دیداری ئیستانبوڵ؛ نیشانەی پێگەی نوێی هەرێمی کوردستان

دیداری ئیستانبوڵ؛ نیشانەی پێگەی نوێی هەرێمی کوردستان

 

 

سەردانی ڕێزدار ( مه‌سرور بارزانی) سه‌رۆک وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و كابینه‌كه‌ی, ڕووداوێکی ئاساییی سیاسی نییە، بەڵکو قۆناغێکی نوێیە لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.

ئەم دیدارە نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ئێستا تەنها وەک ناوچەیەکی فیدراڵی ناوخۆی عێراق سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک هێزێکی کاریگەر و هاوسەنگ لە هاوکێشە سیاسی و ئاسایشیی ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم سەردانە ئەوەیە کە تورکیا، وەک یەکێک لە هێزە هەرێمایەتییە گەورەکان، بە ڕوونی جەخت لە گرنگیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە, ئەمە بۆ کورد واتایه‌كی قوڵی سیاسی هەیە، چونکە نیشانیدەدات کە هەرێم بووەتە بەشێکی گرنگ لە پاراستنی ئارامی و هاوسەنگیی ناوچەکە.

هەروەها، ستایشکردنی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەری ئاشتی لە ناوچەکە لەلایەن سەرۆکی تورکیاوە، پەیامێکی گرنگە بۆ هەموو لایەنە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان.

لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم سەردانە دەرگای هەلی نوێ دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان, هەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە گرێدانی ئابووری نێوان عێراق و تورکیا و تەنانەت ناوچەکەش, ئەم خاڵە واتای دروستکردنی هەلی کار، بەهێزکردنی بازار و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانە, هه‌روه‌ها بەهێزکردنی ئابووری تەنها له‌ڕووی ماددی نییە، بەڵکو پێگەی سیاسی و ئاسایشیی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەکات.

لە ڕووی ئاسایشییەوە، گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی ملمێلان بە شێوەی دیالۆگ، خاڵێکی زۆر گرنگە, کورد هەمیشە زۆرترین زیانی لە شەڕ و نائارامی بینیوە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، سوودێکی ڕاستەوخۆی بۆ گەلی کورد هەیە, پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی، نیشانەی سیاسەتێکی حەکیمانە و دوربینانەیە، ئاشتی و سەقامگیری بناغەی هەر گەشەیەکی سیاسی و ئابوورییە.

هەروەها، باسکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، نیشانەی ئەوەیە کە هیچ بڕیارێکی گرنگ لە عێراق ناتوانرێت بەبێ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت, ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ کورد، چونکە دەیسەلمێنێت هەرێمی کوردستان بووەتە هاوبەشێکی سەرەکی لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی عێراق.

ئەم سەردانەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، پەیامێکی متمانەبەخشی بۆ گەلی کورد هەیە؛ ئەوەش کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پەیوەندییە سیاسییەکان، پێگەی خۆی بپارێزێت و زیاتر بەهێزی بکات لە ناوچەیەکدا, کە زۆرجار زمانی چەک و توندوتیژی زاڵ بووە، ئەوەی هەرێمی کوردستان بە زمانی سیاسی و ئارامکارانە مامەڵە بکات، سەرکەوتنێکی گەورەیە.

ئەم دیدارە تەنها کۆبوونەوەی دوو بەرپرسی سیاسی نییە، بەڵکو نیشانەی قۆناغێکی نوێیە لە پێگەی هەرێمی کوردستان؛ قۆناغێک کە تێیدا هەرێم دەتوانێت ببێتە ناوەندی هاوکاری، ئاشتی و هاوسەنگی لە ناوچەکەدا.

دیداری ئیستانبوڵ؛ نیشانەی پێگەی نوێی هەرێمی کوردستان
Top