شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ئەم شەڕە بە ئاشتی لەسەر مێزی گفتوگۆ بە مانای هاوسەنگیی نێوان دوو لایەن كۆتایی نایەت
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كوردستان لە ناو گێژاوی شەڕێكی نەخوازراودا)، بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەتا ئێستا، بۆ یەكەمین جارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێتە لایەنێكی سەرەكیی شەڕێكی گەورە و كراوەی جیهانی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە «بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕەزامەندیی كۆنگرێس» هەبێت، هەروەها بۆ یەكەمین جاریشە ئەمریكا هەڕەشە لە هاوپەیمانیی سەربازیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەكات، كە زیاتر لە 80 ساڵە خۆی سەركردایەتیی دەكات. ئەمەش بێگومان گۆڕانكارییەكی هێندە گەورە و سەرسووڕهێنەرە كە خودی سەركردەكانی ناتۆ و دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپای تووشی شۆك كردووە و، جیهانی گەیاندووەتە ئەو قەناعەتەی ئەو بارودۆخە تازەیەی ترەمپ هێناویەتە ئاراوە، بە زانیاریی كۆن شرۆڤەی لەسەر ناكرێت.
لە كۆڕبەندی وزەی «ئەمریكا و سووریا» كە ڕۆژی 26ی مارتی 2026 لە ئامۆژگای ئەتڵەنتیك بەڕێوە چوو، تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ سووریا و لوبنان و عێراق، ئەو سەرگوزەشتەی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە كە چۆن محەمەد بن سەلمان، ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سووریای وەك میوان بردووەتە لای سەرۆك ترەمپ، هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە چۆن ترەمپ دوای دیدارەكە گوتوویەتی «ئەحمەد شەرع گەنجێكی لێهاتووە و دەبێت پشتگیری لێ بكرێت»، لەمەش زیاتر باراك باسی ئەوەی كرد هەر وڵاتێك بیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكا باش بێت، دەبێت مەرجەكانی پێشوەختە پەسند بكات.
ئەم دوو ڕووداوە ئەوەمان پێ دەڵین، ئەو شەڕەی ئێستا ئەمریكا و ئیسرائیل دەستیان پێكردووە و لێكەوتە سەربازییەكانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و لێكەوتە ئابوورییەكانی سەرانسەری جیهانی گرتووەتەوە، هەموو ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەم شەڕە بە ئاشتی لەسەر مێزی گفتوگۆ بە مانای هاوسەنگیی نێوان دوو لایەن كۆتایی نایەت، هەروەها بە هاوشێوەی شكستی ڤێتنامیش كۆتایی نایەت، كە ئەمریكا دۆڕانی خۆی ڕابگەیەنێت و بكشێتەوە، بەڵكو وەك جی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، ستیف ویتكۆف سەرۆكی تیمی دانوستاندن لەگەڵ ئێران، بە ئاشكرا و ڕاشكاوانە جەختی لەسەر دەكەنەوە و دەڵێن «هێز بەكار دەهێنین بۆ ئەوەی مل بدەن و بێنە سەر مێزی دانوستاندن» كە ئەمەش ئەگەرێكی قورسە و بە هەڵكردنی ئاڵای سپی لە قەڵەم دەدرێت.
لەناو ئەم واقیعەدا، كوردستان بەگشتی و هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لە عێراقدا، كەوتووەتە ناو ئەم شەڕە نەخوازراوە و، وەك دەبینین ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەردەوام بووینەتە ئامانجی ڕۆكێتی بالیستیی ئێران و مووشەك و درۆنە خۆكوژەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی، لە بەرانبەریشدا جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاشكاوانە بە هەموو جیهانیان ڕاگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە و نابێتە بەشێك لەم شەڕە سەپاوەی كە یەخەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی گرتووە، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئاستی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران هەتا ئێستا ڕێز لەم بێلایەنییەی هەرێمی كوردستان نەگیراوە.
گرفتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هەتا ئێستا «بەناو» هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام وەك فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ڕاشكاوانە لە نامەكەیدا بە ناونیشانی «ڕاگەیاندنی باری جەنگ لە ڕووی دەستوورەوە» ئاماژەی پێ كردووە، عێراق وەك دەوڵەت بەبێ ڕێوشوێنە دەستوورییەكان هەتا ئێستا «بڕیاری شەڕ»ی ڕانەگەیاندووە، بەڵام میلیشیا و هێزەكانی حەشدی شەعبی بڕیاری جەنگیان ڕاگەیاندووە و عێراقیان كردووەتە بەشێك لە شەڕەكە، ئەم پەیامە ترسناكەی زێدان ڕاشكاوانە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە، ئێستا بە كردەیی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق (سەرۆكایەتیی كۆمار، سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران) سڕ كراون و بڕیاری چارەنووسساز بە دەستی میلیشیاكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و هێزەكانی حەشدی شەعبییە و ئەوان بڕیاریان داوە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ببێتە بەشێك لەم شەڕە نەخوازراوە، بە كردەییش ڕۆژانە هێرشمان دەكەنە سەر و شەڕمان پێ دەفرۆشن.
ئەوجا، هەروەك چۆن جەنابی سەرۆك بارزانی دەڵێت: «هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە تەلەفۆن و دەركردنی بەیاننامە، پاساو نادرێنەوە»، ئەوا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش، بەهێزكردنی هەڵوێستی بێلایەنی لەم شەڕەدا بە بەیاننامە، یان دووبارە كردنەوەی «ئێمە بێلایەنین و شەڕی ئێمە نییە» پاساو نادرێتەوە، بەڵكو پێویستی بەوەیە كە كۆی حزبە سیاسییەكان و كۆی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نەخشەیەكی ڕێگە دابڕێژن، بۆ ئەوەی پێكەوە بەرگری لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەین، كە لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەم:
• چۆن شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بە سەرماندا سەپێندرا و ناچار بووین بەرگری لە بوونی خۆمان بكەین، ئەوا ئێستاش ڕۆژانە گوێبیستی میلیشیاكانی بەرەی مقاوەمی ئیسلامی دەبین، كە چۆن هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ ئەمە پێویستمان بەوەیە كۆی حزبە كوردستانییەكان بە پەلە لەژێر چەتری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا كۆببنەوە و بە یەك دەنگ پشتگیری لە هەڵوێستی بێلایەنی و بەرگریكردن لە بێلایەنیی هەرێمی كوردستان بكەنەوە.
• لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دوای بەرگریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری كردین، بۆ ئێستاش گرنگە هەموو هەوڵە دیپلۆماتییەكان بخرێنە گەڕ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا، مەترسیی ئەم شەڕەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بۆ ڕوون بكرێتەوە.
• ئێمە باس لە شەڕێكی نەخوازراو و ئەگەری بەرگریكردن لە هەڵوێستی بێلایەنیی هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆیە ئەم بارودۆخە فەرزی دەكات كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك یەك هێزی نیشتمانیی یەكگرتوو لە چوارچێوەی فەرمان و بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، پابەندی بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت و یەك فەرمان جێبەجێ بكرێت.
لە دوماهیدا جەخت لەوە دەكەمەوە گرنگە هەموولایەك بە بێلایەنییەوە پابەند بین، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە هەموو لایەكیشمان پێكەوە بەرگری لە هەڵوێستی بێلایەنیی هەرێمی كوردستان بكەین.
