د.ڤیان سلێمان ئەندامی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە تەنیا لەسەر بنەمای ویست و دەنگی ڕاستەقینەی گەل بێت
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە لێبڕاوییەوە ڕێز لە دەنگی ڕاستەقینەی جەماوەری كوردستان دەگرێت. بۆ ئێمە پرۆسەی سیاسی ڕەوتێكی نیشتمانیی ڕەسەنە كە لە ناخی دڵ و ویستی ڕاستەقینەی خەڵكەوە سەرچاوە دەگرێت و ئامانجەكەی تەنیا خزمەتكردنی هاووڵاتیانە، بۆیە پێویستە ئیرادەی گەل لە ناوەندی سەرجەم بڕیارە سیاسییەكاندا بێت. لەسەر ئەم بنەمایەش لە ساڵی ١٩٩٢دا پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و بە پاڵپشتیی لایەنگرانی، داوای سازدانی یەكەمین هەڵبژاردنی ئازادی كرد و داكۆكی لە چەسپاندنی سیستمی دیموكراسی بۆ هەرێمی كوردستان كرد. ئەم هەنگاوە مێژووییە بۆ ئەوە بوو كە جەماوەر هەمیشە بڕیاردەری سەرەكی بێت لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا و بەشدارییەكی ڕاستەقینەی لە حوكمڕانیدا هەبێت. لەسەر ئەم بنەمایه پارتی بەردەوام هەوڵ دەدات ئەو متمانە و باوەڕە گەورەیەی كە خەڵك پێی بەخشیوە، بكاتە بنەمای سەرەكی بۆ بنیاتنانی دامەزراوە نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە ڕاستیدا سازدانی هاوپەیمانیی سیاسی لە نێوان لایەنە جیاوازەكاندا، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەی كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی گرتووەتەوە، بابەتێكی گرنگە و یەكدەنگیی هێزە كوردییەكان پێویستییەكی حەتمییە، بەڵام نابێت ئەم یەكڕیزییە بە ڕادەیەك بێت كە ویستی خەڵكی كوردستان فەرامۆش بكات. نەریتێكی سیاسیی باو هەیە كە هاوپەیمانییەكان پێش پرۆسەی هەڵبژاردن پێكدەهێنرێن نەك دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، هەروەها نابێت دوای هەڵبژاردن بە شێوازێكی نادروست و هاوشێوە مامەڵە لەگەڵ لایەنی سەركەوتوو و شكستخواردوودا بكرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی كۆمەڵێك ئەزموونی مێژوویی و سیاسیی دەوڵەمەندە، ئێمە بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوین، قۆناغی هاوبەشیی (٥٠ بە ٥٠)مان تاقی كردەوە و لە دوای ساڵی ١٩٩٨ و شەڕی ناوخۆمان بەڕێ كرد و قۆناغی هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی پێكرد، كە دەورانی زێڕینی گەشەسەندنی هەرێم بوو. پێویستە ئەم ئەزموونانە بە وردی هەڵبسەنگێنرێن تا دەستكەوتەكان و كەموكورتییەكانی ڕابردوو بۆ داهاتوو دیاری بكرێن.
ئێستا كە ماوەیەكی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕیوە، هێشتا نە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە كارەكانی كردووەتەوە و، نە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم پێكهێنراوە. هۆكاری ئەم چەقبەستووییە سیاسییەش ڕوونە، هەندێك لایەن دەیانەوێت بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆیان بخەنە سەرووی دەنگ و متمانەی گەلەوە، ئەمەش بۆ ئێمە قابیلی قبووڵ نییە. چۆن دەكرێت دەنگی زۆرینەی خەڵك كە نزیكەی ملیۆنێك دەنگە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتگوێ بخرێت لە كاتێكدا ڕكابەرەكانمان دەنگی زۆر كەمتریان هەیە؟ پرسیاری ئێمە ئەوەیە: بە چ ڕەوایەتییەك دەنگی زۆرینە و ئیرادەی گەل پێشێل دەكەن؟ پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسیارێتییەكی گەورەی ئەخلاقی و مێژوویی و نیشتمانیی لەسەر شانە كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕێز لە دەنگی هاووڵاتیان و پاراستنی مافەكانیان بگرێت.
سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئێمە بە تەواوی متمانەمان بە جەماوەری وەفاداری خۆمان هەیە و هێزی ڕاستەقینەمان لەوانەوە وەردەگرین. دڵنیاین ئەگەر دە جاری دیكەش پرۆسەكە دووبارە ببێتەوە، پارتی دەنگی یەكەم و پارتی خاوەن ملیۆن دەنگ دەبێت. لایەنەكانی دیكە كە پێداگری لەسەر دواخستنی پرۆسەكە دەكەن، تەنیا موزایەدەی سیاسی دەكەن، چونكە لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆیان و سزای جەماوەر دەترسن. هەرچەندە بۆ ئێمە جێگیربوونی دیموكراسی و نەهێشتنی زەحمەتی دووبارە بە سەر هاووڵاتیاندا پێشینەیە، بەڵام ئەگەر ناچار بین، هەڵبژاردنی پێشوەختە دوا بژاردەمان دەبێت كە تێیدا ڕكابەرەكانمان زیان دەكەن. گەلی ئێمە زۆر هۆشیارە و دەزانێت كە قەوارەی هەرێم و دامەزراوەكانی، بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران بنیاد نراون، بۆیە ئامادە نین دەستبەرداری ئەم دەستكەوتە مێژووییانە ببن.
جەماوەری ئێمە ماوەی سەدەیەكە بە خوێن و خۆڕاگریی خۆی لەگەڵ ڕێبازی پارتیدایە و پارتی بە پارێزەری مافە نەتەوەییەكانی دەزانێت. سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و گوشارانەی كە لە دەرەوە و ناوخۆوە بۆ سەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست كران، تا خەڵك دژی قەوارەی هەرێم هان بدرێت، بەڵام بینیمان جەماوەری هۆشیاری كوردستان چۆن شانبەشانی سەرۆك وەزیرانی خۆڕاگر كۆڵەكەكانی حكومەتیان پاراست و ڕووبەڕووی پلانەكانی بەغدا و ئەجێندا دەرەكییەكان بوونەوە. ئەم خۆڕاگرییە گەورەیە گوزارشت لەوە دەكات كە گەلەكەمان هەمیشە پاڵپشتی حوكمڕانیی نیشتمانیی خۆیەتی. لە كۆتاییدا هەمیشە سەركەوتن بۆ میللەت دەبێت و پارتیش وەك هێزێكی ڕەسەن لە ناو گەلدا دەمێنێتەوە و لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئاسوودە، پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بەردەوام خەبات دەكات.
