سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا؛ هێمای ئیرادە و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا؛ هێمای ئیرادە و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی

(*)

لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا، کە هاوکێشە سیاسی و دارایییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا گەیشتبوونە ئاستێکی ئاڵۆز، جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی چووە بەغدا؛ سەردانێک کە ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە پاراستن و داکۆکیکردن لە ماف و ئیستحقاقە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جەختکردنەوە لەسەر بنەمای هاوبەشی، یەکسانی و پابەندبوون بە دەستوور لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا.

ئەم سەردانە تەنها سەردانێکی دیپلۆماسی و ئیداری نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی سیاسیی گرنگ بوو کە لە قۆناغێکی ئاڵۆزدا پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد؛ پەیامێک کە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەڵگرتنی ڕۆڵی سەقامگیری و هاوبەشی، بەڵام لە هەمان کاتدا هەرگیز لە مافە دەستوورییەکانی خۆی سازش ناکات و ملکەچی هیچ جۆرە گوشارێکی سیاسی و ئابووری نابێت.

لە دیدار و کۆبوونەوە فەرمییەکانی بەغدا، جەنابی مەسرور بارزانی بە زمانێکی گفتوگۆ و منطقێکی دەستووری، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەری هەموو کێشەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ، پابەندبوون بە دەستوور و ڕێزگرتن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمەوە بێت. ئەم هەڵوێستە سیاسی و بەرپرسیارانەیەش توانی پەیامێکی گرنگ ئاراستەی هەموو لایەنەکان بکات؛ کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێکی سەرەکیی هاوسەنگی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم سەردانەدا وەک دەنگی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەرکەوت؛ دەنگێک کە بانگەوازی دادپەروەری، هاوبەشیی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی بنەما دەستوورییەکان دەکرد. هەڵوێستەکانی ئەو لە بەغدا دووبارە سەلماندی کە کوردستان بە هیچ شێوەیەک لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی پاشەکشە ناکات و هەمیشە لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا داکۆکی لەو مافانە دەکات.

لە پشت ئەم هەنگاوە سیاسییەشدا ڕۆحی قوتابخانەی سیاسیی سەرۆک بارزانی بە ڕوونی دەبینرا؛ قوتابخانەیەک کە لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی هەرێم، یەکگرتوویی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان بنیات نراوە. هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا هەمیشە وەک هێزی پاراستنی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان ناسراوە.

دوای تەواوبوونی سەردانەکەی جەنابی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، وەک دەستکەوتێکی سیاسی و دەستووری هەژمار کرا؛ چونکە توانی ڕێبازێکی گفتوگۆ و هاوبەشی دووبارە بخاتە چوارچێوەی دەستوور و لە هەمان کاتدا پەیامێکی سیاسی و بەهێز ئاراستەی ئەو لایەنانە بکات کە هەوڵی لاوازکردنی پێگە و ئیرادەی هەرێمی کوردستان دەدەن، چونکە کوردستان، بە پاڵپشتیی گەلەکەی و بە هەڵوێستی بەرپرسانە و پتەوی جەنابی مەسرور بارزانی، بەردەوامە لە پاراستنی ماف و ئیستحقاقە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و بە متمانە و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر و سەربەرز هەنگاو دەنێت

 

(*)

مامۆستای زانکۆ

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا؛ هێمای ئیرادە و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی
Top