سەباح بەیتوڵا, “یاریدەدەری بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای دهۆك”:پێشوازی گەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەستپێشخەرییەكان سەلمێنەری باوەڕی نەگۆڕیەتی بەیەكریزی و دیالۆگی نیشتمانی

سەباح بەیتوڵا, “یاریدەدەری بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای دهۆك”:پێشوازی گەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەستپێشخەرییەكان سەلمێنەری باوەڕی نەگۆڕیەتی بەیەكریزی و دیالۆگی نیشتمانی

دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ ناوبژیوانی و نزیككردنەوەی دیدوبۆچوونەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەنگاوێكی ئەرێنییە و دەكرێت چانسی سەركەوتنی هەبێت. پارتی دیموكراتی كوردستان وەك بنەمایەكی نەگۆڕی خۆی، لە چاوپێكەوتن و گفتوگۆكانیدا هیچ كاتێك دەرگای دانوستان و لێكگەیشتنی بەڕووی هیچ لایەن و دەستپێشخەرییەكدا دانەخستووە، بەڵكو هەمیشە پێشوازی لە هەر هەوڵێك كردووە كە خزمەت بە سەقامگیریی سیاسی بكات. لەم چوارچێوەیەشدا، ئەم هەنگاوەی یەكگرتووی ئیسلامی لە لایەن سەركردایەتیی پارتییەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ كراوە.

بۆ جێبەجێكردنی ئەم مەبەستەش، پێشتر هەنگاوی پراكتیكی نراون و ئاڵوگۆڕی سەردان لە نێوان شاندی هەردوولادا ئەنجام دراوە، چ لە ڕێگەی سەردانی شاندی یەكگرتوو بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی، یان سەردانی شاندی پارتی بۆ بارەگای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.  لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخە هەستیارەدا، پێویستە و ئەركی سەرشانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستانیشە كە بێنە پێشەوە و دەستپێشخەریی هاوشێوە بكەن. چونكە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك مەترسیی جددی دەبێتەوە. پیلان و نەخشەی نەیاران بۆ لاوازكردنی پێگەی دەستووری و قەوارەی سیاسیی هەرێم زۆر ڕوون و ئاشكرایە. بۆیە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، ئەوەی لە هەمووان دەخوازرێت، تەنیا یەكڕیزی، هاوهەڵوێستی و یەكگرتووییە، چونكە ئەمە تاقە ڕێگەیە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە بەرامبەر ئەو ئاڵێنگرییانەی كە لە ئارادان.

Top