پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان . . . پێشێلكردنی ئیرادەی گەلی كوردستان و هەڵكشانی ڕق و كینەی گوتاری حزبی

پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان . . .   پێشێلكردنی ئیرادەی گەلی كوردستان و هەڵكشانی ڕق و كینەی گوتاری حزبی

 

 

ماوەی ساڵێك و هەشت مانگ و نۆ ڕۆژ كە دەكاتە «627» ڕۆژ بەسەر دوایین هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا بێجگە لە كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتارەكانی ئەم خولە، هێشتا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێراوە و یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی هێڵراوەتەوە و، هەوڵە سیاسییەكانیش بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتووەتە بنبەست و پرۆسەی سیاسیشی بە شێوەیەكی گشتی گەیاندووەتە حاڵەتی چەقبەستوویی و لەمەش زیاتر هەڵكشانی گوتار و ڕق و كینەی حزبیی تەسك گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەڕەشە لەسەر «مان و نەمانی» قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەم قەوارەیە جیا لەوەی بەرهەمی سەدان ساڵەی خوێنی شەهیدانی كوردستانە، لە هەمان كاتدا لە ئێستادا بووەتە چرای ئومێدی زیاتر لە 40 ملیۆن كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و هەندەراندا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە (2026) هەوڵەكانی بەو ئاقارە خستووەتە گەڕ، كە دەیەوێت بە ڕێگەی گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ «نەوەی نوێ» پارسەنگی كورسیی پەرلەمانی بگۆڕێت و، ڕاشكاوانە لە ئێستادا بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، كە ژمارەی كورسییەكانی هاوپەیمانیی «یەكێتی و نەوەی نوێ» بووەتە 39 كورسی و هاوتای 39 كورسییەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە زۆر ڕاشكاوانە لە میدیاكانەوە بانگەشە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی ئەزموونی شكشتخواردووی «پەنجا بە پەنجا» دەكەن.

مێژوویی ئەزموونی شكستخواردووی «پەنجا بە پەنجا» كە لەدوای ئەنجامدانی یەكەمین هەڵبژارد لە ساڵی 1992 هاتە ئاراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو تێڕوانینی زۆر زۆر جیاوازیان لەسەر ئەم ئەزموونە هەبوو، كە لێرەدا هەردوو تێڕوانینەكە دەخەینە ڕوو:

1. پارتی دیموكراتی كوردستان بەو نییەتە سیستمی حوكمڕانیی «پەنجا بە پەنجا»ی پەسەند كرد كە دوو ئامانج بۆ كوردستان بەدەست بێت:

- بۆ ئەوەی بۆ یەكەمین جار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، ببینە خاوەنی پەرلەمان و حكومەتی خۆمان و گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە لە حكومەت و پەرلەمانی خۆی بەشدار بێت و خۆی یاسا بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆی دابڕێژێت.

- بۆ ئەوەی كۆمەڵێك یاسای كوردستانی دەربچێت، پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانی بوو، حكومەتی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەجێهێشت و پەرلەمانی هەڵبژارد.

2. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەڕەشەی دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی بەدناوی ناوخۆ، سیستمی شكستخواردووی «پەنجا بە پەنجای» بەسەر پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان سەپاند بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانەی بۆ بێتەدی:

- درێژەدان بە ئەزموونی شكستخواردووی «پەنجا بە پەنجا» و مونۆپۆلكردنی حكومەت بۆ ڕێگرتن لە دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە كوردستاندا.

- بەهێزكردنی هێزی سەربازیی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی بەسەر ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان و، ئەمەش ڕاشكاوانە بەداخەوە لە ئایاری 1994 دەستی پێكرد.

ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا نەك هەڕ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵكو هێڵە سوورەكانی نەتەوە و نیشتمانی تێدا دەبەزێنرێن، بۆ ئەوەی كار بە ئاكامی پرۆسەی دەنگدان و ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەكرێت، لەمەش زیاتر بەردەوام هەوڵ و پیلانی جۆراوجۆر هەبووە بۆ شكاندنی ئەو ئیرادەیەی كە بەرگری لە دەنگ و بڕیاری گەلی كوردستان دەكات، كە ئەویش ئیرادە و پێداگریی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە.

شكستهێنانی ئەو لایەن و لایەنانەی كە هەوڵیان دەدا ئیرادەی گەلی كوردستان پێشێل بكەن و پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە هێزی دووەم، هەر لەسەرەتای ساڵی 2011 هاوكات لەگەڵ ڕاپەرینەكانی وڵاتانی عەرەبی دەستی پێكرد، ئەویش بە ڕێكخستنی ڕێپێوانێك وەك پیرۆزبایی لە خۆپیشاندانەكانی «بەهاری عەرەبی»، بەڵام ئامانجی سەرەكیی پشت ئەم ڕێپێوانە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی و دواتریش سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و گەرمیانیشی گرتەوە. ئەم ڕووداوانە لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان پێكرد كە سەرۆك وەزیرانەكەی د.بەرهەم ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەردوو هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمان لە 2005 و خولی سێیەم لە 2009، وێڕای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی سێیەم 25 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە ناو لیستی كوردستانیدا هاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، زۆر باش هەستی بە بچووك بوونەوەی قەوارەی سیاسی و جەماوەری خۆی نەدەكرد، بەڵام كاتێك لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2013 بە لیستی خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد و تەنیا 18 كورسییان بەدەست هێنا، لە بەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان 38 كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 24 كورسی، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوام بێت و لەبەر ڕۆشنایی ئیرادەی خەڵكی كوردستان حوكمڕانی پێكبهێنرێت، ئەوا هیچ ڕۆڵێكیان لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا نامێنێت.

دوای پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە سەرەتای حوزەیرانی 2014، ئەمجارەیان هەوڵەكان بەو ئاراستەیە خرانە گەڕ، كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمەش هاوپەیمانییەكی چوارقۆڵی فراكسیۆنی پەرلەمانی دروست كرا، بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە، كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەم بكرێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆوە جارێكی دیكە بكرێتەوە بە هەڵبژاردنی دوو لەسەر سێی پەرلەمانی.

ئەم هەوڵەشیان لە كۆبوونەوەی 19ی ئابی 2015ی پەرلەمانی كوردستاندا شكستی هێنا و هاوپەیمانییە چوار قۆڵییەكەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان نەیانتوانی نیسابی یاسایی دروست بكەن و نەیانتوانی ئەوەی ئامانجیان بوو جێبەجێی بكەن، پاش ئەمە ڕاستەوخۆ پەرلەمان بووە جەستەیەكی بێ ڕۆح و دیسان هەوڵەكان بۆ تێكدانی پرۆسەی سیاسی بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستی پێكردەوە، بۆیە بە ناچاری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هاوپەیمانییەی هەڵوەشاندەوە كە بۆ پكهێنانی كابینەی هەشتەم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گرێی دابوو.

 

ڕێككەوتنی دەباشانی نێوان یەكێتی و گۆڕان

نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و كارەساتی

16ی ئۆكتۆبەر

سەرۆك بارزانی، بە یاوەریی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نوێنەرانی هەر سێ لایەن «پارتی و یەكێتی و گۆڕانی» لە خۆی گرتبوو، سەردانی كۆشكی سپی كردبوو، لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا و ئیدارەی كۆشكی سپی كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕاشكاوانە بە سەرۆكی ئەمریكای ڕاگەیاندبوو «دەمانەوێت كار بۆ ئەوە بكەین هەرێمی كوردستان هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەڵبگرێت»، لە وەڵامدا سەرۆك ئۆباما پێی گوتبوو « ئەم پرسە بخەنە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و لەگەڵ جوزیف بایدن «ئەوكات جێگری سەرۆكی ئەمریكا بوو»، بیكەنە پرۆسەیەك و كاری لەسەر بكەن.

سەرنج بدەن، سەرۆك بارزانی بەم نییەت و لۆژیكەوە سەرۆكایەتی وەفدێكی كردووە كە جێگری سەرۆكی حكومەت لە یەكێتی و وەزیری پێشمەرگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوشانی خۆی لەو كۆبوونەوەیە دانیشتوون كە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە كۆشكی سپی دەخاتەڕوو، بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە میدیاكاندا، لەسەر ئاستی ناوخۆ پیلانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە ناو پەرلەماندا جووڵێنرا، سەیرەكە لەوە دابوو ئەوەندە پەلە لەم پرسە كرا، لە حوزەیرانی 2015 خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاساكە كرا و هەوڵیاندا لە 19ی ئابی 2015 خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ پەرلەمان دروست نەبوو و شكستیان هێنا.

دوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، وەزیرەكانی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوور خرانەوە، سەرەنجامیش ئەو هەوڵانە كپ كرانەوە كە ئامانجیان ئەوە بوو، لەناو گەرمەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان تێك بدەن و كودەتای بەسەردا بكەن.

لەناو ئەم بارودۆخەدا سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە بۆ ئەوەی بە هەر شێوازێك بێت شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە بەرەی كوردستانەوە بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆتایی پێبهێنێت و دووبارە دەست بە هەوڵەكانی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆم بە سەركەتوویی ئەنجام بدرێت، بەڵام لە بەرەی سلێمانییەوە هەوڵەكان چڕكرانەوە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز و یەكگرتنەوەی « گۆڕان و یەكێتی» لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی دەباشان كە لە 2016 دەستی پێكرد، ئامانجی سەرەكی لەم یەكگرتنەوەیە ئەوە بوو كە ژمارەی كورسییەكانی گۆڕان كە 24 كورسییە لەگەڵ ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی كە 18 كورسییە پێكەوە دەبنە 42 كورسی و دەبنە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان و بە ئاسانی دەتوانن ڕێگری لە پرۆسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی سەرۆك بارزانی بكەن، هەر بۆیە كاتێك سەرۆك بارزانی لە تەممووزی 2017 داوای كرد، ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دابمەزرێت بۆ ئەوەی لە 25ی ئەیلوول گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت، زۆر بە ئاشكرا و بەبێ لەبەرچاوگرتن و شەرم كردن لە بەها بەرزە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بزووتنەوەیەكیان بە ناوی «بزووتنەوەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم» دامەزراند، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە ڕێژەی 92.7% دەنگیان بە «بەڵێ» بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا و دوای دروشمی نۆكەرانی داگیركەرانی كوردستان نەكەوتن، ئەمجارە كەوتنە سازدانی پیلانێكی زۆر شەرمەزارانە، ئەویش ڕادەستكردنەوەی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو بە هێزە سەربازییەكانی عێراق و نەیانهێشت لە بەرەی كەركووكەوە هێزی پێشمەرگە بەرگری لە خاكی كوردستان بكات.

كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەڕاستی ئەنجامدانی كودەتایەكی سیاسی و سەربازی بوو بەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و شكۆ و باڵادەستیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەكەدا، زۆر بە ئاشكرا هەموو حزبە بەشداربووەكانی حكومەت بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشەوە داوای هەڵوەشانەوەی كابینەی هەشتەم و دروستكردنی حكومەتی ئینقازی نیشتمانییان دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی، جارێكی دیكە هێزی پێشمەرگە كوردستان، هێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی ڕاگرت و ناچاری كردن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن، بەمە زەمینەیەك هاتە ئاراوە كە لە سەرەتای ساڵی 2018 نێچیرڤان بارزانی (سەرۆكی ئەو كاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان) ڕایگەیاند: بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی نیسانی 2018 دەكەین و خۆشمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی هەر لەم ساڵەدا هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی 2018ی پەرلەمانی عێراق پارتی 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا و بووە یەكەم حزب لەسەر ئاستی عێراق بە تەنیا 25 كورسی بەدەست بهێنێت، لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی 2018ی پەرلەمانی كوردستانیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی لە 38 كورسیەوە بەرز بووەوە بۆ 45 كورسی.

هەردوو ئاكامی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان، جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، لە بەرانبەردا ڕكابەر و نەیارانی پارتی دیموكراتی كوردستانی بێ ئومێد كرد، كە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن قەوارەی سیاسی و جەماوەرییان بچووكتر دەبێتەوە.

 

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان

گرەوی دۆڕاو لەسەر قەوارەی هەرێم

هەڵبژاردنی 20ی تشرینی یەكەمی 2024، یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە لە دەرەوەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەرێت. ئەم هەڵبژاردنە بە یاسایەكی سەپێنراوی بەناو دادگای فیدڕاڵی بەڕێوەچوو كە هەرێمی كوردستانی لە یەك بازنە كردووە بە چوار و 11 كورسی كۆتاكانی ڕەت كردووەتەوە و دوای هەڕەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان، جارێكی دیكە بڕیار درا، لە كۆی 100 كورسیی پەرلەمان، پێنج كورسی وەك كۆتا بۆ هەردوو پێكهاتەی توركمان و كریستیانەكان جیابكرێتەوە.

سەپاندنی ئەم یاسا بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەرهەمی ئەو تانەیە بوو كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێشكەشی دادگای فیدڕاڵی كردبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی پێ ئەنجام دراوە، وەك ئەوەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی یاساكەی بەدڵی خۆی دانابێت، بەڵام بەداخەوە خەڵكی كوردستان دڵنیایان كردنەوە، چەند جاری دیكەش یاسا بنووسنەوە، قەوارەی سیاسی و جەماوەریی ئێوە هەر ئەوەندەیە و زیاتر نابێت.

ئاكامی هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمان، بە تەواوەتی سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی تا ئەو ئاستە نائومێد كرد، كە گەیشتنە ئەو قەناعەتەی مانەوە و ڕازیبوونیان بە ئاكامەكانی هەڵبژاردن بەرەو پووكانەوەی سیاسییان دەبات، بۆیە وێڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو یاسا سەپێنراوە ژمارەی كورسییەكانی لە 45 كورسییەوە دابەزی بۆ 39 كورسی، بەڵام لە بەرانبەردا ڕێژەی دەنگەكانی لە سەرووی 200 هەزار دەنگ زیادی كرد، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی دەنگ و جەماوەری لا گرنگترە، بۆیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندنی خستە سەرپشت و بواری دا كە یەكێتیی نیشتمانیی چ مەرج و پێشنیارێكی هەیە لەناو كارنامەی كابینەی دەیەم داینێت و لەمەش زیاتر حكومەتێكی هاوبەش پێكبهێنرێت و ڕەچاوی زیاتر لە 23 كورسییەكەی یەكێتی بكەن.

بێگومان لە ماوەی20 مانگی دوای هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمان هەتا ئێستاش یەكێتیی نیشتمانی لایەنی سەرەكییە لە كابینەی نۆیەم و، جێگری سەرۆكی حكومەت و تەواوی وەزیرەكانی كوتلەی وەزاریی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان نەكردووە، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەتا ئێستا پابەندە بەو ڕێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لەگەڵ یەكێتی گرێی داوە و هەوڵەكانیشی بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر هاوپەیمانییەكی تازە بگەنە ڕێككەوتن بكەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت.

ئەم واقیعەی كە هەتا ئێستا درێژەی هەیە، ئەوەمان پێدەڵێت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كابینەی نۆیەم و سەرۆك وەزیرانەكەی (مەسرور بارزانی) نییە، بە پێچەوانەوە جێگری سەرۆك وەزیران (قوباد تاڵەبانی) ڕۆژانە پۆستە كارگێڕییەكانی كوتلەی یەكێتی لە حكومەت ئاڵۆگۆڕ پێدەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە یەكێتی هیچ كێشەیەكی لەسەر كابینەی نۆیەم نییە، بەڵكو هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام نەدرێتەوە.

هاوپەیمانیی نێوان «یەكێتی و نەوەی نوێ» كە ئێستا وەك كارتێكی سیاسیی سووتاو بانگەشەی پێدەكەن و هەڕەشەی نەمانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی پێدەكەن، سەرۆكی یەكێتی پێش هەر لایەكی دیكە باش دەزانێ ئەمە گرەوكردنە لەسەر « ئەسپی دۆڕاو»، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئەوان بە كردەیی بوونە خاوەن «39» كورسی لە كۆی 100 كورسی پەرلەمانی كوردستان و، سەرۆكی «تەمەن»یش پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێیە، دەبوو هەر دوای ئەوەی ڕایانگەیاند، بوونە هاوپەیمان، بانگەشەیان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكردایە، كە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەموو فراكسیۆنەكانی دیكە ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبێت، بەڵام لوغزی ئەم هاوپەیمانییەی «یەكێتی و نەوەی نۆێ» لەوەدایە، نە هاوپەیمانیەتییەكە واژۆ دەكەن و نە ڕاشیدەگەیەنن، ئەمەش مانای ئەوەیە ترسێكیان هەیە كە فراكسیۆنەكانیان بە یەكگرتوویی نەچنە ناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستانەوە.

لەم چوار چێوەیەدا هەڕەشەكردنیان بەو ئامانجەی ئەگەر حكومەت لەسەر بنەمای «پەنجا بە پەنجا» دانەمەزرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان لەناو دەچێت، بێگومان بندێڕی ئەم هەڕەشە لەسەر بنەمای ڕق و كینەی گوتارێكی تەسكی حزبی داڕێژراوە، كە چاویان بەو قەوارە سیاسییەی كوردستان هەڵنایەت، كە ئامانجی ئەوەیە بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بێت و هاووڵاتیانی بە ئارامی و خۆشگوزەرانی بژین، ئەوجا بۆ ئەم هەڕەشە دۆڕاوەشیان ڕاستەوخۆ ئەوەیان پێدەڵێین: «قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەنیا هەرێمێك نییە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، بەڵكو پێش ئەوەی عێراق سیستمی فیدڕاڵی بۆ حوكمڕانی پێڕەو بكات، قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دامەزراوە و وەك كاراكتەرێكی خوار دەوڵەت (Sub-state) مامەڵەی لەگەڵ كراوە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی سەدان ساڵەی گەلێكە كە هەموو جۆرەكانی زۆڵم و جینۆسایدی لە دژی پیادەكراوە، بۆیە ئەم قەوارە سیاسییە بە بڕیارێك دروست نەبووە، تا بە بڕیارێك هەڵبوەشێنرێتەوە.

 

پەلەكردن لە دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی و كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی كوردستان

پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغێكی چەقبەستوویی ئەوتۆ كە زۆر ئەستەمە بتوانرێت بە ئاسانی ڕێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی نەخشە ڕێگەیەك دابنرێت و سەرلەنوێ پرۆسە سیاسییەكە ڕێك بخرێتەوە.

لە ئێستادا دوای دەستپێشخەرییەكی سەرۆك بارزانی و دوای ئەویش دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان كە لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە پێشوازی لێكراوە، بەشێكی دیكەی حزبە سیاسییەكانی دیكەش كەوتوونەتە جووڵە و هەوڵیانداوە لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەك ڕێكبخەن و چەند پێشنیارێكیان ئامادە كردووە كە دیارترینیان پەلەكردنە لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنێكی سیاسی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی و ئەندامیەتی كۆی سەرۆك حزبەكانی كوردستان، لە بەرانبەردا یەك دوو حزب بەنیازن جارێكی دیكە لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا لەسەر پەرلەمانی كوردستان تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی بە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی ئەم پەرلەمانە هەڵبوەشێتەوە و بڕیار لەسەر هەڵبژاردنێكی دیكە بدرێت، بەڵام ئەو لایەنانەی خاوەنی ئەم بیرۆكەیەن كە سكاڵا لەسەر پەرلەمان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بكەن، كەمینەن و پێناچێت لەم قۆناغەدا ئەو ئاراستەیە هیچ ئاكامێكی هەبێت.

پسپۆڕانی یاسایی كاری پەرلەمانی و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پەنابردن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە لە كوردستان ئاكامێكی ئەوتۆی نابێت و ناشبێتە نەخشەیەكی ڕێگە بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەم دووخاڵە:

1. ئەگەر بەپێی ئەو یاسا سەپێنراوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دووبارە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە، هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، لەوانەیە لایەك كورسییەك، كەم یان زیاد بكات، بەڵام هاوسەنگیی هێز لە هاوكێشە سیاسییەكەدا گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.

2. هیچ گەرەنتییەكی یاسایی و سیاسی لەم هاوكێشەیەدا بوونی نییە كە زامنی ئەوە بكات، بە شێوەیەكی جیاواز لە هەڵبژاردنی ئەمجارە مامەڵە لەگەڵ ئاكامی سندوقەكانی دەنگدان بكرێت. زۆر ڕاشكاوانە هیچ گەرەنتییەك نییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر بنەمای ئاكامەكانی سندووقی دەنگدان ئامادەباشی پیشان بدات و لەسەر بنەمای ئیرادەی گەلی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ بكات.

لەم چوارچێوەیەدا كاتێك حزبە سیاسییەكان داوا دەكەن، پەلە لە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی سیاسی بكرێتەوە، ئەوا زۆر گرنگە پێش دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە دیراسەتێكی وردی بارودۆخی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بە شێوەیەك نەخشە ڕێگەی بۆ دابنرێت، كە گرێ كوێرە سیاسییەكانی ناو پرۆسەكە بكاتەوە، لەمەش زیاتر پێویستە بەرنامەكە بەو جۆرە بێت، سەقامگیری بۆ ناو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بگێڕێتەوە.

بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كردنەوەی گرێ كوێرەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، خاڵی یەكەم دەبێت بە ددانپێدانان بەو ڕاستییە دەست پێبكەین، كە ئاكامی سندووقەكانی دەنگدان وەك خۆی كاری پێ ناكرێت و كاریشی پێ نەكراوە، لە میژووی 35 ساڵی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی شەش هەڵبژاردنی كوردستاندا، هیچ كاتێك كار بە ئاكامی دەنگدان نەكراوە، باشترین سەقامگیری لەناو پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستاندا ئەگەر هەبووبێت، لە كابینەی پێنجەم و شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە كە بەرهەمی ڕێككەوتتنامەی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ئەو دەستكەوتانەشی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵە بەدەست هاتوون، دەستكەوتی زۆر گەورە بوون و دوای هاتنە دەرەوەی تاك لایەنەی یەكێتی لە ڕێككەوتنە ستراتیژییەكە وەك دەبینین هەندێك لەو دەستكەوتانەمان لەدەست داوە.

خاڵی دووەم كە پێویستە ڕاست بكرێتەوە و وەك واقیع مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەوەیە كە هەتا ئێستا كۆی حزبە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی كە بەشی هەرە زۆریان نفووز و دەنگدەرانیان لە هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینن، بە گوتارێكی زۆر ناڕوون لەناو پرۆسەكە مامەڵە دەكەن و، كاتێك باسی پرۆسە سیاسییەكە دەكەن، هەردوو لایەن «پارتی و یەكێتی» وەك یەك ناو دەهێنن و وەك یەك ڕەخنەیان لێدەگرن و تاوانباریان دەكەن، ئەمە لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو حزبی جیاوازن و دوو دیدیگا و دوو سیاسەتی جیاواز پیادە دەكەن، بۆ ئەمەش هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و سیاسەتمەدارە دێرینەكان دەڵێن «ئەو حزبە سیاسییانەی لەو ناوچەیە نفووزیان هەیە لە ترسدا بەو شێوەیە پەیامی خۆیان ئاراستە دەكەن و ئەگەر بەو جۆرە سیاسەت نەكەن، هیچ دوور نییە یەكێتی سزایان بدات و لە زیندان توندیان بكات»، كەواتە كارێكی دیكەی ئەنجومەنی سیاسی ئەگەر دابمەزرێت، دەبێت ئەم ئەنجومەنە گەرەنتیی ئەوە دروست بكات، حزبە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر هەڵویستەكانیان سزا نەدرێن، یان بە بیانووی جۆراوجۆر لە زیندانەكان توند نەكرێن.

زامنكردنی ئەم دوو گەڕەنتییە، زەمینەیەكی باش دەبێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بێ مەرج كارا بكرێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژیرێت و پەرلەمان دەست بە كۆبوونەوە ئاساییەكانی خۆی بكاتەوە، لەمەش زیاتر مەرج نییە كاراكردنەوەی پەرلەمان گرێ بدرێتەوە بە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستا تەنیا دوو ساڵ و چەند مانگێك تەمەنی ماوە، بۆیە دەبێت كار بۆ ئەوە بكات كە لەم ماوەیەدا چەند یاسایە دووبارە پەسەند بكات، یان دووبارە هەمواریان بكاتەوە، بەتایبەتی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی، هەروەها یاسای پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

Top