڕوو دەدات و نەتدەزانی چ هەڵوێست بنوێنی، یان چی چاوەڕێی ناوچەكە دەكات و دوامەنزڵی ئەو شەپۆلە لە جەنگ و قەیران و ململانێ بە كوێ دەگات، بۆیە ئاسان نەبوو، بگرە سەختیش بوو تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە بە كەمترین زیانەوە. هەرچۆنێك بێت لەگەڵ هەموو قەیرانەكان كە ڕوویان كردە هەرێمەكەمان، لە ڕووی كیان و سەلامەتیی هاووڵاتییانەوە تا ڕادەیەكی باش پارێزراو بووین. ئەڵبەتە ئەم قەیران و جەنگ و ململانێیە بێ ئاسەواریش نەبوو، كە لەرزەی بە هەندێك پێكهاتەی سیاسی و ئابووری كرد، هەندێك لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیی ناو پارت و لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی گۆڕی و هەندێك بە هۆكاری ناوخۆیی هەندێكیش بە هۆكار و دەستتێوەردانی دەرەكی، چونكە بیرمان نەچێت ئەوە خۆڕاگریی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانییەكەی بوو كە توانی لەو هەموو پلان و بەربەست و ئەجندایانەی بۆی دروست كرابوون بۆ لاوازكردنی تا لەباربردنی ئەزموونەكەی، خۆی لابدات. جەنگ و ململانی لە هەرشوێن و ناوچەیەك ڕوو بدات، كاریگەری دەكاتە سەرپەیوەندی و ستراكچەرە سیاسییەكەی بە پلەی یەكەم و بە دوایدا بوارەكانی دیكەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و...هتد. ئەوەی دەبێت ئێستا قسەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە چۆن سەرلەنوێ بە پەیوەندەییە سیاسییەكان و ڕێكخستنەوەی ستراكچەرە سیاسییەكەدا بچینەوە، ئەگەرچی ڕەنگە نەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ فۆرمەكەی وەك چۆن بوو پێش ڕوداوەكانی ساڵانی ڕابردوو، بەڵام دەكرێت كار بۆئەوە بكەین كە ڕێكی بخەینەوە بەوشێوەیەی لە ئێستادا لە بەرژەوەندیی كورد و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدایە، چونكە ئێمە بمانەوێت، یان نا، چەندە هەرێمێكی سەربەخۆ و فیدڕاڵ بین، ناتوانین بە شێوەیەك كارەكانمان ڕێك بخەین كە هاوتەریب نەبێت لەگەڵ سیاسەتی ناوچەكە، یان دژ بە یەك بێت لەگەڵ هاوكێشە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتەییەكەش لە هەندێك ڕووەوە، چونكە ئارامیی ناوچەكە سەرچاوەی مانەوەی كیان و قەوارە و سەربەخۆیی ئێمەیە. ڕێكخستنەوەی ئەم پەیوەندەییە سیاسییانەش بۆ ناوخۆی هەرێم لەپێشدا و دواتر لە ئاست عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، كارێكی ئاسان نییە، چونكە بارودۆخەكە و ڕووادوەكانی ڕابردوو، زۆر شتی گۆڕی و زۆر فۆرمی نوێی لە كاردا بۆ هەندێك پارت فەراهەم كرد، كە بەداخەوە هەندێكیان جووڵەكانیان كەم تا زۆر لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی هەرێمەكەماندا نەبوو.

ئەوەی دەبێتە سەرچاوەی ئەم ڕێكخستنەوەیە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانییە، كە وەك مەرجەع و ڕابەرێكی كورد دەتوانرێت كاری لەسەر بكرێت و هەنگاوێك بێت، لانیكەم بۆ نزیكبوونەوە و هاتنەوە سەر مێزی گقتوگۆی لایەنەكان، كە بەداخەوە دووركەوتنەوە و هەندێك پەرەتەوازەیی دروست بووە، بە هۆی ئەو بارودۆخەی لە سەرەوە باسمان كرد. دواتریش كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی تەشریعیی وڵات، كە دەتوانێت زۆرشت بكاتە بڕیار و ئەمری واقع بۆ جێبەجێكردن، دەبێتە بناغەیەك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كاراكردنی ئەو لایەنانەی كە لە خەمی هەرێمەكەدان و دەیانەوێت واز لە بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەكانیان بهێنن لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و گوزەرانی خەڵكەكەدا. بۆیە بانگەشەكردن و خستنەگەڕی ڕاگەیاندن بۆ گرنگیدان و بەدەمەوەهاتنی ئەم دەستپیشخەرییەی جەنابی سەرۆك بارزانی، لەئێستادا تاكە كلیلە بۆ ئەوەی لایەنەكان بخەینەوە سەر ڕەورەوەی ئەوەی كە كار بۆ ڕێكخستنەوەی هەرێمەكە و پەیوندییە سیاسییەكان و درێژەدان بە گەشەكردنە ئابوورییەكان و تەواوی سێكتەرەكانی وڵات بكرێت.

 

Top