خوێندنەوەیەک بۆ واقیعبینیی سیاسیی بارزانی
لە زانستی سیاسەتدا، سەرکەوتن هەمیشە تێکشکانی سەربازیی نەیار نییە، بەڵکو "پووچەڵکردنەوەی ئامانجەکانی دوژمن" گەورەترین دەستکەوتە. ئاڵۆزییەکانی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ناوچەکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دووربینیی سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەر بنەمای "واقیعبینیی سیاسی" و ناسینی وردی هاوسەنگیی هێز داڕێژراوە.
١
وەک چۆن لە تیۆرییەکانی جەنگدا هاتووە، کاتێک هێرشبەر ناگاتە ئامانج، بە دۆڕاو دەژمێردرێت. هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری توندی (سەربازی، ئابووری و سیاسی) جەمسەرە هەرێمییەکاندا بووە، بەڵام ستراتیژیی "خۆڕاگری و پاراستنی قەوارە" نیشانیدا کە "مانەوە" لەناو ئەم هەموو ئاگرەدا، سەرکەوتنێکی ستراتیژییە.
بارزانی هەمیشە جەختی کردۆتەوە کە نابێت کورد هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو یەک سەبەتەوە. لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لەوەی کە دراوسێکان حەقیقەتێکی هەمیشەیین، وای کردووە هەرێم نەبێتە بەشێک لەو ململانێ نێودەوڵەتییەی کە ڕەنگە بە ئاگربەستێکی کاتی کۆتایی بێت و کورد تێیدا ببێتە قوربانی. ئەمە ئەو دیپلۆماسییەتە هاوسەنگەیە کە ڕێگری لە پوکانەوەی دەستکەوتەکان دەکات.
لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو "کەڵەگایی" هەندێک هێز و "بچووکبوونەوەی" هەندێکی تر دەچێت، سیاسەتی بارزانی هەرێمی لە بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ پاراست. ئەم واقیعبینییە وای کردووە کە ئەگەر جەنگ بوەستێت یان بەردەوام بێت، لانی کەم ژێرخان و قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت، نەک وەک ئەو لایەنانەی تەنها لەسەر "خەونی دەرەکی" گرەویان کردووە.
سیاسەتی بارزانی نیشانیدا کە بەرگری تەنها بە چەک نییە، بەڵکو بە "بێدەنگیی سیاسی و دیپلۆماسییەتی ساردیشە". لە ناوچەیەکدا کە غروری زلهێزەکان دەشکێت، گەورەترین عەقڵ ئەوەیە بزانیت کەی دەجەنگیت و کەی لە پێناو مانەوەدا دانبەخۆدا دەگریت

سەنار شێرۆكی