د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . سەكۆیەك بۆ دەركەوتنی شكۆی بیركردنەوەی ئازاد

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . سەكۆیەك بۆ دەركەوتنی شكۆی بیركردنەوەی ئازاد

 

 

یەكێك لەو میتۆدە تازەیەی بازنەی گفتوگۆ لە هونەری دیالۆگدا دروستی كردووە، لێك جیاكردنەوەی «گوتراو و نووسراوە»، ئەمەش بەو مانایەی میتۆدی هونەری «گوتن» وەك گوتار جیاوازە لە میتۆدی هونەری «نووسین» وەك وتار، هەر بۆیە كاتێك وتار دەبێتە گوتار یان بەپێچەوانەوە، دەبینین جۆرە لەنگییەك لە هونەری میتۆدی «گوتار و وتار»دا دروست دەبێت، كە بیسەر یان خوێنەر بە ئاسانی هەستی پێ دەكات. ئەوجا بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو میتۆدی هونەری «گوتراو و نووسراو»دا ڕابگیرێت، بازنەی گفتوگۆ بە ڕێگەی پەیجی بازنەی گفتوگۆ قسەی بەشداربووانی گفتوگۆكان وەك «گوتراو» بڵاو دەكاتەوە و لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵانیش وەك «وتاری نووسراو» بڵاوی دەكاتەوە.

خاڵی بەهێزی میتۆدی ئەم لێك جیاكردنەوەیە كە ماوەی نزیكەی چوار ساڵە بازنەی گفتوگۆ بە سەركەوتوویی پیادەی دەكات، لەوەدا خۆی بەرجەستە كردووە كە زۆر بە هۆشیاری مامەڵەی لەگەڵ ئەم میتۆدەدا كردووە و لەوە بەئاگابووە كە گوتار بەبێ گوتاربێژ نابێت بە وتار، بۆیە لە هەموو ئەڵقەكانی بازنەی گفتوگۆدا، هەوڵیان داوە بە میتۆدی هونەری «نووسین»، گوتارەكان بكەن بە وتار، بەڵام وتارەكەیان ناردووەتەوە بۆ خاوەنی گوتارەكە پاش پەسندكردنی وەك «وتار» ئینجا لە گۆڤاری گوڵان بڵاو كراوەتەوە و، ئەم میتۆدە تازەیە تایبەتمەندییەكی تازەی بە پلاتفۆرمی كراوەی بازنەی گفتوگۆ بەخشیوە، كە بەشداربووانی گفتوگۆكانی سەرسام كردووە.

گفتوگۆی ئەم جارە «عێراق. ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان» كە تێیدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق ژمارەیەك لە بەرپرس و كەسایەتیی یاسایی و سیاسی و نوێنەری حزبە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی پێكەوە كۆ كردبووەوە، جیا لەوەی گفتوگۆیەكی زۆر ڕاشكاوانە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا كرا، لە هەمان كاتدا دوای ئەوەی گوتارەكانمان بە هونەری میتۆدی نووسین بۆ كردن بە «وتار» بۆمان ناردنەوە، پرسیاری هەموویان ئەوە بوو «چۆن توانیتان بەم ئاستە بەرزە قسەكانمان دووبارە وەك وتار دابڕێژنەوە؟» بێگومان وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوە بووە كە ئەمە ئەو ئامانجەیە كە بازنەی گفتوگۆی لەپێناودا دامەزراوە.

لێرەدا من نایەمە سەر ناوەڕۆكی ئەوەی چی لەم گفتوگۆیەدا گوتراوە، لەبەر ئەوەی لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵان كە لەبەر دەستتانە، جیا لە قسەی بەشداربووانی گفتوگۆكە، ئەو وتانەش بڵاو كراوەتەوە كە لە ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ لە تەواوی هەرێمی كوردستان لە دەستەبژێر و چاودێرانی بارودۆخەكە وەرگیراون، بۆیە دێمە سەر ئەوەی چۆن «بازنەی گفتوگۆ» وەك ئۆرگانێكی فەرمیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ كۆی جیاوازییە سیاسییەكان و جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكات.

لە ماوەی ٤١ مانگی ڕابردوودا كە بازنەی گفتوگۆ دەستبەكار بووە، زۆر سەركەوتووانە و بە دروستی ئەو سیاسەتەی جێبەجێ كردووە كە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی هزر و ڕێبازی بارزانیدا پیادەی دەكات و لە چوارچێوەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، سەرۆك بارزانی ڕێبەرایەتیی دەكات و هەر خۆی ئاراستەمان دەكات و چاودێرییشمان دەكات.

ئاراستەی دروستی سەرۆك بارزانی كە ئێمە وەك نەخشەڕێگە لەسەری دەڕۆین، ئەوەیە كە جیاوازییەكانمان سەرچاوەی هێزی ئەو گەلەیە كە پێی دەگوترێت «گەلی كوردستان»، جیاوازییەكانمان لەسەر ئاستی عێراق ئەو هێزەیە كە ئەو دەوڵەتەی پێی دەگوترێت عێراق، دەكاتە نیشتمانی هاوبەش بۆ هەموومان، جیاوازییە نەتەوەیی و سیاسییەكانمان ئەو هێزەیە كە ڕێگەی زیاتر بۆ پاراستنی كوردستان دەخاتە بەردەست و، جیاوازییە ئایینییەكانمان ئەو هێزەیە كە سەرەنجام هەموومان یەك خوا دەپەرستین كە دروستكەری ئەم گەردوونەیە.

بەشداربووانی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ، وەك بەشێكی زۆر لە ئەڵقەكانی دیكە، هەموویان بە زمانی كوردی قسەیان نەدەكرد، بەڵكو بەشێكیان قسەكانیان بۆ وەردەگێڕدرا، بەڵام حەماسی گفتوگۆكە گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە كەسایەتییەكی وەك قازی ڕەحیم ئەلعگێلی بڵێت: «ئاستی گفتوگۆكە ئەوەندە بەرز و ڕاشكاوە كە من چیتر پێویستم بە وەرگێڕان نییە» و دوای گفتوگۆكەش پەیامێكی دەنگیی بە زمانی عەرەبی بۆ بازنەی گفتوگۆ ناردووە، كە تێیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە زۆر شەرەفمەند بووە كە بەشداریی لەم كۆڕبەندە نیشتمانییە كردووە.

ئەم دیمەنانە و ئەو فیدباكانەی دوای گفتوگۆكان گوێبیستی دەبین، بۆ بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن شانازییەكی گەورەیە، لە هەمان كاتیشدا پیشاندانی هێزی «هزر و ڕێبازی بارزانی»یە كە بە كردەیی ئەو وتە بەرزە دەسەلمێنێت، كە هزر و ڕێبازی بارزانی بە دروستی «گفتوگۆی ئازاد و یەكتری قبووڵكردنە».

Top